'هەتا مابم لە سەر ئەو رێبازە دەبم'
محەمەد ئیلدەم دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازادکرا و لە مێردین لەلایەن کەسوکار و نەوەکانیەوە پێشوازی لێکرا. ئیلدەم وتی، :پەسیمان نیم، هەتا ماوین ئەم رێبازە بەرنادەین".
محەمەد ئیلدەم دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازادکرا و لە مێردین لەلایەن کەسوکار و نەوەکانیەوە پێشوازی لێکرا. ئیلدەم وتی، :پەسیمان نیم، هەتا ماوین ئەم رێبازە بەرنادەین".
محەمەد ئیلدەم لە ساڵی ١٩٩٣لە ئەدەنە دەستبەسەرکرا و لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە بە پاساوی "تێکدانی یەکپارچەیی و ئاسایش دەوڵەت" سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو. محەمەد ئیلدەم دوێنێ لە زیندانی بورهانیەی جۆری تی بالیکەسیر ئازادکرا. ئیلدەم ئەمڕۆ چووەوە بۆ مێردینی زێدی خۆی. محەمەد ئیلدەم لە فڕۆکەخانە لەلایەن کەسوکار و نەوەکانیەوە پێشوازی لێکرا. بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی لە زیندانیان و بنەماڵەی زیندانیان (توهایدەر)، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)ش بەشدارییان لە پێشوازی کردن لە محەمەد ئیلدەمدا کرد.
'لەپێناو ئازادی گەلی کورد'..
جەماوەرەکە کە بە مەبەستی پێشوازی لە فرۆکەخانە کۆببوونەوە بە چەپڵەرێزان و بە گوڵ پێشوازییان لە محەمەد ئیلدەم کرد. ژنان هەڵپەڕکێیان کرد و دەسماڵی رەنگاورەنگیان هەژاند. ئیلدەم یەک بە یەک سڵاوی لەو کەسانە کرد کە لە فڕۆکەخانە هاتبوونە پێشوازی. ئیلدەم بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە نەوەکانی کرد و لەپای ئەو هەموو ساڵە دابڕانە لێیان فرمێسکی هەڵڕشت. نەوەکانی بە دیاری تەزبیحێکیان پێدا.
ئیلدەم لە مەراسیمی پێشوازی کردنەکەدا قسەی کرد و باسی لەوەکرد، کە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە زینداندا بووە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "بەڵام لەپێناو ئازادی گەلی کورد ئەوە کەمە. ئێمە چەندەش لە زینداندا بین بەلامانەوە کێشە و دژوار نییە. هەرچۆنێک بێت ئێمە لە زیندان دێینە دەرەوە.. لەسایەی ئیرادەی مرۆڤەوە ەوە دژوار نییە. لەبەر ئەوە پەشیمان نیم. تا ماوین لەسەر ئەو رێبازە دەبین و ئەو رێچکەیە بەرنادەین".
محەمەد ئیلدەم دواتر لەگەڵ ئەو کەسانەی بۆ پێشوازی هاتبوون، روویان کردە گوندی ئالوجای سەر بە ناوچەی رشملێی هەرێمی عومەریە. ئیلدەم لە گوندەکەشی لەلایەن بنەماڵە و گوندنشینانەوە پێشوازی لێکرا.
هـ . ب