لە کەرکوک پێشانگایەکی تایبەت بە نمایشکردنی تابلۆی ژنان کرایەوە
لە کەرکوک، لەژێر دروشمی "شینی من شینی جوانییە" پێشەنگایەکی شێوەکاری تایبەت بە نمایش کردنی تابلۆی ژنان بۆ هونەرمەند "خالید ڕەزا" کرایەوە.
لە کەرکوک، لەژێر دروشمی "شینی من شینی جوانییە" پێشەنگایەکی شێوەکاری تایبەت بە نمایش کردنی تابلۆی ژنان بۆ هونەرمەند "خالید ڕەزا" کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک لەژێر دروشمی "شینی من شینی جوانییە" هەستا بە کردنەوەی پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەندی شاری کەرکوک خالید ڕەزا کە تێیدا دەیان تابلۆی تایبەت بە ژنی کورد نمایش کران.
جێگای باسە، لە پێشانگاکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، چالاکوانان، رۆشنبیران و نوێنەری ناوەندە رۆشنبییرکانی شارەکە ئامادەبوون، هەروەها پێشانگاکە ٤٠ تابلۆی لە خۆ گرتبوو کە هونەرمەندی شێوەکار خالید ڕەزا لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو ئامادەی کردبوو، لە ناو تابلۆ شێوەکارییەکاندا تابلۆی تایبەت بە ژنان و منداڵان بە جل و بەرگی کوردییەوە جوانییەکی تایبەتییان بەخشیبوە پێشانگاکە.
کلارا عەلی کچە هونەرمەندێکی شێوەکار و میوزیک ژەنە کە وەکو میوانێکی سەردانی پێشەنگاکەی کردبوو، کلارا سەبارەت بە پێشانگاکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "کردنەوەی پێشانگای هونەری بۆ شاری کەرکوک زۆر گرنگە بەتایبەتی ئەگەر باسی ژن بکات و پەیوەست بێت بە ژن چونکە بابەتی ژنان بابەتێکی هەستیارە لەناو کۆمەڵگاکەمان، هیوادارین لەڕێگەی ئەم پێشانگانەوە بتوانین تیشک بخەینەسەر ماف و ڕۆڵ و گرنگی پێگەی ژن لە کۆمەڵگاکەماندا، گرنگی دان بە هونەر لەم ووڵاتە زۆر کەمە بەراورد بە ووڵاتانی دیکە بەتایبەتی لە شاری کەرکوک بۆیە پێویستمان بە چالاکی هونەری زیاتر هەیە تا پەرە بە بواری هونەری بدەین لەم شارەدا".
لەلای خۆیەوە هونەرمەند خالید ڕەزا، سەبارەت بە پێشانگاکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات دوا (ANF)، ووتی: "لەماوەی شەش مانگدا تابلۆکانم بۆ ئەم پێشەنگایە ئامادەکردووە و ئەمە دووەم پێشانگایە کە دەیکەمەوە، ئەم پێشەنگایەش لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک بۆم ڕێکخراوە، پێشەنگاکەم لەژێر ناونیشان "شینی من شینی جوانییە" جوانی واتا ژیانی مرۆڤایەتی بێ جوانی چێژ لەژیان وەرناگیرێت، زۆربەی تابلۆکانم تایبەتن بە ژنان چونکە ژنان بەشێکی گرنگ و جوانی کۆمەڵگان و بەردەوام قوربانیان داوە، ژنان ڕۆڵ و گرنگییەکی تایبەتی خۆیان هەیە بەتایبەتی لەناو کۆمەڵگای کوردییدا، بۆیە زۆربەی تابلۆکانم تایبەتن بە ژنان، تابلۆکانیش پێکهاتوون لە تابلۆی واقعی، سوریالی و دەربڕین".