گیانفیدای ئازادی؛ ڤیان سۆران

ڤیان سۆران بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیری و دیلکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢ی شوباتی ٢٠٠٦دا ئاگری لە جەستەى بەردا و بە تێکۆشانەکەى لەسەر هێڵی ئازادیی ژن، بووە پێشەنگ بۆ ژنان.

فەرماندەی یەژاستار ڤیان سۆران (لەیلا والی حەسەن) لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە حەفتانین لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا، بە بڕیاربوون، ئیرادە، ورەی تێکۆشان، ئەوینداری بۆ ئازادیی وەک میراتێک بۆ هەموو ژنان بە جێهێشت.

لەیلا والی حەسەن (ڤیان سۆران) لە ساڵی ١٩٩٧ لە ناو بنەماڵەیەکی عەشیرەتی جاف لە شاری سلێمانی لە دایکبوو. لەگەڵ خوشکەکەیدا بڕیاری چوونە ناو ریزەکانی گەریلا دەدەن. کاتێک بنەماڵەکەى داوای لێدەکەن لە بڕیارەکەى پەشیمان بێتەوە پێیان دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک لەگەڵتان نایەمەوە. من دەڕۆم بۆ ئەو شوێنە، کە داوا و خواستی ئازادیی تیادا بەجێبهێنم".

ڤیان سۆران بەهۆی لێهاتووییەوە لە دوای ساڵێک لە بەشداریکردنی لە ریزەکانی گەریلادا و لە دۆخێکی سەخت و دژواردا، گەیشتە ئاستی فەرماندەیی یەکینەی ژنانی ئازاد (یەژاستار). لە هەموو ساتەکانی ژیاندا پێداگریی لەسەر هۆشمەندیی ژن دەکرد و رۆڵی پێشەنگانەى خۆی دەگێڕا. لە هەمان کاتدا لە ناو پەکەکەشدا بە هۆی هەڵوێست و تواناکانییەوە ناو و ناوبانگی بڵاوبوویەوە.

ئەو ساڵانە، کە ڤیان سۆران لە چیاکاندا لە ناو تێکۆشاندا پیلانگێڕیی دژ بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا. لەو دژی ئەو پیلانگێڕییە دەیان گەیلا و وڵاتپارێز لە سەر شەقامەکان، لە شارەکان، لە زیندانەکان و لە ئە وروپا بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" چالاکیی فیداییان ئەنجامدا و ئاگری ناڕەزایەتییان لە جەستەیان بەردا.

لە ساڵی ٢٠٠٦دا و کاتێک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد قورس و چڕ کرابوویەوە، ڤیان سۆران بۆ ئیدانەکردن و دژایەتیکردنی ئەو گۆشەگیرییە خۆی کردە بەشێک لە چالاکییە فیداییەکانی "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" لە شوباتی ٢٠٠٦دا لە حەفتانین ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا و شەهید بوو.

ڤیان سۆران ٣ رۆژ پێش چالاکیەکەى نامەیەکەی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نوسی. هەروەها رۆژێک پێش چالاکییەکەى نامەیەکیشی بۆ بنەماڵەکەى نووسی. لێرەدا دەقی هەر دوو نامەکە بڵاو دەکەینەوە...

نامە بۆ بنەماڵەکەى

بۆ بنەماڵەی خۆشەویستم:-

پێشەکی سڵاوو رێزم هەیە بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو خزمان و دۆستانم، چاوی یەکە بە یەکەتان ماچ دەکەم و هیوای لەش ساخی و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم.

