" کاروان هۆرام خەونی گەورەی هەبوو بۆ گەیشتن بە ئازادی"
لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت: "کاروان هۆرام ئەرک و بەرپرسیاریەتی قورس بوو بەرامبەر خەڵکی چونکە نموونەکانی شەهید کاروان مرۆڤی کورد دروست دەکەنەوە".
لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت: "کاروان هۆرام ئەرک و بەرپرسیاریەتی قورس بوو بەرامبەر خەڵکی چونکە نموونەکانی شەهید کاروان مرۆڤی کورد دروست دەکەنەوە".
لەتیف فاتیح فەرەج رۆژنامەنووس، نووسەر و کەسایەتی ڕووناکبیری دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، کە ناوبراو لەهەمان کاتدا کە هاوپیشە و هاوڕێی شەهید کاروان هۆرام بوو، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، دەربارەی شەهید محەمەد مەلیک ناسراو بە (کاروان هۆرام) دوا.
لە چاوپێکەوتنەکدا، لەتیف فاتیح فەرەج باسی لە چۆنیەتی ئاشنا بوون و ناسینی شەهید کاروان هۆرام کرد، هەروەها باسی لە تایبەتمەندییەکانی شەهید کاروانی کرد و چەند یادەوەرییەکی گێڕایەوە کە جێگای خۆی لەلای جێهێشتبوو، هەروەها رۆڵی دایکانی وەکو دایکی (محەمەد مەلیک) ناسراو بە کاروانی بەرز نرخاند و پەیامی ئاڕاستە دایک و بنەماڵەی شەهید کاروان کرد.
بەو شێوەیە ئاشنای شەهید کاروان بووم
لەتیف فاتیح فەرەج رۆژنامەوان و نووسەر، سەبارەت بە چۆنیەتی ناسینی شەهید کاروان هۆرام، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "سەرەتا دروود بۆ شەهیدانی ڕاستەقینەی وەکو شەهید کاروان هۆرام، چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک کە دەچووم بۆ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵێک ئەو کاتە شەهید کاروانم ناسی، کاتێک گفتوگۆم لەگەڵی کرد هەستمکرد کەسێکی زۆر خوێندەوارە و ئاشنایەتیەکی زۆر باشی لەگەڵ کتێب هەیە بەو شیوەیە ئێمە بووینە برادەر و هەرکاتێک کە کتێبێکی تازە دەردەچوو ئاگادارمی ئەکردەوە، هەرچەندە بەهۆی سەرقاڵی کارەوە ناوبەناو دادەبڕاین بەڵام برادەریمان هەر مابوو، ئێوارانێک کە لەگەڵ هەڤاڵێکی بەناو ڕێباز لە کەرکوکەوە هاتن بۆلام، ئەو شەوە زۆر گفتوگۆمان کرد لەسەر چەندین بابەتی وەکو (زمان، نەتەوە، گەل، ئازادی و چەندین بابەتی دیکە) کە شەهید کاروان شارەزایەتیەکی زۆری لەو بابەتانە هەبوو، هەرچەندە چەندین جار یەکترمان بینیوە بەڵام دەرفەت نەبووە بەتێر و تەسەلی گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە بکەین بەڵێنیشماندابوو کە زیاتر لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆ بکەین بەڵام بەداخەوە دەرفەت نەبوو".
کاروان شۆرشگێرانە بە موڕاڵەوە قسەی ئەکرد
سەبارەت بە کەسایەتی شەهید کاروان هۆرام، لەتیف فاتیح فەرەج بەم شیوەیە باسی کرد: "کاروان کەسێکی زۆر خوێندەوار و ئارام بوو و زۆر لەسەرخۆ گفتوگۆی دەکرد، کاروان بیری ئەکردەوە ئینجا قسەی ئەکرد کە ئەوەش یەکێک لە جوانیەکانی مرۆڤە، شەهید کاروان شۆرشگێرانە بە موڕاڵەوە قسەی ئەکرد، زیادەڕۆ قسەی ناکرد و بێ بایەخیی ناکرد لە قسەکردندا، کاروان نموونەی کادیرێکی ڕووناکبیربوو کە خەونی بە ئازادییەوە ئەبینی".
