گردبوونەوەی هەڵمەتی مێژوویی ئازادی لە کۆڵن - رووماڵی راستەوخۆ

لەو خۆپیشاندانە مێژووییەی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لەپێناو ئازادیی رێبەر ئاپۆ سازدەکرێت، کوردستانیان و دۆستانیان کۆدەبنەوە و تادێت ژمارەیەکی زیاتر دەگەنە گۆڕەپانی چالاکییەکە.

٢٠:١٥

کۆبوونەوەی سەدان هەزار کەسی لە کۆڵن لە گۆڕەپانی گردبوونەوەکە بە گۆرانی دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی و بەرخۆدان کۆتایی هات.

کۆبوونەوەی سەدان هەزار کەسی لە کۆڵن بە گۆرانی دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی و بەرخۆدان بەردەوامە.

لەسەر ناوی بزووتنەوەی ئازادیی تامیل ساژانتان کیتیسواران قسەی کرد.

٢٠:٠٠

ساژانتان گوتی: "ئەمڕۆ بۆ ئازادی بیرمەند و شۆڕشگێڕ و گەریلا و سیاسەتمەدار و فەیلەسووفێکی مەزن کۆبووینەتەوە بۆیە کەیفخۆش و سەربەرزین. ئەوەی باسی دەکەین دامەزرێنەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان یان ڕێبەر ئاپۆیە.

تەنها ناوی عەبدوڵا ئۆجالان بەسە تا ترس بخاتە دڵی بەرپرسانی دەوڵەت ئیمپریالیستەکان. بۆیە هەوڵی قەدەغەکردنی ناویشی دەدەن. بەڵام ئێمە سەر نەوی ناکەین، بە پێچەوانەوە، پێکەوە داوای ئازادیی ئەم مرۆڤە مەزنە دەکەین".

هەروەها جەختی کردەوە لەم قۆناغەدا کە گەلان بۆ ئازادییان تێدەکۆشن، ڕێبەر ئاپۆ کەسێتییەکی گرنگە و ڕێگەی ئاشییەکی دادپەروەر بە ئیمراڵییدا تێدەپەڕێت.

ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەڵمانی گرت کە هاوکارە لە سیاسەتی قڕکردنی کورد، گوتی: "لەگەڵ ئێوە داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین! داوای ئازادی هەموو زیندانیان سیاسی لە کوردستان و تامیل ئەیلام و تەواوی جیهان دەکەین! داوای مافی چارەنووسی هەموو گەل و مرۆڤەکان دەکەین! دژی فاشیزم و ئیمپریالیزم! بۆ جیهانێکی هەمەڕەنگ و جۆربەجۆر!".

٧:٥٥

پاش وتەی عومەر ئۆجالان، نوێنەری بلۆکی نێونەتەوەیی قسەی کرد

لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد پەکەکە ٩ جار تاک لایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، ڕێبەر ئاپۆش سەرەڕای گۆشەگیری ٢٦ ساڵە هێشتا چارەسەر لە دیالۆگ و دیموکراسییدا دەبینێت، چارەسەرێک بتوانێت یەکێتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین مسۆگەر بکات.

ئاماژەی بەوە کرد هەرچەند تورکیا باسی ئاشتی دەکات کەچی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە هێرشی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و باشووری کوردستان زیاتر کردووە، دەیەوێت ماف و ژیانی گەل بە تەواوی لەناوببات.

هەروەها تیشکی خستەسەر دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و بەرخۆدانی گەلی کورد دژی ئەم کودەتایە. گوتی: "داوای ئاشتی تورکیا بێجگە لە دووڕوویی هیچی تر نییە. کاتێک گەنجان ئەشکەنجە دەدەن و مرۆڤ دەگرن و گوندەکان بۆردوومان دەکەن، کامە ئاشتی؟ ئێمە ئاشتییەکی دادپەروەرمان دەوێت. تاوەکو ئۆجالان ڕێگە بۆ ئەم ئاشتییە بکاتەوە، دەبێت گۆشەگیریی کۆتایی بێت. ئەوکات دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت. بۆیە داوای ئازادی جەستەیی ئۆجالان دەکەین و داوای چارەسەر بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین".

