سوپای عێراق ٢٠ی ئایار بە ژمارەیەکی زۆر زرێپۆش و سەربازەوە ویستی بچێتە ناو کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بۆ ئەوەی تەلبەندی بکات.
لەبەرامبەر خەڵکی مەخمور لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ ٤ رۆژ خێمەیان هەڵدا لە ئێشکگرییدابوون.
دوێنێ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی سەربازی عێراق تا ئاستێک لێکتێگەیشتن هاتە ئاراوە و رێگەی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کرایەوە.
ئەمڕۆش چاوەڕوان دەکرێت دیدارێک لەگەڵ کاربەدەستانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسانی سەربازی عێراق ئەنجام بدرێت و ئەنجامی کۆتایی رابگەیەندرێت.
لەبارەی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدانی کەمپی مەخمور، سکرتێری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی عێراق عەلی عەبادی قسەی بۆ ئاژانسی رۆژنیوز کرد.
عەلی عەبادی وتی، "ئێمە لە بارەی جێبەجێ کردنی پلانەکانی سیستمی سیاسی تورکیا لەناوخۆی وڵاتەکەمان و بەتایبەتی لە مەخمور هۆشدارید دەدەین. لەبەر بێدەنگی حکومەتی عێراق دەوڵەتی تورک بۆردومانی نەینەوا دەکات و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج".
عەلی عەبادی دەستنیشانی کرد کە بێدەنگکردنی پەنابەرانی کەمپی مەخمور بەپێچەوانەی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤە و مایەی قەبوڵکردن نییە. عەبادی داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کرد و وتی: "نابێت کە پلانەکانی لەسەر بنەمای داواکارییەکانی تورکیا جێبەجێ بکرێن".
هـ . ب