دوو ڕۆژنامەنووس و شانۆی ئار خەڵاتیان وەرگرت

ڕۆژنامەنووسان چیگدەم تۆکەر، مەتین جیهان و گروپی شانۆی هونەری شانۆی ئار خەڵاتی ئازادی ڕامان و دەربڕینی ئایشەنور زاراکۆغڵویان بەدەستهێنا.

٢٢هەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئازادی بیر و ڕادەربڕین لەلایەن ئایشەنور زاراکۆغلو بە هاوکاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) لقی ئەستەنبوڵ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا (TIHV) لە نوسینگەی IHD بیئۆغڵو بەڕێوەچوو.

سەرەڕای پارێزەرانی مافی مرۆڤ، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان، ڕێکخراوە یاساییەکان و ژنان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

بەرپرسی لقی IHDی ئەستەنبوڵ، گوڵسەرەن یۆلەر لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە سەردەمێکدا دەژین لەم جیهاندا سنووردارکردن هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشکردنی دیجیتاڵ میدیا لە تورکیا دەبێتە هۆی دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی چالاکوانان و وتی: "دەبێت تێکۆشان تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهێزتر بکرێت. بەڵام دەبینین زۆرجار تێکۆشانمان بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرکوت دەکرێت. بەڵام دەبێت تێکۆشانمان لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێبدەین."

هەروەها ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی IHD وتی: "کاتێک لە شوێنێکدا دەوترێت 'ئازادی ڕادەربڕین قەدەغەیە'، پێویستە سەیری ئەو شتانە بکەیت کە قەدەغەکراون و ڕایگەیاند ئایدۆلۆژیایەکی فەرمی لە تورکیا هەیە و ئێمە باسی کۆمارێک دەکەین کە لەسەر کۆمەڵکوژی بنیات نراوە. ئێمە باسی کۆمارێک دەکەین کە لەسەر بنەمای شوناسێکی تاک پەرەستی و وێرانکەر دامەزراوە. ئایشە ئەو کەسە بوو کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا ئەمانەی دەربڕی. لەو کاتەدا وتاری پێشکەش دەکرد و کتێبەکانی چاپ دەکرد. بۆ نموونە بەهۆی کتێبەکەی کە لەسەر کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان نووسیبووی، دادگایی کرا. لە کاتێکدا کە مرۆڤەکان دەکوژران و گوندەکان بە دەستی کۆنترا گەریلا دەسووتێنران، چاپکردنی کتێبەکانی ئاسان نەبوون. بۆیە خەڵاتی ئازادی ڕادەربڕین بەناوی ئەوەوە هەیە چونکە ئەو ئەم شتانەی دەوت و دەنووسیەوە."

لە مەراسیمەکەدا نووسەری T24 چیگدەم تۆکەر لەبەر "پاراستنی مافی گشتی بۆ فێربوونی ڕاستییەکان، ئازادی وەرگرتن و ڕاگەیاندنی هەواڵەکان تا کۆتایی" سوپاس کرا، هەروەها ڕۆژنامەنووس مەتین جیهان هەرچەندە لەسەر دروستکردنی هەواڵەکان سزادرا بەڵام بەردەوام بوو لە کارەکانی، گروپی هونەری شانۆی ئار بە پێداگرییەوە وتیان "بژی شانۆی کوردی، بژی زمانی کوردی" خەڵاتەکەیان پێشکەش کرا.