ئازیزان، نزیکی ١٠ ساڵە بەهۆی هەل ومەرجی تێکۆشان و هەندێکیش عاجزبوونم لەئێوە نامەم بۆ نەناردن، سەرەتا کە بەشداری شۆڕشی ڕزگاری گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی ژنی کورد بووم بە ڕێبەرایەتی پەکەکە و سەرۆک ئاپۆ، زۆر لەیەکتر تێنەگەیشتین، بۆیە تۆزێک یەکترمان عاجزکرد، بەڵام لەدوای ١٠ ساڵ هیوادارم ئیدی تێبگەن و واتا بدەن به و رێبازەی کە من و بە هەزاران کوڕ و کچی گەنجی هەر چوار پارچەی کوردستان تیایدا رەنج و تێکۆشان دەدەن، ئێوە ئیدی بتانەوێ‌ و نەتانەوێ‌، بنەماڵە و خانەوادەیەکی شۆڕشن و ئەوەتان لێ نایە کە دەرگای خۆتان و دڵی خۆتان بەڕووی هەڤاڵان و ئه و فیکر و ئامانجەدا بگرن کە کچەکەتان و بە ملیۆنان ئینسان ئاشقیەتی، ئێوە کەسانێکن کەخاوەن رێزو پله و پایەیەکی کۆمەڵایەتین و کوردێکن کە لە مێژووەکەتاندا هەڵەبجە و ئەنفال و قوربانیدان شاهیدی بۆ هەڵوێستی نیشتمانپەروەریتان دەکات، گەلێکین کە فەلسەفەی تێکۆشانمان لەسەر راستینەی شێر شێرە چ ژنە چ مێرە ئاوا بووە، بۆیە ئیدی هەبوونی ژن لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەیدا وەکو ئینسانێک بە عەیب و لەکەدارکردنی نامووس مەزانن، ئیدی داوای پێوان و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگا مەکەن و دان بنێن بەهەبوونی ژندا وەک مرۆڤێک، چونکە دان پێدانانی بە مرۆڤبوون و بە ئیرادەبوونی ژن، واتای بەمرۆڤبوونی گەل و کۆمەڵگایە، ئەگەرنا ئەوا لەژیاندا هەر نیمچە دەبن.

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بڕیار بدەن خاوەن لەمرۆڤایەتی و مێژووی قارەمانێتی و بەرخۆدانی گەلەکەمان دەربکەون و ئێوەش بڵێن: وەک هەر کوردێکی بە شەرەف و نامووس هەین و بەپێی توانا خزمەت دەکەین، کاتێک کە من لەئێوە دابڕام، ١٥ ساڵان بووم، ئێستاش تەمەنم بووەتە ٢٤ ساڵ، تکا دەکەم هەندێک واقیعیانە بیربکەنەوە و بپرسن ئەم کچە هەتا ئێستا چی دەکات و چۆن و بۆچی تێدەکۆشێت‌؟ داخۆ ئەویش نەیدەتوانی و یان بۆچی نەیویست وەک ئاواز و خالید و بەدەیان کەسی دیکە بگەڕێتەوە بۆ خۆی بژیت، بهێڵن هەڤاڵان بێنە ماڵتان و ئێوە بچنە لایان، نامەکانی من بخوێننەوه و پرسیاری ژیانی من و هەڤاڵان بکەن، هەموو رۆژێ‌ گوێ‌ لەتەلەفزیۆنی رۆژ و رادیۆی میزۆپۆتامیا بگرن و کتێبی سەرۆک بخوێننەوە، ئەوکاتە لە کچی خۆتان تێدەگەن و واتا دەدەنە مانەوەی من لەنێو ئەم ژیانەدا، ئیدی من ناڵێم ئەمە بکەن و ئەوە بکەن خۆتان دەست دابنێن لەسەر ویژدانتان و بڕیاری خۆتان بدەن لەم بارەیەوە کە تەنیا سەبارەت بەخۆم شتێک دەڵێم، ئەوەیە کە بەدرێژایی زیاتر لە ٩ ساڵ ڕۆژێک‌ لە ڕۆژان فیکری خیانەت و پەشیمانیم ژیان نەکرد، زۆر شت لە  پەکەکەوە فێر بووم و زۆر زۆر خۆشحاڵم و سەربەرزم، یەکێک له و شتە گرنگانەی کە فێربووم، خۆشەویستی راستەقینەی دایک و باوک و خوشک و برا و مرۆڤە بەگشتی، ماوەیەک زۆر لێتان تووڕە بووم، دەمووت ئەمانە بۆچی بەهەڵە لەمن تێدەگەن و پەکەکە وەک شتێکی دەرەوەی خۆیان دەبینن، بەڵام لەگەڵ دەربازبوونی کاتدا گەیشتمە ئه و قەناعەتەی کە تاوانبار تەنیا ئێوە نین، بەڵکو هەڵوێستی ئێوە ئەنجامی گەلێک کێشەی سیاسی و ئەقڵییەت و داب و نەریتی بەسەدان ساڵەیە و کەموکورتی منیش هەیە بەوەی کە بەباشی دەرفەتی ئەوەم نەئافراند کە لەگەڵتاندا وتووێژ بکەم، لەم لایەنەوە داوای لێبوردنتان لێدەکەم و دەڵێم: ئێوە هەم وەک خانەوادە و هەم و وەک مرۆڤی کورد لەدڵ و مێشکمدان و لەپێناو بە دیهێنانی ژیانێکی بەختەوەردا ئامادەم گیانی خۆشم فیدا بکەم، پاداشتی منیش بۆ هەموو چاکەکانی ئێوە خیانەتکردن نابێت‌ لەخوێنی شەهیدان، بەڵکو خاوەن دەرکەوتن و خۆفیداکردن دەبێت، ئەم چالاکییەی کە منیش ئەنجامی دەدەم لەپێناو بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد و گۆشەگیرکردنی سەرۆک ئاپۆیە لەپێناو ئازادی گەلەکەم و ئازادی ژنانی کوردە لەدەست زوڵم و زۆری و چەوساندنەوە، کە لەگیانم شیرینتر شتێ هەبوایە دەمدا، بەڵام لەم قۆناغەدا کەگەلی کورد بەره و سەرکەوتن دەچێت و لە هەرجێیەک لەسەر پێیه و مان دەگرێ‌ و رێپێوان دەکات، بۆ کچێکی وەکو منیش گیانی خۆ بەختکردنیش بەکەم دەزانم و منیش وەک هەموو هەڤاڵانی دیکە خۆم بە قەرزاری گەل و ژنانی ئازارچەشتوو دەزانم.

