لە قۆسەر بەبۆنەی نەورۆزەوە ئاهەنگێکی مەزن سازدرا

ناوچەی قۆسەری مێردین ئاهەنگێکی هەرە مەزنی نەورۆزی بەخۆوە بینی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وێنەی نەبووە. هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر بانگەوازی لە دەوڵەتی کرد هەنگاو بنێت و نەخشەڕێگای خۆی ئاشکرا بکات.

لە ناوچەی قۆسەری مێردین هەزاران کەس نەورۆزیان پیرۆزکرد، جەماوەر نیشانەی سەرکەوتن و درووشمی "بژی نەورۆزیان" بەرزکردەوە. نەورۆزی ئەمساڵ بووە یەکێک لە مەزنترین نەورۆزەکانی چەند ساڵی ڕابردوو.

لە ئاهەنگەکەدا پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و مەزڵوم دۆغان، هەروەها وێنەی جیهاد تورکان (چیاگەر) و مەعسوم کۆرکماز (عەگید) هەڵگیرا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز ڕایگەیاند هێرشەکانی حکومەت بەردەوامە، بەڵام درێژە بە تێکۆشان دەدەن و هێرشەکان پووچەڵ دەکەنەوە.

ساڵیحە ئایدەنیز کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانێی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند دەبێت هێرشەکە ڕوون بکرێتەوە، هەرکات بانگەوازی ئاشتی و ئازادی بکرێت، ئەم هەوڵانەی تێکدان ڕوودەدەن و دەبێت دەوڵەت ئەم هێرشانە ڕوون بکاتەوە.

هەروەها جەختی کردەوە گەلی قۆسەر خاوەنداری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و پشتگیری پرۆسەکە دەکەن، بۆ بەدیهاتنی دیموکراسی و ئاشتییەکی شکۆمەندانە، گوتی: "ئێمە متمانەمان بە خۆمان و هەڵوێستمان و ڕێبەرەکەمان هەیە. باوەڕمان بە ئەوە. ئەگەر خاوەنداری لەم بانگەوازە بکەین، دەبێت بزانرێت کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەبێت".

هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندەر کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانێی شەرمەزار کرد و گوتی: "وەزیری بەرگری دەڵێت ناهێڵین کەس پرۆسەکە تێکبدات، بەڵام ئەوەی تێکی دەدات خودی خۆیانن. لە هەموو جێیەکی کوردستان مرۆڤ دەکوژن. ئەم سیاسەتە دووڕووانە قبووڵ ناکەین. ئەگەر ڕاست دەکەن، دەست لەم کارانە هەڵبگرن".

بایندەر کۆمەڵکوژی عەلەوییەکانی لە سوریا شەرمەزار کرد، ڕایگەیاند مۆدێلی ڕۆژئاوا تاکە ڕێگەیە بۆ سوریایەکی دیموکراتیک، هەروەها لە درێژەدا گوتی: "گەلی کورد پشتیوانی لە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان دەکات. پاش ماوەیەکی کەم لە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، لەلایەنی کوردەکانەوە هەنگاو نرا. ئێستە پێویستە دەوڵەت هەنگاوبنێت".

بایندەر ڕایگەیاند گەلی کورد دەیەوێت دەنگی ڕێبەر ئاپۆ ببیستێت و لەنێو خۆیاندا بیبینن، گوتی: "ئەوان دێن و لە تەلەفزیۆن دەڵێن با پەکەکە چەک دابنێت. وەزیری داد وەها دەڵێت. وەزیری داد، کاری ئەوە نییە بانگەوازی چەکدانان لە پەکەکە بکات. هەزاران هەڤاڵمان بە ناهەقی لە زیندانەکان ڕاگیراون. نادادی لە هەموو جێیەک زیاد دەبێت. ئەگەر بانگەوازی چەکدانان لە پەکەکە بکرێت، ئەوەی ئەم کارەی کرد بەڕێز ئۆجالان بوو. ئەمە کاری تۆ نییە".

بایندەر ڕەخنەی لە سیاسەتی حکومەت گرت و گوتی: "دەست لە سیاسەتی فریودان هەڵبگرن. ڕێبازی چارەسەری و پێشنیارەکانی چارەسەرتان چییە؟ نەخشەڕێگای خۆتان ڕاڤە بکەن".

پاشان ئاگری نەورۆز کرایەوە و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.