لە دهێ و دیگۆر نەورۆز پیرۆزکرا
لە ناوچەی دهێی سێرت و ناوچەی دیگۆری قەرس، ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدرا و بانگەوازی چارەسەری دیموکراتیک کرا.
لە ناوچەی دهێی سێرت و ناوچەی دیگۆری قەرس، ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدرا و بانگەوازی چارەسەری دیموکراتیک کرا.
لە ناوچەی دهێی سێرت ئاهەنگی نەورۆز بە جۆشێکی مەزن بەڕێوەچوو. گەل بە درووشم و هەڵپەڕکێ نەورۆزیان پیرۆز کرد.
پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لەپێناو سیستەمێکی دیموکراتیک بۆ گەلان خەبات دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا هەوڵی تێکدان هەیە و دوێنێ لە کۆبانێ خێزانێک کۆمەڵکوژ کران، ئەمە قبووڵ ناکرێت، گوتی: "پێویستە ئەم هەوڵانەی تێکدان کۆتایی پێ بهێنن. کاتێک بە کورد دەڵێن "ئێمە براین" دەبێت بەو پێیە بجووڵێنەوە. مردن بەسەر کورددا مەسەپێنن. لەنێو سیستەمێکی دیموکراتیکدا بژین. ئەو سیستەمەی ئێمە لەم خاکە دەیئافرێنین، لە سیستەمی دەوڵەت مەزنترە. گەلی کورد سیستەمی خۆی لەنێو دڵ و زیهنیدا بنیاتناوە".
عومەر ئۆجالان تیشکی خستەسەر مێژووی تێکۆشانی دهێ و ڕایگەیاند بەم تێکۆشانە وڵات و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت.
لە ناوچەی دیگۆری قەرس ئاگری نەورۆز کرایەوە و سەدان هاوڵاتی بەشداربوون.
پەرلەمانتاری دەم پارتی سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش گوتی: "لەم نەورۆزەدا بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان هات. مزگێنییەکی مەزن بوو. ئەم بانگەوازە، گرنگییەکی مێژوویی هەیە. بۆ هەموو گەلان بانگەوازێکی شکۆمەندانەیە. ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بێت، هەموو کێشە ئابووری و سیاسییەکان چارەسەر دەبن".
پاشان دایکانی ئاشتی ئاگریان کردەوە و ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.