په‌ده‌كه‌ ئه‌مجاره‌یان سه‌نگه‌ر بۆ سوپای تورك دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش دیمه‌نه‌كانی..

دیمه‌نێكی نوێ له‌ باره‌ی هاوكاری په‌ده‌كه‌ له‌گه‌ڵ داگیركه‌ران ئاشكراكرا، كه‌ تیایدا ده‌رده‌كه‌وێت، هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ بۆ پاراستنی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر سه‌نگه‌ر و رێگه‌ دورست ده‌كه‌ن.

هێزه‌كانی په‌ه‌كه‌ له‌ ٢٧ی ئابدا به‌ره‌و گۆرشه‌پانه‌كانی به‌رخودانی شاخی هه‌ككاری و شاخی ئامێدی مه‌تینا ده‌ستیان به‌ دروستكردنی رێگه‌ كردبوو. دیمه‌نه‌كانی دروستكردنی رێگه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كه‌مان (ANF) بڵاوكرابووه‌وه‌.

دواتریش فه‌رمانده‌یی بڕیارگه‌ی ناوه‌ندیی پاراستنی گه‌ل راگه‌یه‌نراوێكی له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاوكرده‌وه‌ و هۆشداری دابووه‌ په‌ده‌كه‌. له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتبوو، "شه‌ڕی ستراتیژیك، نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیكی ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وێت. ده‌ست له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌م شه‌ڕ هه‌ڵبگرن".

سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تی زۆری رای گشتیش، په‌ده‌كه‌ گوێی بۆ ئه‌و هۆشداریی و بانگه‌وازه‌ نه‌دا. دیمه‌نێكی نوێ به‌ ده‌ست خراوه‌ كه‌ تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌ده‌كه‌ هێشتا سه‌نگه‌ر و رێگه‌ بۆ سوپای تورك دروست ده‌كات.

له‌ نزیك گۆڕه‌پانه‌كانی به‌رخودان سه‌نگه‌ر لێده‌درێن

ئه‌و دیمه‌نه‌ی له‌ ١٢ی ئه‌یلول تۆمار كراوه‌ شاری ئامێدی و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری نیشان ده‌دات. كه‌سێك كه‌ له‌سه‌ر دیمه‌نه‌كه‌ قسه‌ ده‌كات گۆڕه‌پانه‌كانی گه‌ریلا پیشان ده‌دات و باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ شاخه‌كانی سه‌رووی ئامێدی گۆڕه‌پانی به‌رخودانی گه‌ریلان.

ده‌وترێت، ئه‌و شاخانه‌ی له‌ دیمه‌نه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌ون شاخی چاره‌چه‌ل و شاخی هه‌ككارین، خواروی ئه‌وانیش پاركی ئامێدییه‌.

هه‌مان سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێت، "زنجیره‌ چیاكانی ده‌بینرێن هه‌مووی شاخی هه‌كارییه‌. له‌ ژێر شاخی هه‌ككاری شاخی سێدار ده‌بینرێت. شوێنه‌كه‌ تا پاركی ئامێدی گۆڕه‌پانی كۆماندۆیه‌. شاخی شه‌هید پیردۆغان، شاخی ئامێدی و سێدار هه‌مووی كه‌وتووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی به‌رخودانی ئامێدی. ئه‌و شوێنه‌ به‌ ته‌واوه‌تی گۆڕه‌پانی به‌رخودانی گه‌ریلایه‌".

له‌پێناو پاراستنی ده‌وڵه‌تی تورك..

له‌ دیمه‌نه‌كاندا ده‌بینرێت كه‌ په‌ده‌كه‌ و ده‌وڵه‌تی تورك رێگه‌ دروست ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌ پشت ئه‌و شاخه‌ی كه‌ نیشانی ده‌دات په‌ده‌كه‌ له‌ ٢٧ی ئابه‌وه‌ بۆ سه‌ربازانی تورك ده‌ستی به‌ دروستكردنی رێگه‌ كردووه‌ و هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ كاركردن له‌و رێگه‌یه‌. سه‌رچاوه‌كه‌ به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بوو:

" ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت راستییه‌كی دیكه‌تان پێ نیشان بده‌ین. وه‌ك ده‌بینرێت په‌ده‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌وڵه‌تی تورك و سه‌ربازه‌كانی بپارێزێت، ئه‌و رێگه‌یه‌ی بردووه‌ تا ناو گۆڕه‌پانه‌كانی به‌رخودانی گه‌ریلا. خۆی له‌ خۆیدا ده‌بینرێت كه‌ ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ هه‌مووی گۆڕه‌پانی به‌رخودانی گه‌ریلایه‌. گه‌ریلا له‌و شاخانه‌، له‌و گۆڕه‌پانه‌ خۆڕاگری ده‌كات. به‌ڵام هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ جارێكی تر ده‌ستیان به‌ هاوكاری ده‌وڵه‌تی تورك كردووه‌. بۆ پاراستنی سه‌ربازانی تورك، په‌ده‌كه‌ رێگه‌ و سه‌نگه‌ر دروست ده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌ هاوكاری سه‌ربازانی تورك ده‌كات. هه‌موو رۆژێك ئێمه‌ به‌ چاوی خۆمان ده‌یبینین، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ دیمه‌ن نیشانی ئێوه‌ی بده‌ین. ئه‌و رێگه‌ و سه‌نگه‌رانه‌ی دروست ده‌كرێت هه‌مووی بۆ پاراستنی سه‌ربازانی توركه‌. له‌و شوێنانه‌ی ده‌بینرێن، سه‌ربازانی تورك جێگیربوون. سه‌ربازانی تورك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ سه‌نگه‌ر دروست ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوپای تورك له‌ به‌رامبه‌ر شه‌ڕ و به‌رخودانی گه‌ریلا تووشی چه‌قین و بنبه‌ست بووه‌، له‌ شاخی سێدار، شاخی ئامێدی، شاخی شه‌هید پیردۆغان، شاخی هه‌ككاری و گۆڕه‌پانی كۆماندۆ، گه‌ریلا زیاتر له‌ چوار مانگه‌ له‌ دژی داگیركاری ده‌وڵه‌تی تورك خۆڕاگری ده‌كات. له‌وێ شه‌ڕێكی دژوار رووده‌دات، گه‌ریلا به‌رخودان ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربازانی تورك له‌و بنبه‌سته‌ رزگار بكه‌ن، هاوكاری ده‌كات و خیانه‌ت ده‌كات.

هاوكاری  به‌ ئاشكرایی و به‌ به‌رچاوه‌وه‌

ئه‌وه‌ ده‌خرێته‌ روو كه‌ ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ی دروست ده‌كرێت، ئه‌و خێمانه‌ی هه‌ڵده‌درێت بۆ سه‌ربازانی توركن كه‌ ده‌یانه‌وێت باره‌گا دروست بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "سه‌ربازانی تورك هه‌موو رۆژێك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ لێره‌ كارده‌كه‌ن" و به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بوو:

"هه‌روه‌ها ده‌بینین كه‌ هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ ئاو و خۆراك و كه‌لوپه‌ل بۆ ده‌وڵه‌تی تورك ده‌به‌ن. راستی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌كرێت و هاوكاری هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك روون و له‌به‌رچاوه‌. ده‌وڵه‌تی تورك و هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ له‌ناو یه‌كدان. پێكه‌وه‌ له‌ دژی گه‌ریلاكان سه‌نگه‌ر دروست ده‌كه‌ن، شه‌ڕ ده‌كه‌ن. ده‌وڵه‌تی توركیش ده‌یه‌وێت ئه‌و دۆخه‌ چه‌قین و بنبه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی په‌ده‌كه‌ بشارێته‌وه‌ و نه‌یهێڵێت. بۆ داگیركردنی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی په‌ده‌كه‌ ئه‌و رێگه‌ و سه‌نگه‌رانه‌ لێده‌درێن. هه‌روه‌ها سه‌ربازه‌كان له‌و سه‌نگه‌رانه‌دا جێگیر ده‌بن و كارده‌كه‌ن. جل و به‌رگی مه‌ده‌نی ده‌كرێته‌ به‌ر سه‌ربازه‌كان، جل و به‌رگری كرێكاریان له‌به‌رده‌كه‌ن و له‌و سه‌نگه‌رانه‌دا كاریان پێده‌كه‌ن".

هـ . ب