پەرلەمانتارانی بەدلیس سەردانی خیزانیان کرد

پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە بەدلیس، سەردانی شارۆچکەی خیزانیان کرد کە وەک "هەرێمی ئەمنی تایبەت" دەستنیشانکراوە، پەرلەمانتار حوسێن ئۆلان ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژانە هەرێمەکە تۆپباران دەکرێت بە ئامانجی چۆڵکردنی گوندەکان.

لە چوارچێوەی هێرشەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە ٢ ی تەمموزەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە گوندەکانی شارۆچکەی خیزان لە بەدلیس ڕاگەیاندرا، وەک گوندەکانی حوزه‌ران، ئاكونس، گۆڤان، لانیلان، خوله‌پور، كه‌كولان، سووره‌ح، په‌رتاوان، كوڕان و مه‌زرا پسیان. پاشان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمەکە دەستیپێکرد، پاش هەفتەیەک لە کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، هەرێمەکە وەک "هەرێمی ئەمنی تایبەت" ڕاگەیاندرا.

هەروەها تۆپبارانی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکە بەردەوامە. پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە بەدلیس، حوسێن ئۆلان و سەما چاگلار گۆکاڵپ چوونە هەرێمەکە. حوسێن ئۆلان ئاماژەی کرد بە تێکدانیس سرووشتی هەرێمەکە و گوتی: "دە ڕۆژە لە هەموو لایەکەوە تۆپباران دەکرێت، قڕکردنی سرووشتی گەورە ئەنجام دەدرێت، ئامانج چۆڵکردنی گوندەکانە، هیچ ئاسایشێک لە گوندەکان نەماوە، شەو و ڕۆژ تۆپباران بەردەوامە، ئەمە ڕەوشێکی زەحمەتە".