حەزم دەکرد کەزۆر شتتان بۆ بنووسم و بۆ هەر یەکەتان شتێک بڵێم، بەڵام چەند کاتژمێرێکم ماوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکەم و ناتوانم لەبەر کەمی کات لەوە زیاترتان بۆ بنووسم، چونکە بەقەدەر ئێوه و بگرە زیاتر خوشک و برا و کەس و کارم هەن، دەبێت‌ سۆزی خۆم بۆ ئەوانیش بێنمە زمان، بەڵام لەدواییدا دەمەوێ‌ شتێک بڵێم، ئەویش ئەوەیە کە: ئەگەر خاوەن خۆشەویستییەکی ڕاستین لەبەرامبەر یەکتر ئەوا تکایە ئامانج و رێبازەکەی من باش بناسن و بەهەڵەی تێمەگەن، چونکە من بۆ ئەوە ژیام و بۆ ئەوەش بەدەستی خۆم شەهیدبوونی خۆم دیاری کردووە و پلانکردووە، وەسیەتیشم ئەوەیە کە ئاواز جارێکی دیکە چەکی من هەڵگرێت و بگەڕێتەوە ناو باوەشی چیا ئازادەکانی کوردستان، چونکە زۆرم خۆش دەوێت‌ و ئه و شایەنی ئەوەیە لەنێو هەڤاڵانی خۆیدا بێت، رێگا بدەن بە کچەکان و گەنجەکانی تریش با خۆیان دواڕۆژی خۆیان بناسن و خاوەن ئیرادە بن.

لەدواییدا دووبارە سڵاو و رێز و خۆشەویستی خۆم بۆ هەمووتان دەنێرم و هیوای شادی و کامەرانیتان بۆ دەخوازم.

لەگەڵ سڵاو و رێزمدا ، کچە گەریلاتان لەیلا والی حسێن ناسراو بە ڤیان / ١ی شوباتی ٢٠٠٦ شەوی ئەنجامدانی چالاکی

****

نامە بۆ رێبەر ئاپۆ

بۆ رۆشنایی شەوەزەنگەکان سەرۆک ئاپۆ:

لەو رۆژەوەی کە تۆم بیستووەو ناسیوە هەست بەژیان دەکەم، دەزانم کە کێم و دەبێ‌ چۆن بژیم. یانی فکر و رامانی تۆ منی بەمن ناساند و فێری کردم کە بەمانا بژیم، فێری ئەلفوبای ئازادی و سەربەستیت کردم. لەفێرگەکەی تۆدا چەندە زەحمەتیشم کێشا بێت، هیچ رۆژێ‌ لەرۆژان دوودڵی و پەشیمانیم ژیان نەکرد، چونکە تیایدا هێزی واتام کەشفکرد، هێزی فکر و هێزی مرۆڤ، کەمێکیش بێت لەوە تێگەیشتم کەهیچ شتێک موستەحیل نییەو مرۆڤ چی بکاتە ئامانج دەتوانێ‌ پێی بگات بەمەرجێ‌ کە لەو ئامانجەدا جددی بێت و پێی باوەڕ بێت، وەکو ژنێک و وەکو کوردێک ئازادیم کردە ئامانج و لەدڵەوە باوەڕیم پێکرد، بۆ ئەمەش بەحەسرەتەوە بووم کە بۆ ساتەوەختێکیش بێت لەنزیکەوە بتبینم و توند لەباوەشت بگرم و هەناسەیەکم بدایە و پاشان ئەوەی لەدڵمدایە دەرهەق بەئازادی خۆم و ژنان و گەلەکەم لەگەڵ تۆدا وتووێژ بکەم، بەڵام لەساڵی ١٩٩٨دا پیلانگێڕییە گڵاوەکەی نێودەوڵەتی لەدەرەوەو ناوەوەدا کەوتە نێوان من و تۆ و بەهەزاران کەسی وەک من کە هاوئەشق و بەهیوا بوون بەدیتنت. دوای ئەوە دەستگیرکردنی ئێوە لەمندا زیاتر تەکانی بەهێزو بڕیاری ئازادی دا و هیواو حەسرەتی دیتنی ئێوەم قەد وون نەکرد، بەڵام بەردەوام هەوڵی ئەوەم دەدا کە زۆر لەنزیکەوە هەستت پێبکەم. بۆیە زۆر جار لەناخمدا دیالۆگم لەگەڵتاندا پێش دەخست و هەستم دەکرد وەک دەنگ، وەک وزەیەک دەکەوتیە ناخمەوەو ئیلهامم لێدەگرتن.

