"پێویستە دەمودەست سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت"

کۆمیتەی نێونەتەوەیی بەگژاچوونەوەی بێسەروشوێنکردن (ICAD) داوا دەکات دەمودەست ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت کە لەلایەن پەدەکەوە دەستبەسەرکراوە و ٢ مانگە زانیاری لەبارەیەوە نازانرێت.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات لە ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ـەوە سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە ڕفێنراوە. پاش ٦ ڕۆژ لە ڕفاندنی، بەرپرسانی ئاسایشی گشتی دهۆکی سەر بە پەدەکە ڕایانگەیاند ئیدیتۆرەکەی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەوان نییە، هەروەها هەڕەشەی سزادانیان کرد. بەمەش پەدەکە پشتڕاستی کردۆتەوە سلێمان ئەحمەد لەلایەن ئەوانەوە ڕفێنراوە و ناهێڵن کەس سەردانی بکات و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نادەن.

٢ مانگ و نیوە زانیاری لەبارەی سلێمان ئەحمەدەوە نییە، ئەمەش تاوانێکی ئاشکرایە. ڕێکخراوەکە داوا لە بەرپرسانی پەدەکە دەکات بە زووترین کات واز لەم هەڵوێستە بهێنن و دەمودەست زانیاری بە پارێزەر و بنەماڵەی سلێمان ئەحمەد بدەن و ئازادی بکەن. 

ڕێکخراوەکە سەلامەتی ژیانی سلێمان ئەحمەد دەخاتە ئەستۆی ئاسایشی گشتی دهۆک و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوەکە ئەم جۆرە ڕەفتارە وەک ڕەفتاری ڕژێمە فاشیست و نەژادپەرست و تۆتالیتارەکان دەناسێنێت، دووپاتی دەکاتەوە، ئەم ڕەفتارانە لەبیر ناکرێن و بەرپرسانی تاوانەکان زوو یان درەنگ لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت.