خوێندنەوەی میدیایی بۆ مەراسیمی "چەک لەناوبردن"ـی گەریلا

لەڕاستیدا ئەوەی ڕوودەدات، لە گۆڕانکارییەکی تاکتیکی زیاترە؛ نیشانەی دەستپێکی پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ ئاساییکردنەوە، دیالۆگ و گۆڕانی 'سووژەیەکی چەکدار'ە بۆ 'چالاکوانی مەدەنی'.

مێژوو هەندێک جار بە واژۆکردنی پەیماننامەیەک لە کۆشکێکی سیاسیدا نانووسرێتەوە، بەڵکو بە پاشەکشەیەکی بێدەنگی هێزێکی گەریلا لە بەرەکانی شەڕ و دەرکەوتنی بێ چەک لە بەردەم کامێراکاندا دەنووسرێتەوە. دوا بڕیاری بەشێک لە هێزەکانی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری لە وەڵامی بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ شایەتحاڵی ساتێکی لەم شێوەیەیە: ساتێک کە نەک تەنها ستراتیژێکی سەربازی بەڵکو قۆناغێکی بیرکردنەوە و بەرخۆدان خەریکە سروشتی خۆی دەگۆڕێت.

بەڵام ئەوەی ڕووداوەکە دەکات بە خاڵێکی وەچەرخانی مێژوویی، تەنها لەناوبردنی چەک یاخود 'مەراسیم'ـێک نییە. گرنگیی ئەم ڕاستییە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بەجۆرێک لە جۆرەکان لە گۆڕەپانی میدیاییدا دەخرێتە ڕوو. تاوەکو ئەم ساتە، نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەوانی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی بەمەبەستی ڕووماڵکردنی ئەم ڕووداوە ئامادەیی خۆیان دەربڕیەوە؛ ئامارێک کە بۆ بزووتنەوەیەکی مەیدانی ناحکومی لە ناوچەیەکی وەک باشووری کوردستان بێ وێنەیە.

لەناوەڕۆکی ئەم کاردانەوە جیهانییەدا، کردەوەیەکی پەیوەندیدار هەیە: بڵاوکردنەوەی خۆبەخشانەی کۆتایی تێکۆشانێکی چەکداریی، بە زمانی مەدەنی و لە ژینگەیەکی نیمچە فەرمیدا، هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی متمانەی خەڵک و دووبارە پێشاندانەوەی ڕووخساری بزاوتێکی تێکۆشەر. ئەمە لە ڕوانگەی میدیاییەوە، تەنها هەواڵێک نییە بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکێکە. ئەوەی بزوتنەوەیەک کە دەیان ساڵ لە پەراوێزی جیهانیدا، بە چاوێکی ئەمنی سەیردەکرا، ئێستا بەنیازە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ خۆی بخاتە بەرچاوی ڕای گشتیی جیهانی، بەبێ هیچ فلتەر و سانسۆرێکی دەوڵەتان.

لە هەمان کاتدا، ڕووداوەکە وەک تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ توانای ڕاگەیاندنی سەربەخۆ لە ڕووماڵکردنی ڕۆژەڤگەلی ئاشتیخوازیشدا دەبینرێت. لە جیهانێکدا کە دیمەنی تفەنگێک زیاتر لە دیمەنی بانگەوازێکی ئاشتی دەبینرێت، ئەرکی ڕۆژنامەوانەنە دەنگی جیاواز بگوازنەوە؛ دەنگێک کە ڕەنگە هێشتا لە پشتی سەنگەرەکانی شەڕەوە نەبیسترێت، بەڵام پاشەڕۆش بونیات دەنێت.

لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گرنگییەکی تایبەتیی هەیە؛ پارتێک کە بە ناردنی چاودێرانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەوڵدەدات گۆڕانکارییەکان لە گۆڕەپانی سەربازییەوە پەلکێشی ناو کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکات. لەڕاستیدا ئەوەی ڕوودەدات، لە گۆڕانکارییەکی تاکتیکی زیاترە؛ نیشانەی دەستپێکی پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ ئاساییکردنەوە، دیالۆگ و  بوونی 'سووژەیەکی چەکدار'ە بە 'چالاکوانێکی مەدەنی'.

ڕووماڵی ئەم ڕووداوە، دەرفەتێکی بێوێنەیە بۆ ڕاگەیاندنەکان کە ڕۆڵێکی چالاکتر لە بونیاتنانی داهاتوودا بگێڕن. ڕاگەیاندنەکان ئەگەر بتوانن ئەم ساتەوەختە نەک لە چوارچێوەی سەردێڕە هەیەجانییەکاندا بەڵکو بە تێڕوانینێکی قووڵ، شرۆڤە و گێڕانەوەیەکی ئەخلاقی بخەنەڕوو، لەوانەیە بشێت بوترێت کە یەکێک دەبێت لە دەگمەنترین سەرکەوتنە ڕاستەقینەکانی ئاشتی کە بەدەست هاتووە.