هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی گازی کلۆریش بەکار دەهێنن

سوپای تورک ماوەی ٥ مانگە بۆ داگیرکردن هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و لەو هێرشانەدا هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی تاقیکردووەتەوە و ئیستاش لەم دواییانەدا قورسایی خستووەتە سەر بەکارهێنانی گازی کلۆر.

 

هێرشە داگیرکارییەکەی سوپای تورک لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ بۆ سەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێکردووە و ماوەی ٥ مانگە بەردەوامە. هێزەکانی گەریلا هەر لە سەرەتاوە پێشبینی ئەو هێرشەیان دەکرد، بۆیە لە سەرەتاوە چەندین ئامادەکاریی پێویستیان ئەنجام دا و پلانی داگیرکاریی ڕژێمی فاشیستی ئەردۆغان – باخچەلییان تێکشکاند. پلانەکە ئەوە بوو سەرەتا لە ماوەیەکی کورت دا و بە تایبەتی زاپ بخەنە ژێر دەستی خۆیان.

بە شەپۆلێکی هێرشی بەرفراوان وایان لێکدەدایەوە لە ماوەی مانگێکدا زاپ کۆنترۆڵ بکەن و هێزەکانی گەریلا لەو ناوچەیەدا بە تەواوی لە ناو ببەن، یان ڕادەستی خۆیانیان بکەن. لێکدانەوە و حساباتی ئەنقەرە لە زاپ بەدی نەهات. گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە سەرەتاوە بە ئیرادەی بەهێزی هێڵی بەرخۆدانی ئاپۆیی وەڵامی سوپای تورکیایان دایەوە و ئەو ئیرادەیە گەیشتوووەتە بەرزترین ئاست.

بە درێژایی شەوێک و بەبێ ڕاەستان ناوچەکانی بەرخۆدانیان بۆردومان کرد و هەزاران سەرباز و کۆنترا (دژە گەریلا)یان لەسەر تونێلەکانی شەڕ دابەزاند. ئەو وەڵامەی، کە لە ساتەکانی سەرەتادا پێیاندرایەوە ڕێگەی نەدا شەپۆلی هێرشەکە بەئامانجی خۆی بگات. تاکتیکی سەرەکیی هێرشی داگیرکەران ئەوە بوو، کە هەر لە سەرەتاوە لە دژی گەریلا چەکی کیمیایی بەکار بهێنن.

وەک دێتەوە یادی مرۆڤ، سوپای تورکی داگیرکەر لە شەڕی ساڵی ڕابردوودا خێرا و دەستبەجێ دەستی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەکرد. دوای ئەوەی لە سەرەتای شەڕەکەدا گورزی قورسی لێدرا دەستی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد، بەڵام لەشەڕی ئەمساڵدا هەر لە سەرەتاوە چەکی کیمیایی بەکارهێنا و هۆکارەکەشی ئەوە بوو، دەیویست لە ماوەیەکی کورتدا دید و چەمکی کاولکردن و وێرانکاریی هەمەلایەنە جێبەجێ بکات. سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ماوەی ٥ مانگ هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی گەریلا  هەزار  ٧٦٢ جار بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە. هێزەکانی گەریلا تا ئێستا ئەوەیان دەستنیشانیان کردووە، کە لەو هێرشانەدا ٥ جۆری جیاوازی کیمیایی بە ڕەنگ و تامی جیاوازەوە بەکار دەهێنرێن.

بەم دواییانە لە ٩ی ئەیلولدا بە گازی کلۆر هێرش کرایە سەر تونێلەکانی هێزەکانی گەریلا. بە پشتیوانی دەوڵەتانی ئەوروپا و ناتۆ هەموو ڕۆژێک تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی خۆی زیاتر دەکات. لە بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکانەوە هێز وەردەگرێت.

هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت

سوپای تورک چەندین ساڵە لە شەڕی پیسدایە لە دژی گەریلاکان و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، بەڵام هێندەی شەڕی دوو ساڵی ڕابردوو چەکی کیمیایی بەکار نەهێناوە. هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت بۆ نمونە وەک: ژەهری دژە دەماری مرۆڤ (تابون، سارین، سۆمان و ڤی ئیکس)، ماددەی سوتێنەری کیمیایی وەک (خەردەل، خەردەل لەگەڵ نایتروجین، لویسیت)، ئەو ماددە کیمیاییەکان کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سییەکان هەیە وەک (Fosgen, Difogen, Chlorpicrin), ، ژەهری سیستمیی وەک  (Hydrogen Cyanide, Hydrogen Sulfur), ، ئەو ماددە کیمیاییانەى، کە یادەگە و بیرەوەری تێکدەدا وەک (BZ, LSD)، ماددەی کیمیایی کە خۆ کۆنترۆڵکردن دەشێوێنێت (ئەو ماددە کیمییانە کە چاو دەسوتێنێتەوە  CN,CS,CR,  و دەبنە هۆی ڕشانەوە وەک  DM)، ئەو مادە کیمیاوییانە، کە گیا و ڕووەک وشک دەکەن وەک (٢، ٤-دی ، ٤، ٥_تی کاکۆدلیک ئەسید، پیکلۆرام) و چەندین ماددەی تری  کیمیایی. بە تایبەتی، ئەو ماددە کیمیاییانە، کە هەناسە دەبڕێن و سیستمی دەمار ئیفلیج دەکەن بەکار دەهێنرێن. بەکارهێنانی ئەو ماددانەش هەموویان دەچنە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