جەختی کردەوە وەک چەپەکانی ئەڵمانیا دژی ئیمپریالیزمی ئەڵمانی و پیشەسازی شەڕی ئەڵمانی تێدەکۆشن، ئەڵمانیا دەیان ساڵە بە ناردنی چەک پشتگیری لە سیاسەتی قڕکەری تورکیا دەکات، کۆمپانیاکانی چەک سود لە داگیرکاری کوردستان وەردەگرن. ئیمپریالیزمی ئەڵمانی لەڕێگەی برایەتیی چەکەوە لەگەڵ تورکیا، دەیەوێت هەژموونی جیهانی فراوان بکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا بۆ دیپۆرتکردنەوە لە سودی ئەردۆگانە، چونکە ئەوانەی دیپۆرت دەکرێنەوە کوردە سیاسییەکانن، ئەڵمانیا دەیەوێت ئەمانە ڕادەستی دەوڵەتی تورک بکات، وەڵامی ئێمەش دژی ئەمە بەرخۆدانە.

لەکۆتاییدا گوتی: "ئێمە دەبینین، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین _ لە چیاوە تا کۆبانێ_ بەرخۆدان بەردەوامە.

کەواتە بڕووخێ فاشیزم. بڕووخێت ئیمپریالیزم!

بژی شۆڕشی کۆمەڵایەتی!

بژی بەرخۆدانی گەریلا!

ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

بژی یەکێتی نەتەوەیی!".

١٨:٢٥

پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان کە لەم چەند ڕۆژەی دوایی دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، لە چالاکییەکەی کۆڵن قسەی کرد.

عومەر ئۆجالان سڵاوی ڕێبەر ئاپۆی گەیاند بە کوردستانیان و دۆستەکانیان، بە جۆشێکی مەزنەوە پێشوازی لێ کرا.

١٨:١٥

وتەکانی زوبەیدە زومروت و ئەنگین سەڤەر و ئایدن کاپلان:

زوبەیدە زومروت سڵاوی لە گەنجان و ژنان و بەرخۆدەرانی چیا و هەموو ئەو کەسانە کرد پشتگیریان لە چالاکییەکە کردووە، گوتی: "با جیهان ببینێت، لێرە هەزاران کەس بە یەک دەنگ ئەم پەیامە دەدەنە هێزە نێونەتەوەییەکان: "ئیرادەم لە ئیمراڵی بەدیلگیراوە. تا ئازادیی جەستەیی لە گۆڕەپانەکان دەبم".

زوبەیدە زومروت ڕایگەیاند پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا گوێ لەم گۆڕەپانە بگرن، گوتی: "گەلی کورد بە ئاشکرا دەڵێت: "ئەگەر چارەسەرێک هەبێت، تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ دێتەدی. ئەگەر ڕێبەرێتی نەبێت، چارەسەر نایەتەدی". ڕێبەر ئاپۆ ٢٦ ساڵە لە زیندانە. تا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد، تێکۆشان بەردەوام دەبێت. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەلانە، بژی ڕێبەر ئاپۆ".

ئەنگین سەڤەر: ئەوانەی ٢٦ ساڵە پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، با ئەم قەرەباڵغییە ببینن. لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبینەوە و هاوار بۆ ئازادیی وی دەکەین. هەموو ڕێکخستنەکانمان لە چوارپارچەی کوردستان و ئێمەش وەک کەجەدەکە_ئە لە ئەوروپا دیسان ڕامانگەیاند: ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی هەموومانە و هەموومان پێکەوە دەبەستێت. ئێمە لە مانگی تشرینی دووەمداین، بۆ گەلی کورد مانگی ژیانەوەیە".

"هەموومان لەپشتی ڕێبەرمانین"

ئایدن کاپلان: ئەمڕۆ لێرەین و دەمانەوێت بانگەواز لە دەوڵەتی ئەڵمان و دەوڵەتانی ئەوروپا بکەین: ئازادی ئۆجالانمان دەوێت... دەمەوێت ئەمە بە ناوی جەماوەرەوە بڵێم: بانگەواز لە سی پی تی و هێزە نێونەتەوەییە پیلانگێڕەکان و هەموو وڵاتانی ئەوروپا دەکەین: هەموومان لەپشتی ڕێبەرمانین!

