مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانەکانی پەدەکە گەیشتە دوو مانگ

بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی دوو مانگە مانیان لە خواردن گرتووە.

پاش کوژرانی پلەدارێکی کۆنسوڵخانەی تورک بەناوی عوسمان کۆسە لە ١٧ ی تەمموزی ٢٠١٩، هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر تۆمەتبارکران و دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن.

لە ١٧ تەمموزی ٢٠١٩، هێرشکرایە سەر ئەندامێکی میت بەناوی عوسمان کۆسە کە لە کۆنسوڵخانەی تورک لە هەولێر کاری دەکرد، بەهۆی هێرشەکەوە عوسمان و هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی نەریمان عوسمان و هاوڵاتییەکی هەولێر بەناوی بەشدار ڕەمەزان کوژران، بەهۆی ئەم هێرشەوە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر دەستگیرکران و خرانە زیندانی هەولێر.

لەو ڕۆژەوە لە زیندان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، بۆیە لە ١٨ ئایارەوە دژی فشارەکان بۆ یەکپۆشی جلوبەرگ و مامەڵەی خراپ بەرامبەریان، مانگرتیان لە خواردن ڕاگەیاند. ئەمڕۆ مانگرتنەکەیان گەیشتە دوو مانگ. تا دێت ڕەوشیان خراپتر دەبێت، بانگەوازەکان بۆ بەهاناوەچوونیان لە هەموو لایەکەوە بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هیچ لێدوان و هەڵوێستێکیان نەبووە.

مەزڵوم داغ لە ٢٣ ی حوزەیران قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد و باسی لە خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی کرد و گوتی: "ئیدارەی زیندانەکە ١٠ ڕۆژە لێمان ناپرسنەوە، دەڵێن پزیشک و دەرمان نییە، ڕووبەڕووی مەرگمان دەکەنەوە". عەبدولڕەحمان ٢٠ کیلۆگرامی لە کێشی لەدەستداوە و تەندروستی خراپە، داغ ڕایگەیاند ١٠ کیلۆ کێشی لەدەستداوە و ناتوانێت زۆر قسە بکات.

بانگەوازەکان لەپێناو داغ و ئەر

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە ٧ ی تەمموز، بانگەوازی لە هەمووان کرد هەڵوێست وەربگرن و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لەپێناو مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، کە نزیکەی دوو مانگە لە زیندانی هەولێر دژی کارە نامرۆییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە.

دەسپێشخەریی یەکگرتن دژی سێدارە، دەربارەی ڕەوشی ئەر و داغ ڕایگەیاند، بە قسەی خزمەکانیان، ڤیتامین B1 کە دەدرێت بە زیندانییە مانگرتووەکان، نەدراوە بە ئەر و داغ، هەردووکیان کێشیان لەدەستداوە و بەزەحمەت دەوەستن، ناتوانن بگەنە بەرپرسانی زیندان و هەوڵی پارێزەران بێ بەرهەمە.

لە ١ ی تەمموز، کەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "سەرەتا بانگەواز لە حکومەتی هەولێر و هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسێتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەڵوێست وەربگرن، تاوەکو ئەم دوو زیندانییە وەک هەر زیندانییەکی تر مافی خۆیان وەربگرن". 

هەروەها دوێنێ کەجەدە ئە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد چالاکی ئەنجام بدرێت لەپێناو داغ و ئەر، بانگەوازیان کرد بۆ پاراستنی ژیانی هەردووکیان، ڕێگە بدرێت بنەماڵە و پارێزەران سەردانیان بکەن. بۆیە سەرەتا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، خاوەندارێتی لە داغ و ئەر بکەن. ڕوونی دەکەنەوە، لە ئەوروپا و ئوسترالیا و کەنەدا لەبەردەم کۆنسوڵخانەکانی عێراق و هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرێت و داوا لە هەمووان کرا بەشداری بکەن.

جێگەی ئاماژە پێدانە، داغ و ئەر لە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ مانگرتنیان دەستپێکرد دژی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە، بەڵام لەبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژی ١٤ هەمین مانگرتنەکیان شکاند.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ی شوبات ٢٠٢٢ دژی پێشێلکارییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕۆژی نۆهەمین پاش نەمانی پێشێلکارییەکان مانگرتنەکەیان شکاند.