پانێڵی 'کورد و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی' لە کەرکوک سازکرا
لە شاری کەرکوک لەساڵیادی دامەزراندنی دادگای نێودەڵەتیدا، هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دووەمین پانێڵی (کورد و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی) سازکرد.
لە شاری کەرکوک لەساڵیادی دامەزراندنی دادگای نێودەڵەتیدا، هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دووەمین پانێڵی (کورد و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی) سازکرد.
ئەمرۆ شەممە لە هۆڵی ئەستەنبول لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەیادی ٢٤ ساڵەی پەیماننامەی ڕۆما و ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هەستا بە ڕێکخستنی پانێڵێک لەژێر دروشمی (کورد و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی)،
پانێڵەکە لە سێ تەوەر پێکاتبوون کە تیدا هەر یەک لە (دادوەر رزگار محەمەد ئەمین)، (دکتۆر هونەر ئەمین) خاوەن دکتۆرا لە یاسا و هەروەها (دکتۆر ئەیاد داودی) کە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا، پانێلەکەیان پێشەکەش کرد.
وتاری کردنەوەی پانێڵەکە لەلایەن هێمن حەسیب چالاکوانی بواری جینوساید و ڕێکخەری پانێڵەکە پێشکەشکرا و ناوبراو وتی: "بۆ دووەم ساڵ هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم پانێڵە لەساڵرۆژی دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی رۆما، بەئامانجی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی تاوانی نێیودەوڵەتی و جینۆساید، پەیماننامەی رۆما هاتە کایەوە ، تا ئیستا ١٣٩ ولات ئەندامی ئەم دادگایەن، بەڵام بەداخەوە عێراق تا ئیستا ئامادە نیە بچێتە چوارچێوەی ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییە، لەکاتێكدا کە لەنیوەی سەدەی ڕابردوو زۆرترین تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی لە عێراق ڕوویداوە، ماوەی ١٧ ساڵە ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە عێراق بکەینە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی".
پاشان خەلیل ڕەحیم بەرێوبەری بەڕێوبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کەرکوک، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وتی: "ئەندامنەبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر داهاتووی پێکهاتەکانی عێراق، کە مێژوو سەلماندوویەتی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چۆن تاوانییان لە دژی گەلانی عێراق ئەنجامداوە کە لەوانەش( ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، زیندەبەچالکردن، کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کورد وە بێ سەروشوێن کردنی گەنجانی کورد لەبەر کوردبوونیان)، هەروەها رژێمەکانی عێراق دژی نەتەوەکانی دیکەش تاوانیان ئەنجامدوە بۆ نموونە لەسیذارەدان و زیندبەچال کردنی شیعەکانی عێراق بەهۆی جیاوازی مەزهەبی و خاپورکردن و زەوتکردنی زەوی و موڵکی کورد و تورکمان لەشاری کەرکوک لەسەر بنەمای نەتەوە، هەروەها چەندین تاوانی دیکە ئەنجامدراوە لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق".
پانێلەکە سێ بابەتی جیاوازی لەخۆ گرتبوو کە برتیبوون لە بابەتی( مێژووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆسایدی کورد و ئەندامبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی لەنێوان داواکارییە دەستورییەکان و پێداویستیە راستەقینەکاندا).
دووجەمسەری ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بەربەستبوون لەبەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
پاشان، یەکەم بابەتیش سەبارەت (مێژووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی)بوو کە لەلایەن دادوەر رزگار محەمەد ئەمینەوە پێشکەش کرا، کە باسی لەسەرەتای مێژووی تاوانی نێودەوڵەتی کرد و پاشان باسی لە هەوڵەکان بۆ دانانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد و وتی: "مێژووی تاوان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بوونی مرۆڤایەتی، بیری دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بەتاوانی نێودەوڵەتی لەدوای شەری دووەمی جیهانەوە هاتۆتە ناو رۆشنبیری یاساییەوە، دووجەمسەری ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بەربەست بونو لەبەردەم پێکهێنانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت مانەوەی تەنها یەک جەمسەری هێز، توانرا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دابمەزرێت "
ئەم تاوانانە تاوانی نێودەوڵەتین
هەروەها، بابەتێکی دیکەی گرنگی پانێلەکە بە ناونیشانی (دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆسایدی کورد) کە لەلایەن دکتۆر هونەر ئەمین، پێشکەش کراو و تیدا باسی لە جۆرەکانی تاوانی نێودەوڵەتی کرد و وتی : " ئەو تاوانانەی وەکو تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن بریتین لە تاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ پاشان تاوانی دوژمنکارییە، هەریەک لەم تاوانانە پێناسەی تایبەتی خۆی بۆ کراوە بەپێی یاسای دادگای نێودەوڵەتی ".
زۆربەی تاوانەکانی نێودەوڵەتی بە پشتیوانی وڵاتان ڕوودەدەن
هەروەها دکتۆر هونەر ئەمین سەبارەت بە چۆنیەتی سوود وەرگرتنی کورد لە دادگای تاوانای نێودەوڵەتی وتی: " دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتی لەسەرەتای بوونیەوە بۆ کورد هیچ سوودێکی ئەوتۆی نەبووە ، چونکە ئەو دادگایە ناتوانێت ببێتە شوێنێکی دادپەوەرانە تا کورد بتوانێت ڕاستەوخۆ کەیسەکانی بگەیێنێتە دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتی، ئەمەش جێگای ڕەخنەیە کە بنەماکانی ئەم دادگایە پێویستی بە گۆڕانکاری و پێداچوونەوە هەیە، چونکە ناکرێت تەنها دەوڵەتانی خاوەن سەروەری بتوانن کەیسەکانیان بگەیننە ئەو دادگایە، چونکە زۆربەی ئەو توانانەی کە ڕوودەدەن زۆر دەگمەنە کە لایەنێکی ئەنجامی نەدابێت کە دەوڵەتێکی لەپشت بێت، نەبوونی سەربەخۆیی کورد بۆتە بەربەست لە گەیشتن بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی".
پێویستە فشار بکرێت بۆ ئەندامبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی
لە کۆتایی پانێڵەکەشدا بابەتێک بەناونیشانی (ئەندامبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی لەنێوان داواکارییە دەستورییەکان و پێداویستیە راستەقینەکان ) کە لەلایەن دکتۆر ئەیاد داودی پێشکەش کرا و ناوبراو وتی: "ئەو کوردانەی کە تاوانیان بەرامبەر کراوە لەسەردەمی رژێمی پێشووی عێراق تەنها لەسەر کاغەز ئەرکەکانی عێراق بەرامبەر قوربانیانی تاوانەکان جێبەجێ کردووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان فشار لەسەر حکومەتی عێراق دروست بکەن تا دەوڵەتی عێڕاق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەرکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە ڕێکارەکانی جێبەجێ کردنی ئەندام بوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی پەسەند بکات".
تەنها ئەو لایەنانە دەتوانن کەیس بجولێنن بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
هەروەها سەبارەت بەو لایەنانەی کە دەتوانن تاوانەکان بگەیننە دادگای نێودەوڵەتی، دکتۆر ئەیاد داودی ، ڕایگەیاند: " بۆ تۆمارکردنی هەر تاوانێک لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، تەنها چوار لایەن دەتوانن کەیس بجولێنن بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەو لایەنانەش بریتین لە (داواکاری گشتی، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەوڵەتێک کە ئەندام بێت لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتێک ئەندام نەبێت بەڵام تەواوی مەرجەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات".
ف.ق