دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات

بە بەشداری ڕێژەی ٧٠،٢٨٪ی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات.

ئەمڕۆ شەممە ١٦ى کانوونى یەکەم دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو بۆ دەنگدانى تایبەت و لە شاری کەرکوکدا زیاتر لە ٥٧ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە.

عەبدولباست دەروێش وتەبێژی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "لەکۆی ڕێژەی دەنگدەرانی تایبەت ٤٠هەزار ٢٩٤کەس دەنگیدان داوە، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ٧٠،٢٨٪ ".

هەروەها ناوبراو وتیشی: "لە هەندێک بنکە و ناوەندی دەنگدان سکاڵا هەبووە لە بواری کێشەی تەکنیکیدا بەڵام ئێمە وەکو کۆمیسۆن لەکاتی خۆیدا کێشەکانمان چارەسەر کردووە".

ئەو وتەبێژەی کۆمیسۆن دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تایبەت ڕایگەیاند: "لەئیستادا ئێمە بە فەرمی هیچ ئەنجامێک بڵاوناکەینەوە بەڵکو هەموو ئەنجامەکان لەگەڵ دەنگدانی گشتیدا لە کۆتایی پرۆسەکە بڵاودەکرێتەوە".

دەربارەی ڕەوشی ئەمنی لیوا کاوە غەریب بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕایگەیاند: "پرۆسەکە بەگشتی لەچوارچێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو وە هیچ گرفتێکی ئەمنی نەهاتە پێش وە بەهیواین لە دەنگدانی گشتیدا هاووڵاتیان بەشیوەیەکی بەرچاو ڕووبکەنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن".

هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە شاری کەرکوک هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە توانیویەتی دەنگی یەکەم بەدەست بهێنێت لە کۆی لیستەکان. 

وە بڕیارە ١٨ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى ١٥ پارێزگاى عێراق بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى ١٠ ساڵ لە ١٤ پارێزگا و یەکەمجاریشە لە دواى ١٨ ساڵ لە کەرکوک ئەنجامبدرێت.

بڕیارە دەنگدەرانی کەرکوک لە ٥٦٥ بنکە دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش ٢٣٦٧ وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، جێگای باسە کورد لە تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان بەشدارە، وە لە کەرکوک ١٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە، کورد لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا بە لیست و کاندیدی جیا بەشدارن.