لە ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە:
" لە ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٢، شۆڕشی ڕۆژئاوا هەڵگیرسا، ئەم شۆڕشە یەکێکە لە هەنگاو و پەرەسەندنە گرنگەکانی مێژوو. ١١ ساڵ بەسەر ئەم پەرەسەندنە مێژووییە تێپەڕی. ١١ ساڵە، شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرپەرچی هێرشەکانی قڕکردن و کۆڵۆنیاڵیزم و پاشڤەڕۆیی و فاشیزم دەداتەوە. هێشتاش ئەم شۆڕشە ئومێدێکە بۆ ژیانی یەکسان و ئازاد و دیموکراتیک بۆ گەلانی کوردستان و سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان. شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆزدەکەین، کە ١١ ساڵە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بەرخۆدان دەکات و پووچەڵیان دەکاتەوە. سڵاو لەم پەرەسەندنە مێژووییە دەکەین. هەروەها ئەم شۆڕشە مەزنە پیرۆزدەکەین لە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەلانی کوردستان، ژنان، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان. لە کەسێتی شەهیدانی ئەم شۆڕشە مەزنەدا، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە، بەڵێنەکەمان بۆ شەهیدان دووپات دەکەینەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا، میراتی هاوبەشی گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و ژنان و گەلانی چەوساوەی جیهانە، هی هەموو ئەوانەیە لەپێناو یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن. بەشێکە لە تێکۆشان لەپێناو یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی، هەنگاوێکی مەزنە و لەسەر ئەم بناغەیە هەڵگیراوە.
شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە بەرئەنجامی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد هەڵگیرسا. سەرەتای ئەم شۆڕشە لەسایەی خەبات و کۆششی دەیان ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ پێکهات. ڕێبەر ئاپۆ لەڕێگەی خەباتی خۆیەوە، بناغەی هزری و ڕێکخستنی ئەم شۆڕشەی دامەزراند. شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بناغەی هزر و پارادایم و خەباتی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی سەند. پیرۆزبایی ئەم شۆڕشە لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و سوپاسی دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئەم پەرەسەندنە مێژووییە.
بەشدارییەکی گرنگ هەبوو لە تێکۆشان و پشتیوانی ئەنتەرناسیۆنال لەپێناو پەرەپێدان و پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا. کاتی باسکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا، یەک لە ئاستە سەرەکییەکان دەبێت بیزانین، تێکۆشانی ئەنتەرناسیۆنالە. چەندین شۆڕشگێڕ بە هەستی ئەنتەرناسیۆنالەوە، لە سەراپای جیهانەوە هاتنە ڕۆژئاوا و دەیان شەهیدیان بەخشی. لە یازدەهەمین ساڵیادی شۆڕشەکەدا، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی شەهیدە ئەنتەرناسیۆنالەکان دەکەینەوە. ئەم تێکۆشان و فیداکارییە هەڵگری مانایەکی قووڵە و نرخەکەی ناپێورێت. ئەم تێکۆشان و فیداکارییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە. ئەو گەنج و ژن و گەل و کەسانەی لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و سۆسیالیزم تێدەکۆشن، پشتگیری شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن. پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەین بەشداربوون لە پشتیوانی ئەنتەرناسیۆنال و تێکۆشانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، سڵاو و ڕێزیان بۆ دەنێرێن.
شۆڕشی ڕۆژئاوا پشت دەبەستێت بە ئەنجامی تێکۆشانەکان لەپێناو یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، وانەی لەم شۆڕشانەی پێشوو وەرگرت و لەسەر ئەم بناغەیە پێکهات. ڕێبەر ئاپۆ پەرەسەندنی مێژوویی مرۆڤایەتی سەرلەنوێ خوێندەوە، جیاوازییەکانی دەرخست لەنێوان سیستەمی دەوڵەتی چەوسێنەر و ئەو سیستەمە جڤاکییەی لەسەر یەکسانی و ئازادی و ژیانی دیموکراتیک بەندە. ڕێبەر ئاپۆ پارادایمێکی نوێی دامەزراند لەپێناو پەرەپێدانی شۆڕشەکان لەسەر بناغەی ئازادی. شۆڕشەکانی پێشوو ئەنجامی خوازراویان بەدەست نەهێنا، چونکە پەنایان بردە بەر سیستەمی دەوڵەتپارێز و لەلایەن سیستەمی دەوڵەتپارێزەوە قوتدران. ڕێبەر ئاپۆ تێگەی سۆسیالیزمی لەدرەوەی دەوڵەت و لەسەر بناغەی ئایدۆلۆژیا و ڕێکخستن پەرەپێدا. جیاوازی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم تێگەیشتنەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سۆسیالیزم لەدەرەوەی دەوڵەت. شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بناغەی ئەم تێگەیشتنە پێشکەوت و چەندین هەنگاوی گرنگ هەڵگیران. ئەم پەرەسەندنە لەڕووی تێکۆشانی یەکسانی و ئازادی و دیموکراسییەوە فرە گرنگە.
شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژن و خاوەن ڕێبازێکی دادپەروەر لێی دەڕوانرێت. یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتەکانی ئەم شۆڕشە، پشت بەستنە بە تێگەیشتنی ئازادی ژنان. ئەمە خەسڵەتی جیاکەرەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوایە لە شۆڕشەکانی تر. هەروەها هێمایە بۆ هێزێکی مەزن. چونکە ژن ئەندامی سەرەکییە لە ژیانی جڤاکیدا. لەم بارەیەوە، کاتێک باس لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکرێت، ڕاستی سەرەکی بریتییە لە بەگژاچوونەوەی زیهنیەتی پیاوسالار و خۆسپاردن بە ئازادی ژنان. ژن خاوەنی ڕۆڵی سەرەکی و پێشەنگایەتییە لە پێکهاتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا سەرنجی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان و هەموو ئازادیخوازێک بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک هیوایەک دەبینرێت.
شۆڕشی ڕۆژئاوا پشت دەبەستێت بە تێگەیشتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و نەتەوەی دیموکراتیک، بۆیە باشترین پارادایمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین. چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کێشەکان لە زیهنیەت و سیستەمی دەوڵەت_نەتەوەوە سەرهەڵدەدەن. دەوڵەت_نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، پاش جەنگی جیهانیی یەکەم لەسەر بناغەی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزەکانی سیستەمەکە پێکهات. بەم شێوەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە ئیمپریالیستەکان دیزاین کرایەوە، گەل و جوگرافیا مێژووییەکان پارچەکران. بێگومان گەلی کورد لە هەموو گەلانی تر زیاتر گورزی بەرکەوت. کوردستان کرایە ٤ پارچە لەنێو دەوڵەت_نەتەوەکاندا، گەلی کورد خرایە نێو بازنەی نکۆڵی و وێرانکردن و قڕکردن. ئامانجی تێکۆشانەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەوە بوو، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە. بە شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەم هزرەی رێبەر ئاپۆ و نزیکایەتییەی چارەسەر، زیندووتر بوون. هاوکات ئەم پەرەسەندنە بووە باشترین هەڵوێست دژی پەیماننامەی لۆزان، لەیادی سەد ساڵەی واژۆکردنی. ئەگەر مرۆڤ دژی پەیماننامەی لۆزان بێت و یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنێت، ئەوا شۆڕشی ڕۆژئاواش دەپارێزن. لەسەر ئەم بناغەیە، پێویستە هەموو هێزە وڵاتپارێزەکان بەرپرسیارێتی مێژوویی هەڵبگرن، لەدەوری شۆڕشی ڕۆژئاوا کۆببنەوە و یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن.
شۆڕشی ڕۆژئاوا و هێزە شۆڕشگێڕەکان، چەتەکانی داعشی فاشیستن و پاشڤەڕۆیان شکاند و جیهانیان لە مەترسییەکی مەزن پاراست. بێگومان لە شەڕکردن دژی فاشیزمی داعش، زیاتر لە ١١ هەزار شەهیدی کردە قوربانی و سەرکەوت. بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستییانەی لای هەمووان ئاشکرایە، کەچی دەوڵەتان نادادپەروەرانە مامەڵە دەکەن. بەپێچەوانەوە، هیچ هەڵوێستێک وەرناگرن دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست، ئەو دەسەڵاتەی چەتەکانی داعش لەخۆدەگرێت، لە دژی ڕۆژئاوا و گەلان قڕکردن ئەنجام دەدات؛ نەوەک دژی ناوەستن، بەڵکو پشتیوانی ئەم هێرشانە دەکەن و پەسەندی دەکەن. لە کۆبوونەوەی دواهەمینی ناتۆ، ڕێککەوتن و بڕیارەکان دژی کورد و ڕۆژئاوا بەڕوونی دەرکەوت لە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەی بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا وێڵن. ئەم بڕیار و ڕێککەوتنانە، دەچنە خزمەتی سیاسەتی قڕکردنی کورد و هاوبەشیکردن لەم قڕکردنە.
