کوشتن و خۆکوشتن لە عێراق و باشوری کوردستان زیادیان کردووە

ناوەندی مافی مرۆڤی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٧٠٠ حاڵەتی خۆكوشتن لە عێراق تۆماركراوە، لەکاتێکدا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٧٧٢ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە.

حازم ڕووداینی، جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیژیی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٧٠٠ حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٧٧٢ حاڵەتی خۆكوشتنی تۆماركراوە”.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بە تێكڕا ڕۆژانە دوو حاڵەتی خۆكوشتن لە عێراق تۆماركراوە. ٧٠٪ی حاڵەتەكانیش تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵییەوەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “زیادبوونی ئەم دیاردەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و تووندوتیژیی خێزانیی و بێكاریی دەگەڕێتەوە. پێویستە حكومەتی عێراق هەوڵی تەواو بدات بۆ نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و چارەسەركردنی بێكاریی، هەروەها چارەسەری ئەو هۆكارانە بكات، كە بوونەتە هۆی زیادبوونی خۆکوشتن”.

بەپێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤی عێراقیی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٦٣ حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تۆماركراوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٦٠٥ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠١٨دا ٥٣٠ حاڵەت تۆماركراون، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٦٢ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠١٦شدا ٣٩٣ حاڵەت تۆماركراون.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە كارنامەی حكومەتەكەیدا ڕایگەیاندبوو، كاردەكەن بۆ نەهێشتنی ڕێژەی بێكاریی و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و كەمكردنەوەی ڕێژەی هەژاریی لە عێراقدا.

ف.ق