بە دیمەن

باقرخان: ئەم نەورۆزە بۆ ٨٥ ملیۆن مرۆڤ دەبێتە چرای هیوا

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "ئەم نەورۆزە بۆ پەیوەندی کورد_تورک دەبێتە سەردەمێکی چارەنووسساز. ئەم نەورۆزە بۆ ٨٥ ملیۆن مرۆڤ دەبێتە چرای هیوا".

کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان قسەی کرد.

باقرخان نەورۆزی پیرۆزکرد و ڕایگەیاند ئەو مەشخەڵەی ڕێگەمان رووناک دەکاتەوە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـە، گوتی: "لە مەهابادەوە تا کرماشان، لە سلێمانییەوە تا هەولێر، لە کۆبانێوە تا هەموو دەڤەرەکانی جوگرافیای کوردان، پشتگیری لە بانگەوازی سەدە دەکرێت. ملیۆنان کورد پشتیوانی لەم بانگەوازە دەکەن. دەڵێن ئیرادە ئێمەیە و نوێنەرایەتی ئێمە دەکات".

جەختی کردەوە، پێویستە ئەنقەرە باش لەم پشتیوانییەی ملیۆنان کورد بۆ بانگەوازەکە تێبگات، گوتی: "ئەم نەورۆزە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندیی نێوان کورد و تورک. ئەم نەورۆزە بۆ ٨٥ ملیۆن مرۆڤ دەبێتە چرای هیوا. ئەگەر بتوانین ئەم پرۆسەیە سەربخەین، نە تەنها بۆ ٨٥ ملیۆن مرۆڤ، بۆ ئەو منداڵانەش کە هێشتا لەدایک نەبوون، دەبێتە ڕووناکی و چرای هیوا".

باقرخان ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتی سوریا پێشکەوتنێکی گرنگە لە سوریادا، دەرفەتێکی مەزنە بۆ سوریایەکی دیموکراتیک و یەکسان و دادپەروەرانە. وە ئاماژەی بە لێدوانی ئەردۆغان کرد کە ئەم ڕێککەوتنەی نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی بە ئەرێنی ناوبرد.

باقرخان جەختی کردەوە، ئەگەر حکومەتی سوریا دەیەوێت چیتر بە حکومەتی کاتی ناونەبرێت و بمێنێتەوە، دەبێت دیموکراتیک و دادپەروەر و یەکسانیخواز بێت.

باقرخان ئاماژەی کرد بە نووسینەوەی دەستووری سوریا و بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی کورد و عەلەوی و ئاشووری و سریانی و دورزی و ژنان، ڕایگەیاند ئەم دەستوورە جیاوازییەکان لەخۆناگرێت و بە زیهنیەتێکی مەزهەبی و یەک‌پەرست ئامادەکراوە کە سەد ساڵە سەرچاوەی کێشەکانی هەریمەکەیە، سەبارەت بەوەی لەم دەستوورەدا ناوی وڵاتەکە وەک کۆماری عەرەبی سوریا ماوەتەوە، گوتی: "ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بڵێن کۆماری عەرەبی سوریا، ئایا کورد دەتوانن لەکوێی کۆمارەکەدا خۆیان ببیننەوە؟". دووپاتی کردەوە، بێجگە لە دەستوورێکی دیموکراتیک و سیکۆلار و ئازادی‌پارێز هیچ ڕێگە و بژاردەیەک لەبەردەم سوریادا نییە.

باقرخان کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانێی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئەم کۆمەڵکوژییەی لە مانگی ڕەمەزاندا ئەنجامدراوە، شەرمەزار دەکەین، گوتی: "کاتێک دەمانەوێت هیوای ئاشتی مەزن بکەین، کەسانێک درێژە بە کۆمەڵکوژی دەدەن. ئەم کۆمەڵکوژییە قبووڵ ناکرێت. ئەم کۆمەڵکوژییە هەوڵی ئاژاوە و تێکدانە دژی ئاشتی و ئەم پرۆسەیە".

باقرخان ڕایگەیاند لە دیدارەکان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ باسیان لەم هەوڵی تێکدانانە کردووە، هەروەها پێش چەند ڕۆژێک ئەردۆغان ڕایگەیاند ڕێکاری پێویست دژی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە دەگرنەبەر، گوتی: "ئێستە لە بەڕێز ئەردۆغان دەپرسین، ئەگەر هەوڵی تێکدان نەبێت، کۆمەڵکوژکردنی خێزانێکی ٩ کەسی و ٧ منداڵ لە کۆبانێ، بە چی ناودەبرێت؟ ئەگەر ئاژاوەگێڕی نەبێت چییە؟... تاوەکو تاوانەکە ئاشکرا نەکرێت و بکەرانی نەدرێن بە دادگا، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

باقرخان تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارت و ڕێکخراوەکان و گەل بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، ڕایگەیاند گەل داخوازی و نیگەرانی ڕەوایان هەیە، لەکاتێکدا ئێمە وەها پێداگرین کەچی لەبەرامبەردا کوشتنی مرۆڤ بەردەوامە، گوتی: "سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان، لە کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت گەل باوەڕی بە بەڕێز ئۆجالانە، باوەڕیان بە بانگەوازەکەی هەیە، باوەڕیان بە وی هەیە. بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان گەورەترین گەرەنتییە بۆ ئاشتی".

باقرخان جەختی کردەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت هەنگاوبنرێت، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بە بوێری و بەرپرسیارێتییەکی مەزنەوە یەکەم هەنگاوی هاویشت. ئێستە کاتی حکومەت و دەوڵەتە هەنگاوبنێن".

لەکۆتاییدا، دووپاتی کردەوە چارەسەر و ئاشتی بە سوودی کورد و تورک و سەرتاپای تورکیا دەشکێتەوە، گوتی: "بۆیە دەبێت ٨٥ ملیۆن مرۆڤ خاوەنداری لەم بانگەوازە بکەن. چارەسەر لە تورکیا بۆ هەمووان سەرکەوتنە".