دەم پارتی: لە دژی دەسەڵات دەبێت هەڵوێستمان هەبێت

دەم پارتی هێرشی سەر ئەندامانی کۆنگرەی گەنجانی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، "داوا لە هەموان دەکەین کە دژی سیاسەتی شەڕ و مردن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە برەوی پێدەدرێت هەڵوێست بگرنەبەر".

دەستەی بەڕێوەبەری دەم پارتی رایگەیاند، دوێنێ لە ئامەد ئەنجومەنی گەنجانی پارتەکەیان یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەست. ماوەی چەند مانگە بۆ رێگری لە بەستنی ئەو کۆنگرەیە بە هەموو جۆرێک گوشار خراوەتە سەرگەنجان، هەر لە دەستبەسەرکردن، زیندانی کردن و رفاندنەوە تا هەموو جۆرە رێگرییەک. "سەرباری هەموو ئەو هێرش و رێگریانە بە هەزاران هاورێی گەنج بەشداری کۆنگرەی ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی بوون و کۆنگرەکە گۆڕدراوە بۆ کۆنگرەی بڕیارداری و ئاشتی".

بە ئەشکەنجە دەستبەسەرکران

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کۆنگرەکە لەلایەن هەندێک لایەنی تاریکەوە کراوەتە ئامانج، لە سەر فەرمانی وەزیری داد لێپرسینەوە دەستیپێکراوە و هێزەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵات هێرشیان کردووەتە سەر هاوڕێ گەنجەکانمان و لە سەر شەقام ئەشکەنجەیان داون و لانیکەم ٦٠ هاورێمان بە ئەشکەنجە و لێدان دەستبەسەر کراون".

راشیگەیاندووە: "ئێمە ئەو توندوتیژی و ئەشکەنجەدانە بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشە پلانبۆداڕێژراوانە تۆقاندنی ئەو کەسانەیە کە پێداگری لەسەر چارەسەر پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک و ئاشتیانە دەکەن".

'دەسەڵات پەرە بە شەڕ و مردن دەدات'

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، " داوا لە هەموان دەکەین کە لە دژی ئەم کردەوانەی دەسەڵات، کە پەرە بە شەڕ و مردن دەدات بوەستنەوە و هەڵوێستیان هەبێت. دەبێت هاوڕێیانی گەنجمان دەستبەجێ ئازاد بکرێن. دەبێت دەسەڵاتیش ئەوە لە بیر نەکات کە تێچووەکەی چی دەبێت با ببێت، ئێمە لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لەم وڵاتە و چارەسەری پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین. رێگری لە کوشتن دەگرین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین".

هـ . ب