کاروان هۆرام خەونی گەورەی هەبوو بۆ گەیشتن بە ئازادی
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە کەسایەتی شەهید کاروان هۆرام، لەتیف فاتیح فەرەج ووتیشی: "کاروان یەکێک بوو لەو کوڕانەی کە خەونی گەورەی هەبوو بۆ گەیشتن بە ئازادی و گەیشتن بە ئامانج، ئازادبوونی تەواوی مرۆڤایەتی، ئەوەی بەلای منەوە جێگەی داخەوە ماوەیەک بەر لە شەهیدبوونی پێشنیارێکی بۆم کرد کە پێکەوە ماڵپەرێک دروست بکەین و من سەرپەرشتیاری بم، یەکێک لە خەونەکانی شەهید کاروان ئەوە ماڵپەربوو کە کاربکات بۆ پرسی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان کە بابەتەکانی لەچوارچێوە بێت کە (کورد خاوەن خۆی بێت و نەچەمێتەوە، وە لەسەر پێ وەستانەوە گەلی کورد و نەهێشتنی جاشایەتی لەناو کورددا)، بۆ مێژوو دەیلێم کە شەهید کاروان بۆ ماڵپەرەکە ووتی ' تەواوی لایەنی پێداویستی و مادی ماڵپەرەکە دابین دەکەم تەنها تۆ سەرپەرشتیاری بکە'، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیەوە داوام کرد لەسەرم ڕابوەستێت تا خۆم یەکلایی ئەکەمەوە، بەڵام بەداخەوە مەرگی شەهید کاروانم بیست".
نموونەکانی شەهید کاروان مرۆڤی کورد دروست دەکەنەوە
سەبارەت بەکارکردنی شەهید کاروان هۆرام وەکو رۆژنامەنووس و شۆرشگێر، ئەو رۆژنامەنووسە ووتی: "کاری رۆژنامەوانی بۆ هەموو کەس سەخت نیە تەنها بۆ ئەو کەسانە سەختن کە شۆرشگێرن، ئەگەر نا کاری رۆژنامەنووسی سەخت نیە بۆ ئەو کەسانەی کە لەسایەی دەسەڵات و حزبە سەردەستەکانی ووڵاتان کاردەکەن، بەڵام کاری رۆژنامەنووانی بۆ کاروان هەندێک لەوانەی کە گەیشتنە کاروانی شەهیدان بۆ ئەوان سەختە، کاری رۆژنامەوانی بۆ شۆرشگیرانی وەکو شەهید کاروان و هەڤاڵانی ئەرکەکەی قورسە چونکە بەرپرسیاریەتیان قورسترە بەرامبەر خەڵکی چونکە نموونەکانی شەهید کاروان مرۆڤی کورد دروست دەکەنەوە، مرۆڤی کورد بە کەسانی وەکو کاروان و هاورێکانی دێنەوە سەر پێ، بەڕاستیش کاروان و کاروانەکان رۆڵی گەورەیان بینیوە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردیدا".
لە وەڵامدانەوەدا کەسێکی ئامادە و قسەخۆش بوو
سەبارەت بە یادەوەرییەکانی لەگەڵ شەهید کاروان، لەتیف فاتیح فەرەج، باسی چەند بەسەرهاتێکی بوێرانە و کۆمیدی کرد کە بوێری شەهید کاروانی دەسەلماند، هەروەها باسی چەندین گفتوگۆی جیاوازی لەگەڵ شەهید کاروان هەورامی کرد سەبارەت بەکاری رۆژنامەوانی و خوێندنەوە، هەروەها ووتیشی "یادی بەخێر کاروان کەسێکی ئامادەبەدەست بوو لە وەڵامدانەوە و قسەی خۆشی هەبوو".
دایکی ئەو کوڕە نازدارەی بۆ نشتیمان پەروەردە کرد
هەروەها ئەو هاوڕێ شەهید کاروان لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوراتەوە پەیامێکی ئاڕاستەی دایکی شەهید کاروان کرد و ووتی: "لێرەوە دەستی دایکی کاروان ماچ دەکەم بەڕاستی وەکو دایکی ووتی شەهید نامرن، کاروان زۆر هۆگری دایکی بوو وە زۆر باسی دایکی ئەکرد، ئەو دایکانەی وەکو دایکی شەهید کاروان کە ئەو کوڕە نازدارانە بەخێو ئەکەن و پەروەردەی ئەکەن بۆ نیشتیمان هیوادارم هەمیشە پایەداربن، سڵاوم هەیە بۆ گوند و شارەکەی (محەمەد مەلیک) ناسراو بە کاروان هۆرام و هیوادارم رۆژێک لە گوندەکەی خۆی بە سەربەرزانە یادی شەهید کاروان بکەینەوە".
