بە دیمەن

پیاوانی ئایینی شەنگال: سوپای عێراق بەرپرسیارە لە هەر ڕووداوێک کە لە شەنگال ڕووبدات

دەستەی پیاوانی ئایینی شەنگال ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر دەستگیرکردنی شەڕڤانانی یەبەشە لەلایەن سوپای عێراقەوە، دووپاتیان کردەوە، سوپای عێراق بەرپرسیارە لە هەر ڕووداوێک کە لە شەنگال ڕووبدات.

ڕۆژی ١٨ی شوبات، سوپای عێراق لە ناوەڕاستی شاری شەنگال بۆسەیەکیان دانا و تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی یەبەشە کرد. لە ئەنجامدا ٣ شەڕڤانی یەبەشە بریندار بوون. جگە لە بریندارەکان ٥ شەڕڤانیش بە دیل گیراون. لەو ڕۆژەوە سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتی و بانگەوازی خەڵکی شەنگال، شەڕڤانانی یەبەشە ئازاد نەکراون.

ئەمڕۆ دەستەی پیاوانی ئایینی شەنگال دەربارەی سیاسەتی عێراق دژی هێزەکانی پاراستنی شەنگال و بەدیلگرتنی شەڕڤانان لەبەردەم قوبەی سەرێکانی لە چیای شەنگال کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست. لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە هەرچی ڕووبدات سوپای عێراق بەرپرسیارە.

سوپای عێراق ڕۆڵەکانمانی دەستبەسەر کردووە

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، پێنج ڕۆڵەی ئێزدی لەلایەن سوپای عێراقەوە بە دیل گیران و دەڵێن: "هەموو کەس دەزانێت لە کاتی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا بە هەموو هێز و ئیرادەیەکەوە بەرخۆدانیان کرد و بەرگرییان لە خاکەکەیان کرد، گرتنی ئەوان نادادپەروەرییە بەرامبەر هەموومان".

کودەتایەکە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی

هەروەها جەختکراوەتەوە بەدیلگرتنی شەڕڤانەکان کودەتایەکە دژی ئیرادەی ئێزدییەکان، دەڵێت: " هێشتاش فەرمان لەسەر ئێمە بەردەوامە. ئێمە گومانمان هەیە و دەستگیرکردنیان لە بەرژەوەندی کەسدا نییە. چونکە ڕۆڵەکانمان بەرگریان لە عێراق دەکرد. بەڵام دەوڵەت ناوی جیاوازیان لێ دەنێت، بە 'تیرۆر' ناویان دەبات. بەڵام ئەمڕۆ هەموو تیرۆریستان ئازادن و تەنانەت ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە شەڕی تیرۆریان کردووە".

دەستبەجێ ڕۆڵەکانمان ئازاد بکرێن

هەروەها هاتووە: " داوا لە عێراق دەکەین دەستبەجێ ٥ ڕۆڵەکەمان ئازاد بکات، بەبێ ئەوەی کێشەکە گەورەتر ببێت. ئەگەر ئازاد نەکرێن، سوپای عێراق بەرپرسیار دەبێت لە هەر ڕووداوێک کە ڕووبدات. چونکە زۆر لایەن دەیانەوێت بە لێدوانەکانیان ڕەوشی ئێستا قووڵتر و ئاڵۆزتر بکەن".

بەسە بێ‌ڕێزی بەرامبەر ئێزدییەکان

هەروەها بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات دەستوەران بکات، ئەگەر دەستوەردان نەکرێت ڕەوشی هەرێمەکە تەواو دەگۆڕێت و دیسانەوە دەبێتەوە مەیدانی شەڕ.

لەکۆتاییدا دەڵێت: "بەسە بێ‌ڕێزی بەرامبەر ئێزدییەکان، بەسە بەئامانجگرتنی ئێزدییەکان".