سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوور، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسای و هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی شەش ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕاوە.
پێشتر ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەو مامەڵەیەی پەدەکەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە و داوای کردبوو دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکە ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، جەختیشیکردبووەوە، سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە.
هەر لەبارەی بێسەروشوێنکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە د. ئەرادە جبوری، بەرپرس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، كە هەواڵسازی بەشی عەرەبییە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز ئیدانە دەكەین، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەنووسی ئاشكرا بكەن.
ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەوڵەكان بۆ بێدەنگ كردن و ڕاوەدوونانی ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و دەروازە سنوورییەكانی ژێر دەسەڵاتی پەدەكە زیادی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد سیستماتیك و نایاساییە.
ھاوکات سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشكرا بكات.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەنتەری میترۆدا داواش کرابوو، "ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بە سەلامەتی بگەڕێتەوە شوێنی کارەکەی".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپاردووە بە مەبەستى بەدواداچوونی كەیسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە.
رفاندن و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەکاتێکدایە ماوەی چەند ساڵێکە پەدەکە گوشارەکانی بۆ سەر رۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان لە هەولێر و دهۆک چڕتر کردووەتەوە و چەندین رۆژنامەنووس و چالاکوان تائێستاش لە زینداندان و بەشێکیان دوای ئازادبوون ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن.