ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ١٠ی تەموزی ٢٠٢٢دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەرمی سەربازێکی سوپای تورکی داگیرکەر لە دەستی هێزەکانیاندایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"پشتڕاستکراوەتەوە، ئەو سەربازەی لە ٧ی تەمووزی ٢٠٢٢دا کوژراوە، تەرمەکەی لە دەستی هێزەکانماندایە و ئەو سەربازە ناوی ناجی کایگسزە. ئەوە ڕوون بوویەوە، کە ئەو سەربازە لە هێزە تایبەتەکانی تورکیا بووە و کوژرانەکەی لە ڕای گشتی شاردراوەتەوە.
ئێمە پێشتر ئەوەمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردبووە، ئەوانەی ئەو سەربازانە بۆ داگیرکاریی ڕەوانەی کوردستان دەکەن خاوەنداری لە تەرمەکانیان ناکەن، بۆیە داوا لە بنەماڵەی ناجی کایگسزی سەربازی تورک دەکەین، ئەگەر بیانەوێت، ئێمە دەتوانین لە ڕێگەى هاووڵاتییانەوە تەرمەکەیان ڕادەست بکەینەوە. بنەماڵەکەی دەتوانن بێنە ناوچەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە باشوری کوردستان و لە ڕێگەی هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن".
سەرەڕای ڕاگەیاندراوەکانی هەپەگە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە لە شاردنەوەی کوژرانی سەربازەکەی خۆی و ئەوەش ڕوون بوویەوە، تا ئێستا هیچ داواکارییەک بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو سەربازە سزدراوە بە هەپەگە نەگەیشتوە.
مەزەندە دەکرێت بەهۆی گوشارە زۆر و قورسەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە زۆرێک لە لایەنەکان خۆیان لە قسەکردن لەبارەی ئەو بابەتەوە بەدوور بگرن.
ئەو گەریلایانەی دەستیان بەسەر تەرمی سەرباز ناجی کایگسزدا گرت، لەبارەی ئەو سەربازەوە زانیاری نوێیان خستەڕوو، کە لە هێرشە داگیرکارییەکاندا گیانی لەدەستداوە.
گەریلاکان ڕۆژی ٩ی تەموز بۆ کامێرای هێزەکانی هەپەگە قسەیان کرد و وتیان: "ئەو سەربازە و سەربازێکی دیکە لەلایەن هێزەکانمانەوە سزادراون. ئەم سەربازە ناجی کایگسزە. ئەو ناوە لەسەر کاسکێتەکەی نووسراوە. سەربازەکە هیچ ناسنامەیەک و هیچ پلاکێکی سەربازیی لەگەڵ نییە، کە سەربازەکان بۆ ناسینەوە دەیکەنە ملیان. تەنها تەلەفۆنێکی پێ بوو. هیچ شتێکی تری پێ نەبوو و تەنها لەسەر کاسکێتەکەی سەری نووسراوە ناجی کایگسز".
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵوەشاندنەوە و ڕووخانیان بکەن، سانسۆڕێکی گەورە دەخاتە سەر راستییەکانی شەڕ، هیچ کەسێک ناتوانێت زانیاری لەو بارەیەوە بڵاوبکاتەوە. هەموو زانیاریەکان تەنها لەلایەن خولوسی ئاکارەوە بڵاودەکرێنەوە. هیچ کەسێکی تر ناتوانێت شرۆڤەی لەسەر بکات.
مردووەکانیان ئاشکرا ناکەن، هەموو شتێک دەشارنەوە، لە ڕاستیدا ئەوان زۆر ناجوامێرانە و بە بێڕێزیەکی زۆرەوە هەڵسوکەوت دەکەن. نەک هەر یاسا نێونەتەوەییەکان جەنگ پێشێل دەکەن، بەڵکو پێوەرە ئەخلاقیەکانیش پێشێل دەکەن. سەربازەکانیان دەمرن، بەڵام ناتوانن لەوێوە بیانگوێزنەوە. بۆ ئەوەی تەرمەکان لە گۆڕێدا نەهێڵێت بە فڕۆکە تەرمەکان بۆردومان دەکات و بەوە پارچە پارچەیان دەکات. ئەو شوێنە بۆردومان دەکات، کە تەرمەکانی تیادایە. بۆ نمونە ئەشکەوتی برینداران لە ڕۆژهەڵاتی زاپ. هەروەها لە شاخی جودی لە ڕۆژئاوای زاپ هەمان شتیان ئەنجامدا، هەڤاڵانمان لەوێ دەڵێن، بە هۆی بۆنی تەرمەکانەوە ناتوانن جموجوڵ بکەن، چونکە ناوچەکە پڕبووە لە پارچەی تەرمەکان و هەموویان بۆردومان کراون. باشە بە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو سەربازانە چی دەڵێن، مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێت.
لە بنەڕەتدا ئەوان پێشتر ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر، کاتێک ئەو سەربازان ناوی خۆیان بۆ سەربازی دەنوسن، بە بنەماڵەکانیان هەندێک بەڵگە واژۆ دەکەن و بەڵگەیان بۆ دروست دەکەن و پێیان دەڵێن، بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت ئەگەر پێویست بکات دەبێت بشاردرێنەوە و ڕاینەگەیەنن، ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا بجوڵێنەوە دەوڵەت قەرەبوتان دەکاتەوە، لەبەر ئەوەش کێ لە جەنگدا بمرێت پارە و مووچەیەکی زۆر بە بنەماڵەکەی دەدەن. بەهۆی هەڕەشەی بڕینی ئەو مووچەیەوە کەس قسەی لەسەر ناکات. بنەماڵەى سەربازەکانیش قسە ناکەن، یەک یان دوو کەس قسەیان کردووە. بۆ نموونە تەرمەکانیان لە دەستی هەڤاڵاندایە، بەڵام هیچ باسی ناکەن. هەڤاڵان ناویان بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هێشتا هەر باسیان ناکەن. بۆ ئەو سەربازەی لەبەردەستی هەڤاڵاندایە و مردووە، دەڵێن، "ئێمە گواستومانەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ مردووە". ئەوە لە کاتێکدایە تەرمەکەى لە چیادایە، یانی هەموو شتێک بە درۆ بە ڕێوە دەبەن".
ژ.ت