لەهەموو دانیشتنەکانم لەگەڵ کاروان بەشێک لە باسەکان دەچووینەوە سەر باسی دایک
سەبارەت بە باس کردنەکانی شەهید کاروان دەربارەی دایکی، ڕایگەیاند: "شەهید کاروان باسی دایکی دەکرد و باسی پەیوەندی دایکایەتی کوردی دەکرد کە رۆڵێکی گەورە دەبینن لە بنیادنانی رۆڵەکانیان، ئەگەر بەقسەی دایکەکان بێت نابێت کورد هیچ جاشێکی تێدا دروست بێت چونکە هیچ دایکێکی ناپاک (خاین) نیە لەناو کوردا، دایکی کاروانیش یەکێک بوو لەوانەی کە کاروانی بۆ نشتیمان گەورە کردبوو، کاروان باسی خواردنەکانی دەستی دایکی دەکرد و باسی خۆشەویستیەکانی خۆی و دایکی دەکرد، لە هەموو دانیشتنەکانمان بەشێک لە باسەکان دەچووینەوە سەر باسی دایک، بۆ کەسانی وەکو کاروان و من دایک بایخێکی گەورەی هەیە چونکە دایک دەتوانێت نەوەیەکی گەلێک دروست بکات کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت بە تایبەتی دایکانی کورد کە بەدرێژایی مێژووی کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە نەوەیەکی تەندروست دروست بکەن بەڵام بارودۆخی جیۆپۆلتیکی کوردستان و دابەشبوونی کوردستان وایکردووە کە دایکەکان هەرئەوەندەیان لەتوانا بێت".
هیوادارم رۆژێک دایکی لەسەر گۆڕەکەی کاروان بانگەوازی ئازادی بکات
لەتیف فاتیح فەرەج هاوڕێی شەهید کاروان هۆرام بەم شێوەیە باسی لە پەیوەندی نێوان کاروان هۆرام و دایکی کرد: "دایکەکان مرۆڤەکانیان بۆ ئازادی و تێکۆشان ڕۆڵەکانیان پەروەردە کردووە، پەیوەندی نێوان کاروان و دایکی وەکو پەیوەندی نێوان هەر دایکێک و شۆرشگێرێک بوو کە پەیوەندییەکی گیانی بوو، کاروان و دایکی وەکو زۆرێک لە دایک و کوڕێکی ئەم نشتیمانە زۆرێک خەون و ئومێد و هیوایان هەبوو کە لەئایندەدا بەدی بێت، هیوادارم ئەو خەونانەی کە کاروان خۆی نەیبینی وەکو گەیشتن بە ئازادی هیوادارم بۆ دایکی بێتەدی، هیوادارم رۆژێک دایکی لەسەر گۆڕەکەی کاروان بانگەوازی ئەوە بدا بە گۆێی کاروان و هەموو شەهیدان کە ' ئەوە ئێمەش لەسەر پێی خۆمان وەستاوین' ".
بەداخەوە ئەوە دوژمنانمانە ناهێلن ئەو خەونانە بێنەدی
لە کۆتایدا لەتیف فاتیح فەرەج دەربارەی ئاوات وهیوای دایکی کاروان و دایکانی کورد ووتی: "دایکانی وەکو دایکانی کاروان و دایکانی ئێمە هیچ کات داوای زۆر شتیان نەکردووە، لەم جیهانەدا تەنها داوای ئازادییان کردووە و داوای بەختەوەرییان بۆ منداڵەکانیان کردووە کە وەکو منداڵانی گەلانی جیهان خەونیان هەبێت و دڵخۆشبن، بەداخەوە ئەوە دوژمنانمانە ناهێلن ئەو خەونانە بێنەدی".
هـ . ب