دەم پارتی لەگەڵ یەکێتی پارێزەرانی تورکیا کۆبووەوە

شاندی دەم پارتی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی کە بە بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، سەردانی (TBB)یەکێتی پارێزەرانی تورکیایان کرد.

لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوڵاری و شاندی یاوەری سەردانی یەکێتیی پارێزەرانی تورکیایان کرد.

تولای حاتەم ئۆغوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، جێگری هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤ ئۆزتورک تورکدۆغان، میتحەت سانجار پەرلەمانتاری ڕحا و سوڵتان ئۆزجان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە نێو شاندەکەدا بوون. شاندەکە لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی پارێزەرانی تورکیا، پارێزەر ئەرینچ ساغکان، سکرتێری گشتی و پارێزەر ئەردەم ئیمەکچی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی پارێزەرانی تورکیا، پارێزەر بەهار گولتەکین جاندەمیر و چەندین کەسایەتی دیکەی ڕێکخراوەکە پێشوازییان لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکە، تولای حاتەم ئۆغوڵاری و ئەرین ساغکان لێدوانیان دا.

ساغکان ئاماژەی بەوەدا کە ناوەندەکەیان مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و دیموکراسی بە بنەمای کارەکانی وەردەگرێت و وتی: "بەم ڕێبازەوە (TBB) بە شێوەیەکی یاسایی بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت. دووپاتی دەکەینەوە کە گرنگە هەنگاوەکانی یەکەم لەژێر چاودێری پەرلەمان و بە بەشدارییەکی فراوانترەوە بنرێت، هەروەها ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و ڕای گشتی و دیموکراتیکەکان بە شێوەیەکی ڕوون لە بەرەو پێش چوونی پرۆسەکە ئاگاداربکرێنەوە".

هەروەها تولای حاتەم ئۆغوڵاری ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی باش و بەرهەمداریان لەگەڵ TBB ئەنجامداوە و ڕایگەیاند: " لەسەر پێشهاتەکان زانیاریمان هاوبەش کرد. ئێمە سەرنجمان بە بۆچوون، پێشنیار و هەڵسەنگاندنە بەنرخەکانی TBB دا کە لە ڕوانگەی یاساییەوە گرنگن. هەروەها بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و سەروەری یاسا ناونیشانێکی زۆر گرنگە. لە ڕاستیدا گەورەترین ئامانجمان ئەوەیە کە دادپەروەری لە هەموو شوێنێکدا جێبەجێ بکرێت."

هەروەها یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانمان ئەوەیە بەڕێوەبەرانی دادوەری نەکەونە بن کاریگەری کەسەوە. ئەمەش بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و بنەمایەکی یاسایی دەکرێت ئێمە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئارام و گۆڕانکاری دیموکراتیک بۆ چارەسەری هەموو کێشە دیموکراتیکەکانی تورکیا بە گرنگ دەزانین، لە سەرووی هەموویەوە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشیوەیەکی یاسایی و سیاسی. لەم چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەکەمان زۆر گرنگ بوو."