چەند جاریش هاتی بەمیوانی خەونەکانم و زۆر زۆر خۆشحاڵا بووم، ئەوەی راستی بێت ناتوانم بەتەواوی گوزارە بکەم لەهەست و بیرەکانم سەبارەت بەئێوە، بەڵام لەساڵی ١٩٩٩ بەدواوە بەردەوام راستییەک لەمێشکی مندا دەزرینگێتەوە، ئەویش ئەوەیە کەزیندانیکردنی مرۆڤێکی گەورەی وەک ئێوەم پێ هەزم نەکرا و هەر دەموت ئەم مرۆڤە ئەو جێیەی حەق نەکردووە، بێگومان بەرپرسیاری دەستگیرکردن و گۆشەگیرکردنی سەرۆکی گەلێک و رێنیشاندەرێکی گەورەی مرۆڤایەتی تەنیا دەوڵەتانی رووڕەشی جیهان نابینم، بەئەندازەی ساختەکاری و دووڕوویی و خیانەتی دەوڵەتانی سەردەست لاوازی و کەم و کورتی هاوڕێیەتی خۆم و هەڤاڵانیشم بەرپرسیار دەبینم. بۆیە هەردەم شەرمەندە بووم لەحزووری ئێوەو گەل و ئەو ژنانەدا کە هیوای ئازادییان بەئێوەوە گرێداوە.

ئەمڕۆش لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٦دا پێ دەنێینە هەشتەمین ساڵی دەستگیرکردنی سەرۆکایەتییەوەو پیلانگێڕی نێودەوڵەتی قۆناخێکی نوێ‌ و مەترسیداری لەسەر ئیمرالی و کوردستان بەگشتی دەستپێکردووە. دەیانەوێ‌ هەموو رەنج و تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی سەرۆکایەتی و گەلی کورد بەفیڕۆ بدەن و بەئاشکرا بانگەشەی تەسلیمیەت و دەستبەردان لەسەرۆکایەتی بکەن، دەیانەوێ‌ دەستەمۆمان بکەن و فێری ئەوەمان بکەن کە بێ‌ سەرۆک، واتە بێ‌ ئایدیۆلۆژی، بێ‌ ئیرادە ژیان بکەین، بۆیە ئەمڕۆ گەل لەهەر چوارلای جیهان لەدژی ئەم سیاسەتی قڕکردنەی کە لەسەر سەرۆکایەتی پەیڕەو دەکرێ‌ ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ‌، منیش وەکو قوتابییەکی ئێوە لەدژی ئەم هێرشە ناڕەوایە دەمەوێ‌ لەم 15ی شوباتەدا لەنێو گەلی خۆمدا بەرخۆدانی گەلەکەم، بەئاگری جەستەم دەمەوێ‌ پەیامێک بدەمە مێشک و دڵی سەهۆڵبەندی شارستانێتی کۆمەڵگای چینایەتی و وەک زۆر مرۆڤی دیکە دەمەوێ‌ لەدادگای مێژوودا ببمە شاهیدێک بۆ قیڕاندن و ئیشارەپێکردنی زۆرداری و درۆزنی سیستەمی داد و مافی مرۆڤی رۆژئاوا.

