ناوەند و بنکەی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور بۆردومان دەکرێن - نوێکرایەوە
ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بنکە و بارەگای حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شاری سلێمانی بۆردومان دەکات.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بنکە و بارەگای حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شاری سلێمانی بۆردومان دەکات.
بە ماوەیەکی کەم لەوە پێش ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆرشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە گوندی زرگوێز لە نزیک شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان بۆردومان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ناوەند و بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەى شۆڕشگێڕان لە سنووری گوندی زرگوێز و زڕگوێزەڵە و دەوروبەری بۆردومان کراون.
لەلایەکی دیکەوە، هاوکات لە کۆیە بنکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆردوومان کراوە.
هەر لەلەگەڵ ئەو بۆردومانەدا بنکەی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) لە پردی لە سنووری پارێزگای کەرکوک بۆردومان کروە.
تا ئێستا زانیارییەکی ڕوون لەبارەی زیانە مرۆیی و مادییەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیاکانی باشووری کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، لە کۆمەڵەى زەحمەتکێشان نزیکەى ١٠ پێشمەرگە بریندار بوون و لە بارەگای دیموکراتیش لە کۆیە ٢ کەس شەهید بوون و ٩ کەسی تر بریندار بوون، کە ٦ کەسیان ژنن. هەروەها لە بنکەى پاک-یش چەند کەسیک شەهید و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆژ نیوز، لەگەڵ ئەو بۆردومانانەدا سنووری ناوچەى ماوەت لە شاڕباژێر و سنووری گوندی ژاژڵە و دەورووبەری بۆردومان دەکرێن.
نزیکەی پێنج ڕۆژە سنوورەکانی باشووری کوردستان لەلایەن هەردوو ڕژێمی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆردومان دەکرێن.
ئێران بە بێ ڕاوەستان برادۆست و باڵەکایەتی بۆردومان دەکات
ماوەی پێنج ڕۆژە ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتی بۆردومان دەکرێن. شەوی سێشەممە، ناوچەی بەربزێن، ناڤ ڕوباران و سەقەر لە ناوچەی برادۆست بۆردومان دەکرێت.
هاوکات ڕژێمی ئێران بە چڕی تۆپبارانی ناوچەی شارۆچکەی ماوەت لە ناوچەى شاڕباژێڕی پارێزگای سلێمانی دەکات و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٢٠ گولـلە تۆپب بەر سنووری گوندەکانی ژاژڵە و گوێزەڵێ کەوتوون، بەڵام زانیارییەکی ڕوون لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردومانانەوە لە بەردەستدا نین.
ئەو ناوچانە، کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بۆردومان دەکرێن ناوچەى مەدەنی و شوێنی ژیانی هاووڵاتییانی گوندەکانی ناوچەکە و جوتیاران و باخەوانەکان ڕەوەندەکانە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کاریگەریی خراپ و مەترسی لەسەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دروست ببێت و بەشێک لە رەوەندەکان بە ناچاری بە هۆی ئەو مەترسیانەوە لەو ناوچەکە کۆچیان کردووە.
ژ.ت