كۆمیته‌ی دیپلۆماسی په‌ژاك: هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئاسۆس به‌ڕێكه‌وت نییه‌

كۆمیته‌ی دیپلۆماسی په‌ژاك هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر به‌رزاییه‌كانی ئاسۆسی شه‌رمه‌زار كرد و له‌ چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی رژێمه‌ فاشیسته‌كانی ئێران و توركیا له‌ دژی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی گه‌لی كورد هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌و هێرشانه‌ كردووه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كۆمپیته‌ی دیپلۆماسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (په‌ژاك) له‌باره‌ی هێرشی ئاسمانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر ئاسۆس به‌م جۆره‌یه‌:

بۆ رای گشتیی و گه‌له‌كه‌مان

رۆژی ٢٦ی ئه‌یلولی ٢٠٢٢ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له‌ كاتژمێر ٣ بۆ ٤ی پاشنیوه‌ڕۆ پێگه‌كانی هێزی گه‌ریلای له‌ هه‌رێمی ئاسۆس كرده‌ ئامانج و ١٥ جار بۆردومانی ئه‌نجامدا، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هیچ جۆره‌ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. وه‌ك كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (په‌ژاك) به‌ توندی ئه‌م هێرشانه‌ی سوپای توركی داگیركه‌ر شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین.

هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی سوپای داگیركه‌ری تورك بۆ سه‌ر هه‌رێمی ئاسۆس به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رژێمی ژنكوژ و گه‌لكوژی ئێران ئه‌نجامدراوه‌، چونكه‌ له‌ قۆناغێكدا كه‌ راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئارادایه‌، هێرشی تۆپخانه‌كانی سوپای پاسدارانی داگیركه‌ر و بۆردومان ئاسمانی سوپای توركی فاشیست به‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی باشوری كوردستان و به‌ شێوه‌ی هاوته‌ریب و به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن. هه‌ر دوو رژێمی فاشیست به‌ پێویستیان بینیوه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی شكاندنی وره‌ی گه‌لی راپه‌ڕیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ رۆژانی رابردوودا ده‌ست بۆ ئه‌م هێرشانه‌ ببه‌ن و بابه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌لانی ئێران و پرسی كورد بخه‌نه‌ په‌راوێزه‌وه‌. ئامانجی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ فاشیسته‌، چڕكردنه‌وه‌ی گوشاره‌كان له‌سه‌ر گه‌لی ئازادیخواز و دیموكراسیخوازی كورد و به‌لاڕێدابردنی رای گشتیی ناوچه‌كه‌ و جیهان و دورخستنه‌وه‌ی سه‌رنجه‌كانه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی تۆقاندنه‌وه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان پرسی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رتاسه‌ری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌لاڕێدا ببه‌ن و له‌و باره‌وه‌ چه‌واشه‌كاری بكه‌ن. كرده‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوو رژێمی داگیركه‌ر له‌ دژی یه‌كگرتوویی گه‌لان و خه‌ڵكی ئێرانه‌.  به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هێرشی له‌م چه‌شنه‌ی دوژمنی فاشیست نابێته‌ هۆی لاوازكردنمان و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ پێداگری زیاتره‌وه‌ تا ئازادی درێژه‌ به‌ تێكۆشان ده‌ده‌ین.

هه‌ر دوو رژێمی فاشیستی ئێران و تورك هه‌رچه‌نده‌ دوژمنایه‌تیه‌كی مێژوویی له‌نێوانیاندایه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر پرسی كورد و سه‌ركوتی گه‌لان هیچ ناكۆكییه‌كیان نییه‌ و له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی هاوبه‌شه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی ئازادیی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

ئێمه‌ وه‌ك كۆمیته‌ی دیپلۆماسی په‌ژاك وێڕای دووباره‌ شه‌رمه‌زاركردنی هێرشی ئاسمانی سوپای توركی فاشیست بۆ سه‌ر چیاكانی ئاسۆس و هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی و هه‌ماهه‌نگی نێوان دوو ده‌وڵه‌تی فاشیستی ئێران و تورك، رایده‌گه‌یه‌نین: له‌كاتێكدا سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ پێشه‌نگایه‌تی به‌هێزی گه‌لی كورد له‌ ئارادایه‌، هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئاسۆس به‌ رێكه‌وت نییه‌ و ئامانجی چه‌په‌ڵ و وێرانكارانه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ حه‌شار دراوه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م هێرشانه‌ له‌ دژی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌لانه‌. به‌م بۆنه‌وه‌ وێڕای به‌رزنرخاندن و رێزلێنان له‌ گه‌لانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، فیداكاری گه‌لی كورد، پشتیوانی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وا و ئازادیخوازانه‌ی گه‌ل و ژنان ده‌كه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازادی نزیكه‌، به‌رده‌وامی رابروون و سه‌رهه‌ڵدانه‌كان چاره‌نوسساز و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن. ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ به‌ ئازادی ژنه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌ ئازادی سه‌رجه‌م گه‌لانه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئامانج".

هـ . ب