دکتۆر ساماڵ بازیانی: بوونی ئۆجەلان لە زیندان کارێکی نایاسایی و نامرۆڤایەتییە
دکتۆر ساماڵ بازیانی مامۆستای ئاینی و چالاکوان: "پێویستە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و بەشەرەف لە کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان بەشداربێت".
دکتۆر ساماڵ بازیانی مامۆستای ئاینی و چالاکوان: "پێویستە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و بەشەرەف لە کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان بەشداربێت".
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، لەگەڵ دکتۆر ساماڵ بازیانی مامۆستای ئاینی و چالاکوان و کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە گرنگی بەشداربوونی گەل و تەواوی ئازادیخوازان لە کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان و داواکردنی شکاندنی گۆشەگیری و سەر ڕێبەری گەلی کورد، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
لەبەر داکۆکی کردن لە نەتەوەکەی ئۆجەلان ستەمی لێدەکرێت
دکتۆر ساماڵ بازیانی سەبارەت بە گۆشەگیری و زیندانی کردنی ڕێبەر ئۆجەلان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو مامۆستایانی ئاینی بەردەوام پاڵپشتی کەسانی ستەم لێکراوین، بەڕێز ئۆجەلان کوردێکی ستەم لێکراوە لەبەرئەوەی داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی خۆی کردووە، ئەوانەی بوونە هۆی دەستگیرکردنی بەڕێز ئۆجەلان هیچ لە ئۆجەلان باشترنین بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، ئەوانە کەسانێکن کە ناکۆکن لەگەڵ دۆز و کەیس و مێژووی ئێمەی کورد".
بەردەوام واژوومان کۆکردۆتەوە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان
هەروەها دکتۆر ساماڵ بازیانی سەبارەت بە زیندانی کردنی ڕێبەر ئۆجەلان بەشێوەیەکی نایاسایی و نا مرۆڤایەتی، ووتی: "ئێمە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو بە بەردەوام واژوومان کۆکردۆتەوە بۆئەوەی بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت، وە پێشمان وایە بەردەوام بوونی ئۆجەلان لە زیندان کارێکی نایاسایی و نامرۆڤایەتییە و تەنانەت لەلایەنی ئاینیەوەش جێگای قەبووڵ کردن نیە، چونکە هیچ کاتێک جێگای قەبوول نیە مرۆڤ لەسەر بۆچوونی سیاسی سزابدرێت و زیندانی بکرێت".
دەنگمان دەکەینە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای ئازادی ئۆجەلان دەکەن
سەبارەت بە هەڵوێستیان وەکو مامۆستایەکی ئاینی ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "دەنگمان دەکەینە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای ئازادی بەڕێز ئۆجەلان دەکەن کە لە شار و ووڵاتەکەی ئازاد بێت کاری سیاسی خۆی لەگەڵ نەتەوەکەی ئەنجام بدات".
سەبارەت بە گرنگی داکۆکی و خاوەنداری کردنی کورد لە سەرکردەیەکی وەکو ڕێبەر ئۆجەلان، ئەو مامۆستا ئاینینە جەختی کردەوە کە: "ئێمەی کورد وەکو هەموو نەتەوەیەکی جیهان مافی خۆمانە خاوەنداری لە سەرکردەکانی خۆمان بکەین لەگەڵ ئەوەی ئەگەر جیاوازی بیروباوەڕی ئایدلۆژیمان هەبێت بەڵام لە بابەتە گشتییەکان ئێمە یەکین کە گەلی کورد گەلێکی ستەملێکراو و دەبێت قەوارەیەکی خۆی هەبێت، جا هەر کەسێک لەپێناو ئەو دۆزە ڕەوایەی گەلی کورد کاربکات ئەگەر ئایدلۆژیاشمان جیاوازبێت بەڵام ئەو خاڵەی کە کۆماندەکاتەوە کوردستانی گەورەیە".
پێویستە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و بەشەرەف بەشداربێت لەو کەمپینە
لە درێژەی قسەکانیدا دکتۆر ساماڵ بازیانی سەبارەت بە کەمپینی ئازادی ئۆجەلان ووتی: "پێویستە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و بەشەرەف لەو کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان کارا بێت و بەشداربێت و ئەوەی توانای هەیە پیویستە درێخی نەکات".