لۆتە ئەرەڵ؛وێنەگر و تۆماری ڕووداوەکانی ڕابردوو

لۆتە ئەرەڵ؛ ژنێکی بوێر بوو کە بە کەلوپەلەکانییەوە جیهان دەگەڕا. وەک ڕۆژنامەوان و پێشەنگێکی ژن لە سەرەتای سەدەی بیستەمـدا بە وڵاتاندا گەڕا و کلتووری جۆراوجۆری تۆمار و بەڵگە کرد.

لۆتە ئەرەڵ لە ١٨ـی ئەیلوولی ١٩٠٣ لە شاری مونستەری ئەڵمانیا لەدایکبووە. ئەرەڵ وێنەگر و ڕۆژنامەوانێکی ناودار بوو. لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆژنامەوان و وێنەگری ژن لە سەرەتای سەدەی ٢٠ـدا کەم بوو، ئەو سەرانسەری جیهان گەڕا و سەرکەوتنی گرنگی بەدەستهێنان.

لۆتە ئەرەڵ کە خۆی خولیای کاری وێنەگرتنی هەبووم لە ساڵی ١٩٢٤ هاوسەرگیریی لەگەڵ ڕیچارد لێڤی وێنەگر ئەنجامدا و لە ستۆدیۆی ڕیکلامەکەی ئەودا دەستیکرد بە کارکردن. بەڵام ئارەزووە ڕاستەقینەکەی ئەو گەڕان بە جیهاندا و بەڵگەکردنی کلتووری جۆراوجۆر بوو. گەشتەکەی بۆ گانا لە نێوان ساڵانی ١٩٢٨-١٩٢٩ لەگەڵ ستافێکی فیلمسازی بە پێشەنگایەتیی ئەتنۆلۆگ گولا پفێفێر، بووە یەکێک لە هەنگاوەکانی پێشکەوتنی پیشەکەی. ئەو وێنانەی کە لەو گەشتەدا چرکاندنی لە میدیا گرنگەکانی ئەو سەردەمەدا بوونە ڕۆژەڤ.

گەشتەکانی بەرەو وڵاتانی دوور

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٢-١٩٣٣ چووە چین و پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و کلتوورییەکانی وڵاتەکەی بەڵگەکرد. لە ساڵی ١٩٣٤، لەژێر ناوی Associated Press لە سەردانی فەرمیی گۆستاف ئەدۆڵف، شازادی سویددا بۆ ئێران ئەرکی وەرگرت. لە ئێران بە گومانی سیخوڕی بۆ ماوەیەکی کەم دەستبەسەرکرا. ئەمەش سەلمێنەری ئەوە بوو کە خاوەنی پیشەیەکی مەترسیدارە و ئەوەش شتێکی سەرنجڕاکێشبوو. لەهەمان ساڵدا چووەتە عێراق و کوردستان و ژیانی گەلی ناوچەکەی بەڵگە کردووە.

هەڵاتن لە نازییەکان و ساڵە سەختەکان

لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٤ لە ئەڵمانیا لەلایەن ڕژێمی نازییەوە کاری ڕۆژنامەوانی لێ قەدەغە کرا. ئەم بارودۆخە ئەوی ناچارکرد کۆچ بکات بۆ بەغدا. لە ساڵی ١٩٣٥ لەگەڵ دکتۆر هێربێرت سۆستمان کە لە بەغدا دەژیا هاوسەرگیری دەکات و لەژێر سایەی شەڕدا ساڵانی سەخت بەڕێدەکات. لە جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بە گومانی سیخوڕی دەستگیرکرا و لە وڵاتانی جیاواز وەکو فەڵەستین، کینیا و ئۆگەندا دەستبەسەرکرا. لە ساڵی ١٩٤٤ دوای ئازادکردنی جارێکی تر گەڕایەوە بۆ بەغدا.

ژیانی دوای جەنگ

دوای جەنگ لۆتە ئەرەڵ کە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە ناچاربوو دەستبەرداریی کاری ڕۆژنامەوانی بێت، لە فەڵەستین نیشتەجێ بوو. هەرچەند هەوڵیدا کە کۆچ بکات بۆ ئەمریکا، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون. لە ساڵی ١٩٨١ دوای مردنی هاوسەرەکی بەتەنیا مایەوە و لە ساڵی ١٩٩١ کۆچی دوایی کرد.

لۆتە ئەرەڵ بەتایبەتی بەهۆی گەڕان و ئەو وێنانەی کە لە ساڵی ١٩٣٠ـدا چرکاندوونی، لە بواری ڕۆژنامەوانی دەرەوەی وڵات و کاری وێنەگریدا

بووە یەکێک لە پێشەنگانی بوارەکە. وەکو ڕۆژنامەوانێکی ژن، بە بوێریی بە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا گەڕا و بە بەڵگەکردنی ئەو دیمەنانەی خۆی دەیبینی، پسپۆڕانە جێپەنجەی خۆی لە مێژوودا جێهێشت. بەرهەمەکانی هەم لەڕووی هونەرییەوە و هەمیش لەڕووی ئەترۆپۆلۆژییەوە بەهایەکی گەورەیان هەیە.