لە ڕحا شەهیدانی ١٤ ی تەمموز یادکرانەوە

لە ٤١ هەمین ساڵیادی چالاکییەکەیان، لە ڕحا یادی شەهیدانی ڕۆژووی مردنی ١٤ ی تەمموز یادکرانەوە، هەروەها گۆشەگیری ئیمراڵی شەرمەزارکرا.

کۆمەڵەی ٧٨ لە ڕحا، لە سەندیکای ڕحا، بەرنامەیەکی یادکردنەوەی ڕێکخست بەبۆنەی ٤١ هەمین ساڵیادی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ی تەمموزی ١٩٨٢، کە پێشەنگانی پەکەکە، کەمال پیر و محەمەد خەیری دورموش و عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک ئەنجامیاندا، ئەوەش بە درووشمی "بە ڕۆحی ١٤ ی تەمموز گۆشەگیری دەشکێنین". لە مەراسیمەکەدا چەند سترانێک دەربارەی ڕۆژووی مردن پێشکەشکرا. لە مەراسیمەکەدا، چالاکوانانی تەژەئا و دەبەپە و هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، دایکانی ئاشتی و کۆمەڵەی چاندی یەکگرتوو و (KATDER) و لقی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی لە ڕحا، لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ڕحا، فیدراسیۆنی مەجلیسی سۆسیالیستەکان، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، فەرید شەنیاشار و دیلان کونت، بەشداربوون.

ئەندامانی کۆمەڵەی ٧٨، محەمەد عەلی ئەرتوک؛ خوشکی عەلی چیچەک، عائیشە چیچەک؛ هاوسەرۆکی دەبەپە لە ڕحا، فەهد ئاکگون، ئەندامی مەجلیسی گەنجانی هەدەپە لە ڕحا، موحسین ئایدوگو، جێگەی خۆیان لە دیوان کردەوە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ئازادی و دیموکراسی دەستیپێکرد. پاشان تۆمارە ڤیدیۆیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشکرا. دواتر نامەی ناوەندی کۆمەڵەی ٧٨ خوێنرایەوە.

"گۆشەگیری درێژکراوەی سیاسەتی قڕکردنە"

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، دیلان کونت، هاتە سەر باسی ئەوەی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد لە کودەتای ١٢ ی ئەیلولەوە بەردەوامە لەڕێگەی سیاسەتی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەموو جڤاک دژی گۆشەگیری بوەستنەوە.

ئەندامی مەجلیسی گەنجانی هەدەپە، موحسین ئایدوگو، ڕایگەیاند، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێویستە ببێتە ڕۆژەڤی سەندیکای پارێزەران و گەل و پارتە سیاسییەکان، گوتی: "پێوستە هەمووان هەموو هەوڵێک بدەن لەپێناوی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. مادام تا ئێستا نەمانتوانیوە گۆشەگیری هەڵبگرین، ئەوا هەموومان، هەموو گەلی کورد، شیاوی ڕەخنەیە. دەبێت لەم پێناوەدا تێکۆشان بکەین".

پاشان شایەتحاڵانی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ ی تەمموز باسیان لە یادەوەرییەکانیان کرد.

مەراسیمەکە بە پیشاندانی فیلمێک دەربارەی ١٤ ی تەمموز کۆتایی هات.