تەرمی شەهیدانی بەرخ‌بۆتان بەخاکسپێردرا

تەرمی شەهیدانی بەرخ‌بۆتان کە لە هەمان خێزان ١٠ کەس شەهیدکران و لەنێویاندا ٨ منداڵ هەبوون. لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆمەڵکوژی کۆبانێ بەخاکسپێردران.

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ماڵێکی سڤیلی لەنێوان گوندی قومجی و گوندی بەرخ‌بۆتانی کۆبانێ بۆردوومان کرد. لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکەدا، لە هەمان خێزان ١٠ کەس شەهیدکران و لەنێویاندا ٨ منداڵ هەبوون.

ئەمڕۆ سەدان دانیشتووی کانتۆنی فورات و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان تەرمی شەهیدەکانیان لە گۆڕستانی کۆمەڵکوژی کۆبانێ بەخاکسپارد.

وتەبێژی دەسپێشخەریی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی کانتۆنی فورات، عایشە ئەفەندی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و بەڵێنیدا بە تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان، گوتی: "هەرچەند هێرش و کۆمەڵکوژی هەبێت، بەرخۆدان دەکەین و بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن دەوەستینەوە".

بەڕێوەبەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کانتۆنی فورات، شێرۆ موستەفا ڕایگەیاند تۆڵەی شەهیدان دەکەنەوە، گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەبەر چاوی جیهان کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات، پێویستە سنوورێک بۆ ئەم کۆمەڵکوژی و هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دابنرێت".

لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهیدان، محەمەد قامیشلۆ ڕایگەیاند خواستی دەوڵەتی تورک چۆڵکردن و داگیرکردنی کۆبانێیە. ئێمە خاکەکەمان بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکاری دەپارێزین. دەبێت لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت".

پاشان ناسنامەی شەهیدەکان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

تەرمی شەهیدەکان بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپێردرا.