ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە کۆمەڵکوژی گوندی بەرخبوتانی کۆبانێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەم شێوەیەیە:
"دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی و تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەم کارە هەموو یاسا نێونەتەوەیی و ئایینییەکان پێشێل دەکات.
شەوی ڕابردوو، لە درێژەی سیاسەتە تاوانکارییەکانیدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆمەڵکوژییەکی دژی دانیشتوانی گوندی بەرخ بوتانی باشووری کۆبانی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٩ هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون شەهید بوون و هەژمارێکیش بریندار بوون.
کۆمەڵکوژی بەرخ بوتان یەکەم کۆمەڵکوژی نییە کە ڕژێمی تاوانکار و داگیرکەری تورک لە دژی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدات. ئەمەش لەبەردەم بە ئاشکرا لە پێش چاوی ڕێکخراوە جیهانیەکانەوە ئەنجامی دەدات، لە کاتێکدا ئەوان هیچ هەڵوێستێکیان نییە. بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی مافی مرۆڤ یارمەتیدەری دەوڵەتی تورکە بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگی زیاتر لە هەرێمەکاندا.
ئێمە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە توندی ئەو هێرشە تاوانکاریانەی دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکەین و لە هەمان کاتدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەموو رێکخراوەکانی، هەروەها هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش دەکەین، لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە و بێدەنگی خۆیان بشکێنن. چونکە ئەم گەلە لەبری هەموو جیهان لە شەڕی تیرۆر دژی داعش تێکۆشانی کرد و ڕۆڵەکانیان کردە قوربانی.
هاوکات لەم بارەوە داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی و ناردنی دۆسیەی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازین.
گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان بۆ داوای مافەکانمان لە دەوڵەتی تورک بەهۆی کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییەکانی بەردەوام دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەم تاوانکارییانە نابێتە ڕێگرمان لە درێژەدان بە تێکۆشان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک، ئازاد و ناناوەندی."