یەکێک لەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی، کە لەلایەن ڕژێمی فاشیستی ئەردۆغان - باخچەلی بۆ جینۆسایدکردن و پاکتاوکردنی کورد ئەنجام درا ئەوە بوو، کە لە ٩ی ئەیلول دا گازی کلۆرنی قەدەغەکراویان لە دژی تونێلەکانی جەنگ بەکارهێنا. لە راگەیاندراوی هەپەگە لە ٩ی ئەیلول دا هاتووە، گازی کلۆر لە دژی گەریلاکان بەکارهاتووە و گەریلاکان ئەو کارەیان بە شێوەیەکی ڕوون و زەق دەستنیشانکردووە.

یەکەم چەکی کیمیایی باوی قەدەغە کراو

هەموو کەسێک دەتوانێت بە بەردەوامی و بە ئاسایی ئەو گازە ببینێت، بەڵام گازی کلۆر یەکەم چەکی کیمیایی ئاسای و باوە، کە بەپێی یاسا نێونەتەوەیەکان قەدەغە کراوە. وەک دەزانرێت هەموو چەکەکانی دەرەوەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و ستراتیژی دەکەونە ناو چەکی باو و ئاسایی. بەکارهێنانی ئەو گازە، کە لە گازەکانی هەناسە بڕین پێکهاتووە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان قەدەغەکراوە.

پێشتریش گەریلاکان لە سەنگەرەکانی شەڕ لە شاخی شەهید بەرخوێدان لە مەیدانی بەرخۆدانی شەهید شاهین باسی ئەو گازەیان کردبوو. هەروەها شەهید باگەڕ فەرماندەی فیدایی مەیدانی بەرخۆدانی شەهید شاهین ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو کیمیاییەدا ماددەیەک بە ڕەنگی سەوز و ڕەنگی زەرد دەرکەوتووە و بۆنی دەرمانی شۆردنی جلوبەرگی لێدێت. ئەو گازە پێشتر و بە شێوەیەکی زۆر لە دەستی سوپای تورکدایە، بەڵام ئەم گازە چونکا بە چەکی کۆکوژ دەناسرێت قەدەغە کراوە. جێی سەرنجە وەک هەموو چەکە قەدەغەکراوەکانی دیکە، بوونی ئەم گازە لە دەستی سوپای تورک دا جێگەى خەم و نیگەرانی نییە بۆ کەس.

سوپای تورکی داگیرکەر لە ڕێگەی چەتەکان، کۆنتراکان و ئەو سەربازانەی بە پارە شەڕ دەکەن و ئەندامانی سوپای تایبەت ویستیان کۆتایی بە گەریلاکان بهێنن، بەڵام هەر، کە گەریلا هەنگاو بە هەنگاو گورزی قورسی لێدان، دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی هاوبەشن

سوپای تورک بە بەر چاوی جیهانەوە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانە، کە بۆ ڕێگەگرتن لەبەکارهێنانی ئەو چەکانە دامەزراون، هەموو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا چ بە بێدەنگییان و چ بەپشتیوانی خۆیان بەشدارن لەم تاوانەدا.

دەبێت گەل لە دژی ئەوە بوەستێتەوە. باری ئەم تێکۆشانە شانبەشانی گەریلاکانی ئازادی دەشکەوێتە سەر شانی هەموو تاکێکی کورد. دەبێت هەموو کەس بزانێت، کە ئەم هێرشە داگیرکارییانە و تاوانەکانی جەنگ تەنها دژی گەریلا نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژکردنی هەموو گەلی کورد ئەنجام دەدرێن. ئەگەر هێزێکی گەریلا هەیە، کە بۆ هەبوون و شکۆی گەلی کورد بە شێوەی فیدایانە بەرەنگاری دەکەن، ئەوا ئەو کاتە مافی هیچ کەسێک نییە، کە خۆی لەو تێکۆشانە بە دوور بگرێت.

ژ.ت