سەرۆکی من،

ئەم چالاکییەی کەئەنجامی دەدەم لەگەڵا ئەوەی ناڕەزایی و ئیسباتێکە لەدژی ئەو حەقسزییە (ناهەقییە)ی کە لەدژی ئێوەو گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە پەیڕەو دەکرێ‌، هاوکات رەخنەدانێکی هاوڕێیەتی کەم و لاواز و رزگاربوونمە لەهەستی شەرمەندەیی و بێ‌ روومەتی لەبەرامبەر مێژوو و گەلەکەمدا، ئاستی ئیدیعا و باوەڕیمە بەوەی کە هەتا تاکە کەسێکیش بمێنێ‌ ئەم فەلسەفەو هێڵی ژیانەی ئێوە هەر دەژی و سەردەکەوێ‌.

زۆر کەس دەڵێت و دەفکرن کە تا ئایدیۆلۆژی توونە بکەن (لەناوببەن) و نەهێڵن، من گاڵتەم بەمە دێت و ئیدعایەکی زۆر پڕوپووچە، چونکە ئێوە ئیدی لەدڵا و مێشک و حوجرەی بەملیۆنان کەسدا و بەتایبەتی لەدڵی ژناندا جێگیربوون و بوون بەماڵی مێژوو و کۆمەڵگا. هەمووجارێ بەوەفایی و راستگۆیی ژنت بەئێمە ناساند جائەمڕۆ سەرباری هەموو کەم و کورتی و لاوازییەکانمانەوە دەمەوێ‌ رەخنەی خۆم بدەم و بڕیاری بوونی خۆم لەهێڵی سۆسیالیزمی زانستی و دیموکراتی و پارادیگمای نوێ‌ نیشان بدەم و کەمێکیش بێت، پەیامێک بدەمە پاشڤەڕۆیەتی نێوخۆ و هێرشەکانی دەرەوە، منیش زۆرجار وەکو هەڤاڵانی شەهید دەمگوت، خوزگە لەگیانم بەبەهاتر شتێکیتر هەبووایە لەپێناو ئازادی سەرۆک و گەلەکەم و ژنە چەوساوەکاندا فیدام بکردایە.

لەدوای گرتنی ئێوە و لەساڵی ١٩٩٩دا بەردەوام بڕیاری ئەنجامدانی چالاکییەکم هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەلومەرج گونجاو نەبوو بۆ شتێکی وەها و بەتایبەتیش بۆ ئەوەی ئێوە زویر نەکەم هەر هەوڵمدا لەژیاندا دروستبوون، گرێدانی خۆم لەگەڵا ئێوەدا نیشان بدەم، ئەمڕۆش دەزانم کە لەوانەیە ئەم چالاکییە رەخنە بکەن و پەسندی نەکەن بەڵام چی بکەم سەرۆکی من هەندێک هەن ئاشق دەبن و دەستی یەکتر دەگرن و رادەکەن. ئاشقبوونی منیش وەهایە و دڵم بێ‌ ئێوەو بێ‌ پێکەنین و زەردەخەنەی سەر لێوی مناڵانی وڵاتەکەم سوکنایی نایەو ئۆقرە ناگرێ‌.

نەمتوانی بڕیارەکەم لەقۆناخێکی وەها هەستیاردا درەنگ بخەم بۆ ساڵی هەشتەمی دەستگیرکراوی و دووری ئێوە، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم و دەمەوێ‌ ئەوەش بڵێم کە زۆر بە هیواو بەورەم، بەتایبەتی کاتێ‌ بۆ دیاریکردنی کۆمیتەی ئینشای پەکەکە (سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی پەکەکە) ناوی منت گرتە سەر زمانی خۆت و پرسیاری منت کرد، هەستم بەوەکرد کە گەورەترین خەڵاتت دامێ‌ و هەست بەروومەتێکی مەزن دەکەم، بەردەوام رێنماییەکەی تۆ بۆ شۆڕشی باشوور کە وەک شۆڕشێکی ژن بەناوی دەکەن، لەمندا ورەو ئاراستەی تێکۆشانی دیاری کردووە، ئێستاش لەنێو ئەو بێ‌ دەنگی و مردنەی کە لەباشووردا هەیەو دەمەوێ‌ وەک ژنێکی باشوور کەمێکیش بێت قەرەبووی پاداشتی رەنج و چاکەکانی ئێوە بدەمەوە، زۆر شاد دەبم کەئەنجامێکی سەرکەوتوو بەدەست بێنم، لەدواییدا سڵاو و خۆشەویستی و حەسرەتی دیتنی خۆم ئاراستەی تۆی بێ هاوتا دەکەم، لەبیرتان نەچێ‌ زۆرتان بیر دەکەین و زۆرتان بیردەکەین....

لەگەڵ سڵاو و رێز و تامەزرۆیمدا

ڤیان جاف

٢٨ی ١ی ٢٠٠٦

ژ.ت