کەرکوک؛ پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ کچانی شارەکە کرایەوە

لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی 'کچێکی نیگارکێش' پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ دەیان کچە هونەرمەندی شێوەکار و نیگارکێشی شارەکە کرایەوە.

شەوی ڕابردوو- دووشەممە، لە 'مۆڵ کەرکوک' لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی هونەرمەند و هونەردۆستان و خەڵکی شارەکە، بە مەبەستی پشتیوانی لە بەهرە و تواناکانی کچانی هونەرمەند و نیگارکێشی شارەکە، بەناونیشانی "کچێکی نیگارکێش" 'گروپی سەرکردەکانی مرۆڤایەتی' هەستان بەکردنەوەی پێشانگایەکی سمپۆزیۆمی شێوەکاری بۆ زیاتر لە ٤٠ کچە هونەرمەندی شێوەکاری شارەکە کە بە دەیان تابلۆ بەشدارییان کرد.

'لە پێشانگاکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کچان وێنە دەکێشن'

سەبارەت بە پێشانگاکەیان، هاوژین فاروق کچە هونەرمەند و ڕێکخەری پێشانگاکە، بەم شێوەیە دەربارەی پێشانگاکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا: "ئەم پێشانگایە لەژێر ناونیشانی "کچێکی نیگارکێشە" کە بۆ جاری دووەم پێشانگایەکی لەم جۆرە سازبکەین، زیاد لە ٤٢ کچە هونەرمەند و نیگارکێشی بە شداربوونەو بە دەیان تابلۆ بەشدارییان کردووە، هەروەها لە پێشانگاکەدا ١٠ کچە هونەرمەند بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پێشانگاکە وێنە دەکێشن، ئامانجی ئێمە لەم پێشانگایانە ئەوەیە کچانی هونەرمەند بتوانن توانا و بەهرەکانی خۆیان بسەلمێنن، هەروەها کچانی هونەرمەند نەترسن لەوەی کە هەنگاوبنێن بۆ نمایشی کارەکانیان".

'وێنەکەم گوزارشت قورسایی و ناخۆشی ناخی ژنێک دەکات'

سارا یوسف، کچە هونەرمەندێ شێوەکارە و لە هەمان کاتدا دکتۆری ددانە، سارا سەبارەت بە پیشەکەی وەکو هونەرمەندی شێوەکار دەلێت کاری ددانسازیش بۆ من بەشێکە لە هونەر وەکو وێنە کێشان و بەیکەرتاشین یەکتر تەواو دەکات، هەروەها سەبارەت بە تابلۆکەی سارا گووتی: "ئەم جۆرە پێشانگایانە زۆر گرنگە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانی کچان و ژنانی کەرکوک، ئەمرۆ لەم پێشانگایە بە تابلۆیەک بەشداریم کرد کە گوزارشت لە ناخی ژنێک دەکات کە قورسایی و ناخۆشی زۆری بینیوە لە ژیانی کە وایکردووە لە ڕووخساری شکان و درز دەرکەوتووە".

'بە هونەر شارەکەمان جوانتر و ڕەنگاو ڕەنگتر دەکەین'

سارا یوسف لە درێژەی قسەکانیدا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتیشی: "هیوادارم تەواوی کچانی شارەکەم بەشداری لەم جۆرە پێشەنگایانە بکەن تاوەکو بەهرەکانی کچان بە شاراوەیی نەمینێتەوە، من وەکو پزیشکی ددانساز کار دەکەم و کارەکەشم بەشێکە لە هونەرەکەم، لە کەرکوک بابەتی هونەری لاوازە بۆیە گرنگە گەنجان بەشداری لە هەموو کایەکانی هونەر بکەن چونکە شارەکەمان بە هونەر جوانتر و ڕەنگاو ڕەنگتر دەبێت".

'لە منداڵییەوە خولیای هونەری وێنەکێشانم'

جێگای ئاماژەیە، دوو خوشکی دوانە بە ناوەکانی سەجا و زەحا مەحمود بە تابلۆکانایان بەشدارییان لە پێشانگە کردبوو و هەردووکیان لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای کاری هونەری شێوەکاری بوونە، سەجا سەبارەت بە پێشەنگاکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) وتی: "ماوەی سێ ساڵە کاری شێوەکاری دەکەم، سەرەتا بۆم قورس بوو بەڵام زۆر خۆشحاڵم کە بەشداری پێشەنگاکە بووم، هەر لە منداڵییەوە خولیای کاری هونەری وێنەکێشانم هەبووە، لە ڕێگەی یوتوبەوە فێری هونەری شێوەکاری بوومە، کاتێک کە مامۆستاکەم وێنەکانمی بینی کە توانام هەیە زیاتر هانی دام، هیوادارم کچانی گەنج لەبری سەرقال بوون بە تەلەفۆنەکانیاوە زیاتر گرنگی بدەن بە هونەر و بەهرەکانیان".

'کوردستان چاوی کوردانە'

جینان حەسەن هادی، کچە هونەرمەندێکی شێوەکاری شاری کەرکوکەو قوتابی قۆناغی چوارەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، جینان سەڕەڕای ئەوەی لە نەتەوەیی عەرەبە بەڵام لە پێشەنگاکە بە وێنەی کوردستان و ژنێکی کورد بەشداری کردبوو، جینان لە تابلۆکەیدا ناو و نەخشەی کوردستان و ئاڵای باشوری کوردستان و ژنێ کورد بە جل و بەرگی کوردییەوە کێشاوە، سەبارەت بە هەڵبژاردن و کێشانی وێنەیەکی تایبەت بە ژنی کورد و نەخشەو ناوی کوردستان، ناوبراو قسەی بۆ ئاژانسمان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "وێنەکەم گوزارشت لە کوردستان دەکات، لە وێنەکەمدا ژنێکی کورد هەیە بەڵام وێنەی چاویم نەکێشاوە زۆر کەس پرسیاری هۆکارەکە دەکەن، منیش وێنەی چاوەکەم نەکێشاوە چونکە کوردستان چاوی کوردانە، زۆر سەرسامم بە ژنی کورد چونکە هێزو ئیرادە لە ژنی کوردا هەیە، لەم پێشانگانە بەهرە شاراوەکانمان ئاشکرا دەبێت و پەرە بە خۆمان دەدەین، هیوادارم هەموو کچان هانی یەکتر بدەن تاوەکو پێکەوە بە یەک دەست بەسەر ئاستەنگییەکان سەربکەوین".