دوای کردەوە گێرەشێوێنیەکانی پەدەکە لە ناوچەکە، جموجوڵە زەمینی و ئاسمانیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش لەو ناوچانە زیادی کردووە. بە تایبەت بە شەو هەلیکۆپتەرە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک بەسەر ئاسمانی هەرێمی مەتینا و حەفتانیندا دەسووڕێنەوە.
لە لایەکی ترەوە چەکدارەکانی پەدەکە بازگە و بنکەی نوێی سەربازی لە ناوچەکانی کانی ماسی و باتیفا و دەرکار دروست دەکەن.
هاوکات سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو ئەو هێزانەی لە سەر گردەکانی هەرێمی حەفتانین جێگیر کردووە، خستووەیەتیە ئامادەباشیەوە و ئامادەکاری ئەوە دەکات لە ماوەیەکی کورتدا بە دەوری بنکە و بارەگا سەربازیەکانی راگر و دیوار دروست بکات. هاوکات بە هۆی چالاکیە کاریگەرەکانی گەریلاش سیستمی پاراستنی ژێرزەوی دروست دەکات.
'نەک لە دژی گەریلا، بەڵکو با لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ بکەن'
خەڵکی ناوچەی بەرواری بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات لە بارەی ئەو بارودۆخەوە بۆچوونیان دەخەنەڕوو، هاوڵاتیەکی ناوچەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت:"هەموو شەوێک لە ناوچەکەمان جموجوڵی سەربازی سوپای تورک دەست پێدەکات. بە زانابوون ناوچەکانمان بوردومان دەکەن. ئەویش بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام هیچ هێزێکی گەریلا لە ناوچەکەمان بوونی نیە. گەریلاکان لەسەر شاخەکانن. هێرشی سەر گوندەکانی ناوچەکە، بە زانابوون دەکریت و بەشێکە لە پلانی داگیرکەری."
ئەو هاوڵاتیە لە بارەی جموجوڵە سەربازیەکانی پەدەکەشەوە دەڵێت، پێشووتر بە سەربەرزیەوە تەماشای پێشمەرگەمان دەکرد، بەڵام بە داخەوە راستی و ناوەڕۆکی پێشمەرگەیان گۆڕیوە. جار جار جموجوڵی چەکداری لە ناوچەکە دەبینرێت، پێشووتر بەم شێوەیە نەبوو. مرۆڤ دەزانێت کە ئەوانە پێشمەرگە نین، هێزێکی جیاوازە. بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە قبوڵیان بکات، ناوی پێشمەرگە بەکار دێنن. ئەگەر ئەمە هەوڵێکی گێرەشێوێن بێت، ئەوا ئێمە رەخنەی لێدەگرین و قبوڵی ناکەین. ئەگەر دەیانەوێت شەڕ بکەن، با شان بەشانی گەریلاکان شەڕی داگیرکەران بکەن."
'دەبێت پەدەکە هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە'
هاوڵاتیەکی تری ناوچەی بەرواری بەم شێوەیە باس لە بارودۆخەکە دەکات:"بە هەموو هێرشێک کە ئەنجامی دەدەن، دەیانەوێت بمانترسێنن و دوورمان بخەنەوە لە ناوچەکانمان. بەڵام ئێمە خاکەکەمان چۆڵ ناکەین. ئەم کردەوە و جوڵە هاوباشانەی دەوڵەتی تورک و پەدەکە زیان بە تێکۆشان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەگەیێنێت. بانگەوازیمان بۆ پەدەکە ئەوەیە کە هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە. ئەگەر لە نێو ماڵی کورددا شەڕێک دروست ببێت ئەوا بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆی پەدەکەدایە. چی پێشمەرگە، چی گەریلا هەموویان رۆڵەی ئێمەن. ئەوەی روودەدات پلانێکی بەرفراوانی دەوڵەتی تورکە، دەبێت هەموو کەسێک ئەم راستیە باش بزانێت."
ز.ش