ئەم نزیکایەتییە بەرامبەر گەلی کورد و ڕۆژئاوا جێگەی قبووڵکردن نییە. شۆڕشی ڕۆژئاوا مرۆڤایەتی لە داعش پاراست و هەزاران شەهیدی لەم پێناوە بەخشی. دەبێت ئەم هەڵوێستە بەرامبەر گەلی کورد و ڕۆژئاوا هەڵوەشێتەوە، نابێت پشتیوانی دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بکرێت. چونکە ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتە هەڵگری زیهنیەتێکی دژە کوردە، هەموو پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای هەستی دژایەتی کورد بەڕێوەدەبات. مادام دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە نزیک دەبێت، نابێت هیچ هێز و دامەزراوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەسەر بناغەی دژایەتی کورد دابمەزرێنێت.
پێویستە دەوڵەتان، بەتایبەت هێزەکانی ناتۆ، ئەم هەڵوێستە هەڵەیە ڕاست بکەنەوە و پشتیوانی سیاسەتەکانی دژی گەلی کورد نەکەن.
هیچ کەسێک نییە لە جیهاندا نزیکایەتی دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بەرامبەر گەلی کورد نەزانێت. دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، بەڕوونی دژی کوردن. بەهۆی ئەم زیهنیەتەوە، دەیانەوێت سیستەمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناوببەن. ئەمە ئامانجی هێرش و هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورک دژی سوریا و ڕۆژئاوا لەسەر بناگەی داگیرکاری و ستەم و قڕکردن. هەروەها دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لەڕێگەی سڕینەوەی شۆڕشی ڕۆژئاواوە دەیەوێت ڕەوشێکی ناکوردی پەرەپێبدات. پاساوەکانی ڕاست نین، بەڵکو تەنها پاساون بۆ هێرشکردن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت دیمۆگرافیای هەرێمە داگیرکراوەکان بگۆڕێت، کوردەکان ئاوارە دەکات و کەسانیتر نیشتەجێ دەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە زانراوە. ئەم سیاسەتە تەنها لە ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو سەرتاپای کوردستان دەگرێتەوە. گەلەکەمان ئەم خەسڵەتەی دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەناسێتەوە.
هەمووان ئەم ڕاستییە دەزانن. بەڵام هەندێک خیانەتکار و بەناو کورد خۆیان دەفرۆشن، لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەوەستن و پەیوەندی دەگرن. دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، ئەرکی پاساوهێنانەوەی هێرشە داگیرکارییەکان و قڕکردنی خستۆتە ئەستۆی ئەم خیانەتکار و هاوکارانە. ئەم خیانەتکارە بەناو کوردانە، لەپێناو پارە و دەسکەوت و قازانج ئەم کارە شەرمەزارییە دەکەن. لەڕێگەی چەندین پاساو و بۆچوونەوە، هەوڵدەدەن ئەم هەڵوێستەیان لە ڕای گشتی بشارنەوە. ئەمە ئەو مەترسییەیە دەبێت وەک خاڵی سەرەکی و تێکۆشان ببینرێت بەنیسبەت شۆڕشی ڕۆژئاوا و سەرتاپای کوردستانەوە. بەتایبەت پێویستە سیاسەتمەدارو ڕۆشنبیر و وڵاتپارێزانی گەلی کورد جەخت لەمە بکەنەوە، دەبێت هەڵوێستیان هەبێت و گەل لەم پرسە ئاگادار بکەنەوە. ئەمە ئەرکێکی وڵاتپارێزانەیە.
پیلانەکانی دەوڵەتی تورک و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زانراوە. پێویستە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای بەرخۆدەر لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان بوەستن دژی هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردن. بەم هۆیەوە، دەبێت هەموو گرنگییەک بدەن بە بەرخۆدان، ئامادەی شەڕ بن، بگەنە ئاستێک، بتوانن هەموو هێرشێک پووچەڵ بکەنەوە. دەبێت گەلی کوردستانی وڵاتپارێز لە هەموو شوێنێکدا پشتیوانی کارا و تێکۆشان بکەن لەگەڵ گەلی ڕۆژئاوا. هەروەها پێویستە گەنجان و ژنان و گەل و هەموو شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست و پێشکەوتووخواز و دۆستان لە هەموو جیهان پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەن، دژی ئەو پەیوەندییانە بوەستنەوە کە دەوڵەتان لەگەڵ دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دژی گەلی کورد بەستوویانە، هەنگاوی پێویست بگرنەبەر لەپێناو پاشکەشکردنی ئەم دەوڵەتانە. ئەگەر ئەم جۆرە لە تێکۆشان و بەرخۆدانی گشتگیر پەرە بسێنێت، دەتوانرێت هەموو هێرشەکان دژی ڕۆژئاوا پووچەڵ بکرێنەوە و مەترسییەکان بڕەوێنرێنەوە. ئێمە بانگەواز لە هەمووان دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان لەسەر ئەم بناغەیە جێبەجێ بکەن. سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا لێدەدات، بەتایبەت بۆ ڕۆژئاوا و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنین".