بە دیمەن

قەسەدە: وەک وەڵامێک بۆ کۆمەڵکووژیەکە گورزمان لە بنکەیەکی سەربازی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی وەشاند

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هێرشێکی ئاسمانی قێزەووندا شەوی ١٧ ئاداری لەسەر گوندی بەرخ‌بۆتانی کۆبانێ کۆمەڵکووژی ئەنجام دا، هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند لە دژی ئەم کۆمەڵکووژیە چالاکییەکی وەڵامدانەوەی کاریگەرییان ئەنجام داوە لە دژی بنکەیەکی سەربازی داگیرکەران.

چالاکی قەسەدە

هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئاماری شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێیان لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی لە سنووری بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: "هێزەكانمان وەڵامی ئەو كۆمەڵكوژییانەی دەوڵەتی داگیركەری توركی دایەوە، كە لە كۆبانی ئەنجامیدا، شەڕڤانان ئۆپەراسیۆنێكیان لە باشووری ڕۆژئاوای پردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا، كە تیایدا ئامێرێكی ڕاداری دەوڵەتی داگیركەری تورك تێكشكێندرا و بنكەیەكیش زیانی پێ گەیەندرا، هەروەها توانرا ژمارەیەك چەتە بكوژن و بریندار بكەن، بەڵام ژمارەیان دیار نییە."

چالاکی وەڵامدانەوەی کۆمەڵکووژییەکەی کۆبانێ

لەبەردەوامییدا ئاماژەی بە چالاکییە کاریگەرەکانی یەکینەکانی شەهید هاروون کردووە و دەڵێت: "لەو بنكانەوە دەوڵەتی داگیركەری هێرشی زەمینی ئەنجام دەدا و خەڵكی مەدەنیان دەكردە قوربانی و زیانیان بە ماڵی هاوڵاتیانیان دەگەیاند، هێزەكانمان بە هاوبەشی لەگەڵ یەكینەكانی شەهید هارون لە ڕێگەی چوار ئۆپەراسیۆنی سەركەوتووەوە وەڵامی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك و چەتەكانی دایەوە."

بەردەوامی چالاکی هێزەکانی قەسەدە لە بەرەکانی جەنگ:

"لە بەرەی بەنداوی تشرین، دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بەردەوام بوون لە بۆردومانی دەوروبەری بەنداوەكە بە تۆپی قورس و زیانی ماددییان بە ناوچەكە گەیاند، هەروەها لە كاتژمێرەكانی بەرە بەیانیدا چەتەكان هەوڵیاندا هێرش بكەنە سەر خاڵەكانی هێزەكانمان لە گوندەكانی باكووری بەنداوەكە، لە بەرامبەردا هێزەكانمان ئۆپەراسیۆنێكیان دژی  شوێنی كۆبوونەوەی چەتەكان ئەنجامدا، بەهۆیەوە سێ چەتە كوژران و دووی دیكەش برینداربوون.

هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێكی دیكەیان لە دژی كۆبوونەوەی چەتەكان لە گوندەكانی باشووری بەنداوەكە ئەنجامدا، كە خۆیان ئامادە دەكرد بۆ هێرشكردنە سەر یەكێك لە خاڵەكانی هێزەكانمان، لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان قوربانی هەبوو، بەڵام ژمارەی وردیان نەزانراوە.

لە بەرەی عەین عیسا؛ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكان دیسان گوندی بیر عەرەب و دانیشتووەكانیان بۆردومان كرد، هەروەها دوای نیوەڕۆ گوندی ئەبوسەرا بە تۆپی قورس كرایە ئامانج و زیانی ماددی بە ماڵ و ماڵ و موڵكی دانیشتووانەكەی گەیاند."

لە کۆتایی ڕاگەیاندروەکەدا هاتووە: "چەتەكان لە بەرەی گوندی بیر عەرب لە لادێكانی باكووری عەین عیسا هەوڵیاندا هێرش بكەنە سەر هێزەكانمان، هێرشەكە لەلایەن شەڕڤانان پووچەڵكرایەوە، هێزەكانمان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەریان ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەكانی نازانرێت."