'پەدەکە لەڕێی گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسان دەیەوێت دەنگی ئازاد بسڕێتەوە'

ڕۆژنامەنوسان لە بەرامبەر ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و وتیان:"پەدەکە لە دەنگی ئازاد دەترسێت و چارەسەری بۆ کێشەکان پێنییە، بۆیە لەم ڕێگە نایاساییانەوە دەیەوێت دەنگی ئازادی گەل و ڕۆژنامەنوسان بسڕێتەوە".

لە دوای ئەوەی پەدەکە لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخاپوور سلێمان ئەحمەدی هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوزی بە بێ هیچ هۆکارێک ڕفاند و تا ئێستاش کە زیاتر لە ٨٠  ڕۆژ بەسەر ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنیدا تێپەڕیوە، هیچ هەواڵێکی نییە و ڕێگە بە پارێزەرانی نادرێت چاویان پێی بکەوێت، ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و ئیدانەی ئەو هەوڵانەی پەدەکەیان کرد.

هاوڕێ کاروان پێشکەشکار و پەیامنێر، سەبارەت بە کەیسی گرتن و بێسەر و شوێنکردنی سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەلایەن پەدەکەوە هەڵوێستی خۆی  بە ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دەربڕی و وتی:" ماوەی زیاتر لە ٨٠ رۆژە ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە، کە ئەمە لەدەرەوەی یاسا ڕۆژنامەوانییەکانە و پێشێلکردنی مافی تاکە کەسی و ئازادی ڕۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بە داخەوە ئێمە دەزانین پەدەکە هەر لە سەرەتای بنیاتنانی خۆیەوە باوەڕی بە ئازادی و دیموکراسی و مافی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا نەبووە، ئێمە وەک هاوکار و هاوپیشەی سلێمان ئەحمەد چۆن لە سەرەتاوە ئیدانەی ئەو کردەوەیەمان کردووە و لە ڕاگەیاندنەکانەوە کارمان لەسەر کردووە بۆ ئەوەی کەیسی ڕفاندنە نایاساییەکەی بگاتە دەرئەنجامێک کە تا ئێستا شوێنی نادیارە و بێگومان بەردەوام دەبین لە کارکردنمان لەسەر ئەم کەیسە."

هەوەها ئاماژەی  بەوەشدا کە خاڵی گرنگ لەم بابەتەدا هەن وەک ئەوەی کە لە کۆتاجاردا 'یونامی' ڕایگەیاندووە  سەردانی سلێمان ئەحمەد دەکەن و دۆسیەکەی یەکلایی دەکەنەوە و وتیشی:" ئەمە دەرخەری ئەو دۆخەیە کە ڕاگەیاندنی ئازاد لە کوردستاندا لەبەردەم مەترسیدایە، بەتایبەت لەبەردەم هیزێکی وەک پەدەکەدا کە بەشێوازێکی زۆر نامرۆڤانە هیرش دەکاتە سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و پێشێلی دەکات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دیکتاتۆریەت و تاکڕەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتۆتە چ ئاستێک کە بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەگەری دەکات، دەتوانین بڵێین ئەمە خاڵێکی پۆزەتیڤیشە و جێی خۆشحاڵیە کە هەتا ئازادیەکان بەرتەسکبێتە و فشارەکان زیادبن لەسەر ڕاگەیاندنی ئازاد و گەلی ئازادیخواز، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتە نزیک و نزیکتر بۆتەوە لە کۆتایی و گەیشۆتە کۆتایی کە چارەسەری بۆ هیچ یەک لەو کێشە و قەیرانانە پێنییە کە لە کۆمەڵگەدا هەن."

ئەو پێیواوو ناوەڕۆکی کەیسی سلێمان ئەحمەد و کەیسی زیندانیانی بادینان هەمان ناوەڕۆکە و سیستمێک ئەم کەیسانە بەڕێوەدەبات کە دژی گەلی کورد و ئازادیخوازانە و وتیشی:"دیارە ڕێکخەری ئەم سیستمە ئاکەپە و مەهەپەیە لە تورکیاوە کە گەلی ئازاد و ڕۆژنامەنوس ڕووبەڕووی ئەوجۆرە ئازار و فشارانە دەکەنەوە و کەیسەکانیش وەک کەیسی زیندانیانی بادینان سەرجەمیان بێبنەمان ودوورن لە ڕاستییەوە، تەنها ئەوەیە بە بۆنەی هەبوونی دەسەڵاتەوە بەسەر دادگاکانەوە کە جێبەجێکاری فەرمانی حیزبن و پەدەکە بەکاریاندەهێنێت، پەدەکەش جێبەجێکاری سیاسەتی ئەکەپە و مەهەە و ئەردۆغانە لە باشووری کوردستان، ئەوەی کە ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس بە فکر و فەلسەفەی ڕاگەیاندنی ئازادەوە کارمان لەسەرکردووە هەر ڕای ئازادییە و بەردەوامبوونمان دەرخەری ئەوەیە کە لەسەر ئەو هێڵە بەردەوامین، ئەو فشارانەی ئەوان ئەیکەن ناتوانن ئێمە ڕابگرن، ئێمە دەزانین ڕووبەڕووی گرتن و تیرۆر دەبینەوە و دەیان مەترسی ترمان لەسەرە، بەڵام دەبێ دەسەڵات لەوە تێبگا هیچ کام لەم فشارانە ئێمە ناوەستێنێت و تابێت زیاتر بڵێسە ئەسێنین، سلێمان ئەحمەدێک زیندانی ئەکات و دەیان و سەدان سلێمان ئەحمەدی تر دروست دەبێت."

