"ناوچە دابڕێندراوەکان بە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت"

کەسایەتییەکانی باشوری کوردستان و کەرکوک: "هەوڵبدەین شوناسی کوردستانی بوون و برایەتی و پێکەوەژیان بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بگەڕێنینەوە".

ئێوارەی دوێنی چوارشەممە، لە چێشتخانەی مەلا نوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ژمارەیەک لە کەسایەتی رۆشنبیر، ئەکادیمی، نووسەر و ئەدیب، سیاسەتمەدار، مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک، کۆبوونەوەیەکیان سازکرد بۆ تاوتوێ کردنی هەستیاری و هەڕەشەکانی قۆناغی ئیستا لەسەر شاری کەرکوک ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراق.

پاش کۆبوونەوەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد و تیدا جەختیان کردنەوە کە لەپێناو وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی سەر گەلی کورد و شوناسی کوردستانی بوونی ناوچە داىڕێندراوەکان، گرنگە کورد بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکات لەپێناو تێپەراندنی مەترسی و هەستیاری قۆناغەکە.

بەڕوونی هەست بە مەترسی و هەستیاری قۆناغەکە دەکەین

شکۆفە محەمەد چالاکوان و کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەناوی ئامادەبووانەوە قسەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند کرد، ووتی: "کۆمەڵێک لە خەمخۆری ووڵات کە پێکهاتووین لە رۆشنبیران، ئەکادیمی، نووسەر، مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی شاری کەرکوک کۆبووینەوە، هەموومان بە ڕوونی هەستمان کردن کە شاری کەرکوک تەواوی ناوچە دابڕێنداروەکان(ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) بە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، هەڕەشەکان بنچینەی لەسەر هاوکاری لە تاوان داناوە".

باشترین و بوێرترین ئامرازی بەردەستی ئێمەیە لەم قۆناغەدا

هەروەها شکۆفە محەمەد جەختی لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان کرد و ڕایگەیاند: "وەڵامی ئێمەش بۆ هەڕەشە و مەترسییەکان هاوکاری لەسەر چاکەیە، کە باشترین و بوێرترین ئامرازی بەردەستی ئێمە لەم قۆناغەدا چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدانە، وە هەر کەسێک ئەگەر کارتی دەنگدانی وەرنەگرتۆتەوە داواکارین بەزووترین کات بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە، ئێمەی ئامادەبووان لەم کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا داوا لە تەواوی خەڵکی پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان دەکەین، بە گروتین و بەبێ دوودڵی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن بە بەدەنگدان بە یەکێک لە لیستە کوردستانییەکان".

شوناسی کوردستانی بۆ کەرکوک بگەڕێنیتەوە

لە کۆتایدا، شکۆفە محەمەد  باسی لە گرنگی وەلاوەنانی نیگەرانییەکان کرد لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و ڕایگەیاند: "لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە نیگەرانییەکان وەلاوە بدەین و هەوڵی گەڕانەوەی متمانە بەخۆمان و بە گەلەکەمان بدەین، هاوکات هەوڵبدەین شوناسی کوردستانی بوون و برایەتی و پێکەوەژیان بۆ پارێزگاکە بگەڕێنینەوە، نابیت ئەوەش لەبیربکەین کە دەنگدان ئەرکێکی نشتیمانی و کوردستانی و مافێکی یاسایی و دەستورییە، وە لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمرۆدا ئەنجوومەنێک دروستکرا بۆ ڕاپەراندنی کارەکان".