لە شەنگال جەژنی نەورۆز پیرۆزکرا

گەلی شەنگال بە گوتنی "لە چیاکانی شەنگال ئاگری نەورۆز دەکەینەوە و بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ مەزن دەکەین" نەورۆزیان پیرۆز کرد.

نەورۆزی ٢٠٢٥

بەپێشەنگایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، لە باخچەی سەرۆکایەتی لە دۆڵی کەرس نەورۆز پیرۆزکرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی و شەهیدانی ئێزیدخان، پاشان شانۆگەرییەک لەسەر ستەمی زووحاک نمایشکرا و دایکانی شەهیدان ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

سەرەتا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ نەورۆز خوێنرایەوە و هەڵسەنگاندنی دەربارەی نەورۆز گوێی لێ گیرا.

پاش پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ، هاوسەرۆکی مەخەدەشە، جیهان جەلۆ نەورۆزی لە ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان و گەریلا و شەڕڤانان و تەواوی گەلی کورد و کۆمەڵگەی ئێزدی پیرۆز کرد.

جیهان جەلۆ ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو قڕکردنەکان، لەسەر چیای شەنگال ئاگری نەورۆز بە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ گەش دەکەن و وەڵامی قڕکردنەکان دەدەنەوە، دووپاتی کردەوە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی و عەرەب پشتگیری لە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، گوتی: "ئێمە کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازین، بۆیە دەبێت ئێمە لە هەمووان زیاتر خاوەنداری لەم پەیامانەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین و ئەم پرۆسەیە بگەیەنین بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ".

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و چالاکی هونەری بەردەوام بوو، جەماوەریش هەڵپەڕکێیان کرد.

هەروەها بڕیار وایە، ئەمشەو گەنجانی شەنگال ڕێپێوانی بە مەشخەڵ ئەنجام بدەن.