هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپ: لە کۆبانێ مرۆڤایەتی سەرکەوت

هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپ لەپەیامێکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی کۆبانێوە رایانگەیاند: " لە کۆبانێ مرۆڤایەتی سەرکەوت. بەرخودانی کۆبانێ ئێستا و ئایندە رۆشن دەکاتەوە".

هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) تونجەر باقرخان و تولای هاتیمئۆگیولاری بە بۆنەی نۆیەم ساڵیادی ١ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر رۆژی جیهانی کۆبانێ بە زمانەکانی کوردی، تورکی و عەرەبی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"پیرۆز بێت رۆژی جیهانی کۆبانێ، هێمای تێکۆشان و رووناکی!

لە نۆیەم ساڵیادیدا پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی مرۆڤایەتیدا بەسەر تارمایی داعش دەکەین.

لە تورکیا دەسەڵات دەیەوێت لە رێگەی دادگاکانی ژێر دەستیەوە سەرکەوتنی کۆبانێ کە تێکۆشان و رووناکی هاوبەشی مرۆڤایەتیە لەناوببات. ئێمە جارێکی دیکە بەڵێنی گوڕدان بە تێکۆشان بەو هەڤاڵانەمان دەدەین کە لە دۆسیەی کۆبانێدا دادگایی دەکرێن.

دەزانین کە ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ دەکرێنە سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا درێژەی هێرشەکانی داعشن. دەسەڵات دەیەوێت ئامانجی داعش بگەیەنێتە ئەنجام. لە رۆژئاوا ژیانێکی هاوبەش و دیموکراتیک لە ئارادایە و ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ گەلانی رۆژئاوا دەردەبڕین.

بە بەرخودانی کۆبانێ و پشتویانی ئینترناسیۆناڵیستەکانی گەلانی جیهان ئەمڕۆمان و داهاتوومان رۆشن دەبێتەوە. ١ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر رۆژی جیهانی کۆبانێ لە تەواوی گەلانی چەوساوەی جیهان بەتایبەتی گەلی کورد پیرۆز بێت. . #WorldKobaneDay".

هـ . ب