لەسەرەتای ئەم مانگەوە ٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون

لەماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژ چوار کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەقز کوژراون، بە گوێرەی ئامارەکانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە کوژران و برینداربوون زیاتر لە ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکار تۆمار کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان رۆژی سێ شەممە کاسبکارێکی کورد بە ناوی محەمەد قادری خەڵکی گوندی شوێی بانە، لە ناوچەی سنووری گڵەسوورەی ئەو شارە لە مەودایەکی نزیکەوە بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراوە.

ئەو کاسبکارە خێزاندار و باوکی سێ مانداڵ بووە و لە خاڵێکی پشکنین بە بێ ئاگاداری پێشوەختە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە.

رۆژی یەکشەممە ٥ی ئایار کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا رۆستەمپور خەڵکی سەقز لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا، رۆژی دووی ئایار کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال سۆهرابی خەڵکی گوندی تاژانی بانە لە ناوچەی سنووری سورکێوی ئەو شارە و رۆژی یەکی ئایاریش کۆڵبەرێک بەناوی هێمن ئەحمەدی لەناوچەی سنووری بەستامی سەقز بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت گیانیان لەدەستدابوو.

هەر لەم ماوەدا دوو کۆڵبەریش برینداربوون، کە یەکێکیان کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی ئاریا مەمەندی خەڵکی سەردەشت کە بۆیە بەرکەوتنی ساچمە بەر روخساری، چاوێکی لەدەستداوە.

مانگی نیسان لانیکەم چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرابوون و زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەریش بریندارببوون.

لەمانگی ئاداریشدا بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ١٣ کۆڵبەر کوژراون و ٦٤ کۆڵبەریش برینداربوون، هەروەها لە مانگی شوباتیشدا ٤ کۆڵبەر کوژرابوون و ٥٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیش بریندار ببوون.

هاوکات بە پێی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ شەش کۆڵبەر کوژراون و ٥٨ کۆڵبەریش برینداربوون.

بەم پێیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و زیاتر لە ٢١٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

هـ . ب