'کۆنفرانسەکە وەڵامگۆی بانگەوازیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە'
بەشدارانی کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم کۆنفرانسە دەتوانێت ببێت بە وەڵامێکی گرنگ بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ.
بەشدارانی کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم کۆنفرانسە دەتوانێت ببێت بە وەڵامێکی گرنگ بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ.
بە بەشدارییەکی بەرفراوانی ڕووناکبیر، چالاکوان و ئەکادیمیسیەنان لە سەرانسەری عێراق و باشووری کوردستانەوە، یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال بەڕێوەچوو. بەشدارانی کۆنفرانسەکە، لەبارەی گرنگی و کاریگەریی کۆنفرانسەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
چالاکوانی مەدەنی ئەڤین ئەمین: ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی وا گرنگدا و لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە، لەبەرئەوەی شەنگال و گەلەکەی پێویستی بەم هەنگاوانە هەیە. کۆنفرانسەکە وەکو هەنگاوێکی دەستپێک، بە ئەنجامی گەورە کۆتایی پێکهێنرا. ئێمە وەکو کۆمەڵگەی ئێزدی ئەم هەنگاوەمان نا، هەڵبەتە دوا هەنگاو نابێت. لەهەر کات و ساتێکی گونجاودا بەردەوامی بە کار و خەباتی لەو شێوەیە دەدەین.
مامۆستای زانکۆ فازڵ غازی کە لە سلێمانییەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو ڕایگەیاند: کۆنفرانس و هەنگاوی لەو شێوەیە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی هەنگاوێکی مێژووییە، لەبەرئەوەی لە مێژوودا کۆمەڵگەی ئێزدی دێرینترین گەلی سەر زەوییە. سەرەڕای ئەم دێرینییەی، بەدرێژایی مێژوو هەمیشە ڕووبەڕووی فەرمان، تاڵانی و کۆمەڵکوژی بووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەم ئازارانە و فەرمانی ٧٣ کە گەلی شەنگال بە چاوی خۆی بینی، هێشتا کۆمەڵگەی ئێزدی خۆی بە زیندووی هێشتەوە و ئازارەکەی کردە مایەی بەرخۆدان و بەڕێکخستنبوون.
چالاکوانی سیاسی هاوژین شەهید فەخرەدین: یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال کە لە شەنگالی جێگەی ئێزدیان بەڕێوەچوو، کارێکی بەنرخ بوو. هەم پەیامەکانی دەرەوە و هەمیش ئامادەبووان کە بەشدارببوون، ڕەنگێکی جیاوازییان بە کۆنفرانسەکە بەخشی. باوەڕمان وایە کۆنفرانسەکە دەبێتە وەڵامێک بۆ ٧٣ فەرمانەکە و جارێکی تر کۆمەڵگەی ئێزدیمان پێیدا تێناپەڕێت. ئەم کۆنفرانسە لە شوێنێکی وا ستراتیژیدا، دەتوانێت بۆ ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە ببێتە وەڵامێکی مێژوویی.