"چارەسەر عەبدوڵا ئۆجالانە"

٢٦ ساڵە ڕێبەرمان لە گۆشەگیرییەکی سەختدایە. ڕێکخراوەکانی ئەوروپاش لەم گۆشەگییرییە سەختە بەرپرسن. ٣٠ ساڵە ئەڵمانیا قەدەغە لەسەر پەکەکە دەسەپێنێت؛ بەم قەدەغانە کە ناسنامە و زمانمان دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت فشار لە گەلی کورد بکەن. بەڵام گەل داوای ئازادیی دەکات و ناونیشانی چارەسەری ڕاستەخۆ دەستنیشان دەکات: چارەسەر عەبدوڵا ئۆجالانە!.

١٧:٥٥

لە چالاکییەکەی کۆڵندا هاوسەرۆکی کەنەکە ئەحمەد کاراموس دەدوێت. 

١٧:٤٥

لە چالاکییەکەی کۆڵن پەیامی نووسراوی کۆردیناسیۆنی کەژەکە خوێنرایەوە.

کەژەکە گوتی: "ئێستە کاتی ئەوەیە تێکۆشانی ناکۆتای گەلەکەمان و شەهیدانمان بۆ کوردستانی ئازاد و رێبەرێتی ئازاد بگاتە سەرکەوتن.

بۆیە مێژوو لە هەمووکات زیاتر ، تێکۆشان و خەبات و ڕێکخستن و چالاکی و پێشەنگی لە ئێمە دەخوازێت. باوەڕمان وایە ئەو بەهای هەبوون و تێکۆشانەی تا ئێستە بەڕێوەتان بردووە، فراوانتری دەکەن". 

١٧:٣٥

هاوسەرۆکانی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت و ئەنگین سەڤەر و نوێنەری تەژەکە_ئە قسەیان کرد.

١٧:٣٠

گردبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی شۆڕشی کوردستان و جیهان و خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد.

١٦:٥٠

لە ڕێپێوانی کۆڵن بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، کاروانی ڕێپێوانەکە گەیشتە گۆڕەپانی گردبوونەوەکە. کاتێک سەرەتای کاروانەکە گەیشتە گۆڕەپانەکە، کۆتاییەکەی هێشتا لەسەر پردی سەڤەرن بوو. پاش ئەوەی هەموو کاروانەکە دەگاتە گۆڕەپانی گردبوونەوەکە، بەرنامەکە دەست پێ دەکات. 

١٦:٣٥

ڕیزی ڕێپێوانەکە لە پردێکەوە گەیشتە پردێکی تر. بەهۆی قەرەباڵەغی زۆرەوە، پردی سەڤەرن لەرزی، بۆیە پۆلیسی ئەڵمان ڕیزەکەی کردە ٣ بەش و تێپەڕبوونەکە بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو بەڕێوەدەبات.

١٥:٥٥

هێشتا ریزی رێپێوانەکە بەسەر پردی سەڤەرندا تێپەڕدەبێت و درێژیی رێپێوانەکە دەگاتە چەند کیلۆمەترێک.

١٥:٤٤

چەند وێنەیەک لە رێپێوانی گەورەی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ'

١٥:٢٠

ئینترناسیۆناڵیستەکان داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ دەکەن

 

١٤:٥٥

سەرەتای رێپێوانەکە پرسی سەرڤەرینی تێپەڕاند. بەڵام تائێستاش لە گۆڕەپانەکە پۆل پۆل کوردستانیان بەشداری لە رێپێوانەکە دەکەن. چالاکوانان بە یەکدەنگ دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەڵێنەوە.

١٤:٣٥

درێژایی رێپێوانەکە ١،٥ کیلۆمەتری تێپەڕاند

ریزی رێپێوانەکە کە لەپێناو ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت، ١،٥ کیکۆمەتری تێپەڕاند. سەرباری ئەوەی ماوەی ٤٥ خولەکە رێپێوانەکە دەستیپێکردووە، هێشتاش ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان چاوەڕێن بچنە ریزی رێپێوانەکەوە.

ئینتر ناسیۆناڵیستەکانیش بە وتنەوە دروشم رێدەپێون

ئینترناسیۆناڵیستەکان بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد و لە سەر پلاکاردێک نوسیویانە " سڵاوەکەی رێبەر رووناکی تێکۆشانی ژنان"، "پستیوانی بۆ رۆژئاوا، دەبێت پەلامارەکانی دەوڵەت تورک رابگیرێن"، بەو پلاکاردەوە رێپێوان دەکەن. چالاکوانان بێ پسانەوە دروشمی پشتیوانی لە دۆزی کورد دەڵێنەوە.

