کەژەکە: بڕیاری لەسێدارەدانی گەنجانی کورد دەبێت هەڵوەشێتەوە

کەژەکە داوادەکات، بڕیاری لەسێدارەدانی دوو گەنجی کورد لە باشوری کوردستان هەڵوەشێتەوە و ڕایدەگەینێت: پێویستە نێچیرڤان بارزانی ئەو بڕیارە واژۆ نەکات.

ئەمڕۆ کۆردیناسیۆنی کۆما ژنێن کوردستان- کەژەکە، لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، لەلایەن دەسەڵاتی باشوری کوردستانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیاری لەسێدارەدان، بۆ کوشتنی کەسێک کە دەستی چووەتە خوێنی گەنجانی کوردەوە، بڕیارێک دەرەوەی ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤایەتییە، ئەو بڕیارە لەلایەن مێشکی فاشیست ئەردۆغانەوە دراوە و ئەوی جێبەجێی دەکات پەدەکەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە وڵاتپارێزی و نەتەوەیی بوونەوە نییە.

هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا نەماوە و دژی تێکۆشان دەکرێت، هاتووە: دووژمن دژی گەلی کورد بڕیاری لەسێدارەدان دەدات و پەدەکەش جێبەجێی دەکات، ئەم بڕیارە لە دووژمن چاوەڕێی دەکرێت، ئەوی کە دەڵێت کوردم، بەڵام ڕێگە بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان دەکاتەوە، کوردایەتیی گومانی تێدایە، بە تایبەتیش دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ دوو گەنجی کورد ئەم گومانە زیاتر دەکاتەوە.

لە بەردەوامییدا هاتووە: ئەگەر ئەوانەی ئەم بڕیارەیان داوە، خۆیان بە کورد دەزانن، ئەوا پێویستە گوێ بۆ دایکی ئەو دوو گەنجە ڕابگرن بۆ لەسێدارەنەدانی ڕۆڵەکانیان، دەبێت بڕیارێک کە لەلایەن مێشکی فاشیستی ئەردۆغانەوە دراوە هەڵوەشێنێتەوە، بۆیەش هەر کوردێک خۆی بە وڵاتپارێز دەزانێت، لە چوارپارجەی کوردستان و بەتایبەتیش لە باشوری کوردستان و دەرەوەی وڵات، پێویستە دژی ئەو بڕیارە هەستن و دەنگی خۆیان هەڵببڕن، بە تایبەتیش ژنان و دایکان پێویستە لەپاڵ ئەو دایکانە بوەستن و بە تەنیا نەیانهێڵن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: بە ناوی کەژەکەوە داوا لە هەموو ژنان دەکەین خاوەنداری لەو دوو خانەوادەیە بکەن و بە هێزەوە بەشداری هەڵمەتەکەیان بۆ ئەو هەردوو گەنجە ببن، پێویستە ڕێکخستن و ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، کەسایەتی، ڕۆشنبیران، گەنجان و بە تایبەتی بزوتنەوەی ژنانی باشوری کوردستان، لەدژی ئەم بڕیارە تێبکۆشن و ڕێگە نەدەن جێبەجێی بکرێت، هاوکات داوا لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەین ئەو بڕیارە واژۆ نەکات، چونکە واژۆکردنی ئەو بڕیارە بە هیچ واتایەک خزمەت بە گەلی کورد ناکات و وەک دەقێکی ڕەش دەکەوێتەسەر لاپەڕەی گەلەکەمان.

ف.ق