پیرۆزکردنی نەورۆز لە ئاگری: دەبێت دەوڵەت بە هەنگاونان وەڵامی بانگەوازییەکە بداتەوە

ئاهەنگی نەورۆز لە ئاگری بە بەشداری هەزاران کەس ئەنجام درا. لە چالاکییەکەدا کۆمەڵکووژییەکە کۆبانی شەرمەزار کرا و بۆ بەڕێوەچوونی بانگەوازە مێژووییەکەی ٢٧ی شوباتیش بانگەواز لە دەوڵەت کرا هەنگاو بنێت.

نەورۆزی ٢٠٢٥

ئاهەنگی نەورۆز لە ناوەندی ئاگری بە دروشمی 'ڕێبەرێتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک' و 'کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئازادی' ئەنجام درا.

لە ئاهەنگەکەدا بەهەزاران کەس بەشداربوون، بە جل و بەرگی کوردی نەورۆز ڕازێنرایەوە. هەر لە ئاهەنگەکەدا بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی لێکرا و بێپچران دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' بەرزکرایەوە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکانی (دەبەپە) موازەز ئۆرهان لە ئاهەنگەکەدا گوتی: "ئەوانەی هەوڵدەن بە نکۆڵیکردن و لە لە ناوبردن گەلی کورد لە ناوببەن، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ چارەسەری چوونە ئیمراڵی. جارێکی دیکە چوونە لای بەڕێز ئۆجالان."

وتیشی: "جارێکی دیکە لێرەوە دەپرسین؛ ئێوە چاوەڕێی چین؟ ڕۆژ لەسەر ڕۆژ تێپەڕ دەبێت بەڵام ئێوە وەڵامی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالانتان نەداوەتەوە. ئەم پڕۆسەیە بە شێوەی یەک لایەنی بەڕێوەناچێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە فرمێسکی چاوەکان بێت پێویستە هەنگاو بنێنن. هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان سەرڕاست بکرێت."

کۆمەڵکووژییەکەی کۆبانێ شەرمەزار کرا

پەرلەمانتاری ئاگری سری ساکیک کۆمەڵکووژییەکەی کۆبانێی شەرمەزار کرد و گوتی: "گەلەکەمان لە خوێن و توندوتیژی وەڕس بووە، ئیدی رێگەیەکی نوێی دەوێت. وەک گەلی کورد ڕێگایەکی نوێ دەئافرێنین و ڕێگەیەکی نوێ پەیدا دەکەین. بەڕێز ئۆجالان ئەمە دەڵێت و ئێمەش لەگەڵیداین. لە لایەکی دیکەوە بۆمبارانی مرۆڤەکانی ئێمە دەکەن. لەم پڕۆسەی ئاشتییەدا دەبێت ئەمە نەبێت. ئەمە پێچەوانەی ڕۆحی ئاشتییە. ئێوە چیتان لە ڕۆژئاوا دەوێت؟ ڕێگە بدەن با خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن."

دوای قسەکان ئاگری نەورۆز کرایەوە و لە دەوری ئاگری نەورۆز بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' هەڵپەڕکێ کرا.

ئاهەنگەکە بە گۆرانییەکانی هونەرمەند جەهرمار کۆتایی هات.