١٤:٣٢

رێپێوانێکەی کۆڵن بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوامە

١٤:٣٠

١٤:٢٨

کۆتایی ریزی رێپێوانەکەی کۆڵن دیار نییە.

١٤:٢٥

لە کۆڵن چالاکوانان دەستیان بە رێپێوان کرد.

١٤:١٥

چەند پەیامێک لە گۆڕەپانەکەوە...

١٤:١٠

گۆڕەپانی دیتزەر وێرفت کە خۆپیشاندانی گەورە لە پێناو رێبەر ئاپۆ لەوێدا بەڕێوەدەجێت پڕ بووە. لە گۆڕەپانەکەدا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەنگ دەداتەوە.

١٤:٠٥

لە کۆڵن رێپێوانی گەورە دەستپێدەکات

چالاکوانان لەپێناو ئازادیی رێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە، دەستیان بە رێپێوان کرد. بەشداربووانی رێپێوانەکە ئەو پانکارد ولافیتانەیان بەرزکردووەتەوە کە لەسەریان داواکارییەکان بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ نوسراون.

١٣:٣٨

دەستەی چاودێری  ورێکخستنی رێپێوان پێکدەهێندرێت و تا چەند خولەکی دیکە رێپێوانی گەورەی کۆڵن دەستپێدەکات.

١٣:٢٧

بریارە دوای کۆبوونەوە لە گۆڕەپانی دۆتزەر وێرفت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کە ماوەی چەند هەفتەیەکە ئامادەکاری بۆدەکرێت، بۆ مەودای نزیکەی سێ کیلۆمەتر رێپێوانێک ئەنجام بدرێت و جارێکی دیکە لە هەمان گۆڕەپان گردبوونەوەی گەورە بەڕێوەبچێت.

لەبەرەبەیانی زووەوە کوردستانیان و دۆستانیان پۆل پۆل لە شار و وڵاتانی نزیک و دوورەوە دەگەنە گۆڕەپانەکە و بە جلوبەرگی نەتەوەیی، بەرزکردنەوەی ئاڵا و لۆگۆکانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و بە وتنەوەی دروشم و هەلهەلە و بە گێڕانی هەڵپەڕکێ خۆیان بۆ دەستپێکردنی رێپێوانەکە ئامادە دەکەن.

١٣:١٤

کوردستانیان بەردەوامن لە رۆیشتن بەرەو کۆڵن

سات بە سات ژمارەیەکی زۆر لە کۆردستانیان دەگەنە گۆڕەپانی گردبوونەوەی کۆڵن و لە چاوەڕوانی دەستپێکردنی رێپێوانی مەزن، بێ وچان دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەڵێنەوە.

١٢:٥٠

لە چوار لای ئەوروپاوە کوردستانیان و دۆستانیان بەو پاسانەی ئامادەکراون و یاخود بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان روودەکەنە گۆڕەپانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەورەی کۆڵن و لەگەڵ گەیشتنیان بە گۆڕەپانەکە بە خرۆشێکی بێ وێنەوە بێ پسانەوە لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا دروشم دەڵێنەوە و چاوەڕێی دەستپێکردنی رێپێوانی گەورە دەکەن..

١٢:٤٥

تادێت ژمارەی ئەو گەنجانەی دەگەنە گۆڕەپانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەورەی کۆڵن زیاتر دەبێت و بە هەڵپەڕکێ و دروشم وتنەوە کەشێکی پڕ جۆش و خرۆش باڵی بەسەر گۆڕەپانەکەدا کێشاوە.

١٢:٣٥

جۆش و خرۆشی هەڵمەتی ئازادی گۆڕەپانی گردبوونەوە گەورەکەی کۆڵنی تەیوەتەوە.

١٢:٢٠

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکی گەورە ئەنجام دەدرێت.

بەمەبەستی بەشداری لە چالاکیەکە لە چوارلای ئەوروپاوە کوردستانیان و دۆستانیان کۆدەبنەوە. چالاکیەکە لە گۆڕەپانی دیتوزەر وێرفت کۆدەبنەوە. دوای کۆبوونەوە، چالاکوان دەست بە رێپێوان دەکەن و دواتر لە هەمان گۆڕەپان گردبوونەوەی گەورە ساز دەکەن.

١٠:٣٨