شەوی ڕابردوو، یەکێک لە مامۆستا وانەبێژە ناڕازییەکان بەناوی “جیهان تەها”، لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و ئاگری گرتووە، بەو هۆیەشەوە جیهان تەها گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی جێی وسەرەنجە، ماوەیەک پێش ڕووداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە باسی لە مەرگی خۆی کردووە و نووسیوویەتی ” ڕێگاکەم بەرەو مەرگە، مەرگ بانگم دەکات”.
جیهان تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، خاوەنی دوو کوڕە بە ناوەکانی باران و بیرهات، لە ماوەکانی ڕابردووشدا لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە ڕەخنەی توند لە دەسەڵات و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ دەگرێت و داوای مافی وانەبێژان دەکات.
تائێستا زانیارییەکان لەسەر گیانلەدەستدانی “جیهان تەها” سەرەتایین و وەک ڕووداوێكی ئاسایی هاتووچۆ باس کراوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گومان لەسەر وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی ئەو مامۆستایە دروستکراوەو کەسانێک پێیانوایە کە ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە ئاسایی نییە.
هاوکات دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەبارەی گیانلەدەستدانی مامۆستا جیهان تەها لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێن: "هەواڵی مەرگی مامۆستای وانەبێژی ڕەخنەگری حەق بێژ (جیهان تەها ) بەکارەساتی ئۆتۆمبێل سەرجەم مامۆستایانی خەمبارکرد، بەڵام هیواخوازین ڕووداوێکی ئاسایی بێت و دەستی کەسی لە پشتەوە نەبێت".