شایی ئارام ڕۆژنامەنوس لەبارەی کەیسی سلێمان ئەحمەدەوە بۆ ئاژانسمان دوا و وتی:"هۆکاری ئەوەی کە پەدەکە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات چ  گرتنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد یان گرتن و سزادانی چلاکوانان و زیندانیانی بادینان بێت، یاخود کوشتنی مامۆستا جیهان تەها بێت، یاخود گرتنی کاسبکاران بێت وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەولێر بینیمان، دەیانەوێت دەنگی ئازاد و ئەو کەسانە نەمێنێت کە دەیانەوێ ناشرینییەکانی دەسەڵاتی ئەوان بخەنە ڕوو، بەڵام ئەم کارانەی کە دەیکەن هەموو گەل و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان زیاتر سوور دەکات لەسەر ئەوەی کە دژ بەو دەسەڵاتەی ئەوان بەردەوامبن لە کار و خەباتی خۆیان بۆ ئەوەی بە دەسەڵات بڵێن ئەوەی ئێوە دەیکەن هەڵەیە و دژ بە گەلی خۆتانە و پێیان بڵێن ڕێگەیەکی نەتەوەیی بگرنە بەر کە هەم میللەتەکەی خۆتان و هەم مێژووش شایەتیدان بۆ بدەن، ئەوەی کە گەل دەیکات زیاتر نییە لە پیشاندانی ناشرینییەکانی ئەوان و هەوڵدان بۆگەیشتن بە ئامانجەکانی کورد و ڕزگار بوون لە ژێردەستەیی و داگیرکاری."

هەرووەها سەبارەت بە زیهنیەتی بەڕێوردنی پشت پەدەکەوە کە سیاسەتی بێدەنگردنی گەل و دەنگی ئازادە وتی:" بۆ ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس ئەوە هیچ بەهایەکی نییە و ئێمە زیاتر لە دژایەتیکردنمان لەبەرامبەر دەسەڵاتداری و داگیرکاری ئەوان بەردەوام دەبین، بۆ منیش وەک ژنە ڕۆژنامەنوسێک وام لێدەکات زیاتر بەردەوامبم لە خەبات و چالاکییەکانی خۆم بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی ئەو زیهنییەتە." 

شاهۆ عەبدوڵا- میدیاکار ئاماژەی بەوەدا کە وەک میدیاکاران لە سەرەتا ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدەوە هەڵوێستی خۆیان هەبووە و ئیدانەی ئەو هەوڵانەیان کردووە بەرامبەر بە ڕژنامەنووسان کە لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە و وتی: "وێڕای هەبوونی قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، یەکێک لەو پایانەی کە لەهەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و پێشتر خودی حوکمەتی هەرێمی کوردستانیش شانازی پێوە دەکرد ئازادی ڕۆژنامەگەرییە و دەیانوت ئێرە هەرێمێکی ئارامە بۆ کاری ڕۆژنامەنوسی و ڕاگەیاندن و پارێزراویەکی باشی هەیە بۆ هاوڵاتییان، بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی ساڵەکان و بەتایبەت لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حوکمەتی هەرێم کە مەسرور بارزانی بەڕێوەی دەبات، ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار ئاڕاستە کراوە، لەو چوارچێوەیەی کە ڕۆژنامەنوسان بە بێ ئەوەی بچنە بەردەم دادگا پێشتر کەیسیان بۆ دروستدەکرێ و تۆمەتیان دەدەنە پاڵ  لە پێش شاشەکان وەک تاوانبارێک دەیانناسێنن. ئەمە لە کاتێکدایە، هەموو ئەمانە بنچینەدا دروستکراوە. بەهەمانشێوە ئێستا بۆ ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەدیش ئەم مەترسییە هەیە وەک چۆن بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانی بادینان دروستیان کرد."

ئاماژەشی بەوەدا کە تا ئێستا دوای زیاتر لە ٨٠ ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنی سلێمان ئەحمەد هیچ هەواڵێکی لێنییە و ڕێگە بە بینینی نادرێت و وتیشی:"ئێمە دەنگمان لە پاڵ دەنگی هەمووانە بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و هەر ڕۆژنامەنووسێکی تریش کە لەم چوارچێوانەدا هەوڵی کپکردن و نەهێشتنی دەنگی ئازادی دەدرێت، هەروەها ئەوەی بەرامبەر بە ئەوان دەکرێ بەرامبەر بە هەموو ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنە لە هەرێمی کوردستان و مەترسی دەخاتە سەر زیاتر ناوزڕاندنی هەرێمی کوردستان لە ئاست جیهانی دەرەوە."

هـ . ب