نەورزۆی ئیدر بە ڕەنگی دایکان پیرۆز کرا

نەورۆز لە ئیدر بە درووشمی 'ڕێبەرێتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک' 'نەورۆزی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئازادی' پیرۆز کرا.

نەورۆزی ٢٠٢٥

جەماوەری گەل بەرەبەیان بەرەو گۆڕەپانی شەکەر پانجار چوون و گۆڕەپانەکە بە ڕەنگی سەوز، سوور و زەرد ڕازێنرایەوە.

بە هەزاران کەس بەشداری ئاهەنگەکە بوون. هاووڵاتیان جلوبەرگی سەوز و سوور و زەردیان لەبەر کرد. چەندین گەنج ڕوخساری خۆیان بە ڕەنگی سەوز، سوور و زەرد ڕەنگکرد. لە گۆڕەپانەکەدا چەندینجار دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە.

لە ئاهەنگەکەدا سەرەتا بازنەیەک دروستکرا و پاشان بەرنامەکان دەستی پێکرد. پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیدری یەڵماز هون لە ئاهەنگەکەدا گوتی: "نەورزۆ، بەرخۆدانە، ژیانەوەیە و ڕاپەڕینی ژن و گەنجانە. ڕاپەڕین لە دژی زوڵم و زۆردارییە. ئەمڕۆ لە هەر چواربەشی کوردستان نەورۆز پیرۆزکرا. بەڕێز ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا بۆ گەلانی جیهان بانگەوازێکی کرد. دەبێت هەموو گەل بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرانبەر ئەم بانگەوازییە جێبەجێ بکات."

ئەندامی ئەنجوومەنی دەبەپە موازەز ئۆرهان بە تایبەت مەزڵوم دۆغان، سەما یوجە، بێریڤان و ڕاشانی یادکردەوە و گوتی: "نەورۆز، بەرخۆدانی ئەوکەسانەیە کە جەستەی خۆیان گۆڕی بۆ بازنەیەک لە ئاگر. نەورۆز، ژنە. ژنان پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی و بونیاتنەری ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکن. ئەم ئیرادەش ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نەورۆزە. بە تایبەت گەلی کورد، بەڕێز ئۆجالان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕێگەی چارەسەرییان نیشاندا. ئێمەش ئامادەین خاوەندارێتی لەم بانگەوازە بکەین. بانگەواز لە دەوڵەتی تورک دەکەین، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم بانگەوازییە بدنەوە چاوەڕوانی چین؟ دەبێت چەند مرۆڤ بمرن؟ ئیدی نامانەوێت هیچ کەسێک بمرێت."

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاگری سری ساکیک گوتی: "بەڕێز ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا مانیفێستۆیەکی نوێی ڕاگەیاند. ڕێگەیەکی نوێی کردەوە. بەڕێز ئۆجالان لە ئیمراڵییەوە ڕێگەیەکی نوێی پێشنیار کرد. پێشنیارەکەشی ئەوەیە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و یەکێتی گەلانی کورد و تورک دابمەزرێت. لێرەوە دەڵێین لەگەڵ ئەو پڕۆسەین کە بەڕێز ئۆجالان لە ئیمراڵییەوە دەستی پێکرد. لەم گۆڕەپانەوە هەزار سڵاو بۆتۆ. ئەم سەدە دەبێت بە سەدەی کوردان."

دوای قسەکان جەماوەر بە یەک دەنگ "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە. دوای کردنەوەی ئاگری نەورۆز، هونەرمەند هیڤرۆن چووە سەر ستەیج. بە هەزاران کەس بە گۆرانییەکانی هیڤرۆن هەڵپەڕین. ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕین کۆتایی هات.