شەهید رێزان جاوید رۆژی شەشی ئاب لەلایەن فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركەوە لەگەڕەكی سەناعەی قامیشلۆ، كرایە ئامانج و لەئەنجامی هێرشەكەدا تیرۆر كرا.
وەزارەتی ناوخۆی خۆسەری رۆژئاوا و باكوری سوریا رۆژی یازدەی مانگ لەراگەیەندراوێكی فەرمیدا كە بۆ رای گشتی بڵاویكردەوە، رایگەیاند كە یوسف رەبانی، ناسراو بە رێزان جاوید، هاوسەرۆكی پێشووی كۆدار بەسەردان و وەكو مێوانێك هاتووەتە رۆژئاوای كوردستان و لەهێرشێكی نامرۆڤانەی دەوڵەتی داگیركەری توركدا لەقامیشلۆ تیرۆركرا.
تۆڕی مافی مرۆڤی سوریا لەراپۆرتە هەوالێكدا تیشكدەخاتە سەر هاوكاریەكانی رژێمی داگیركەری ئێران و دەوڵەتی توركی داگیركەر لەهێرشی تیرۆریستی رۆژی شەشی ئاب لەگەڕەكی سەناعەی قامیشلۆ.
تۆڕی مافی مرۆڤی سوریا، ئەوەشی ئاشكرا كردوە كە رێزان جاوید لەئەنجامی ئاڵۆگۆڕی هەواڵگری و ئیستخباراتی هەر دوو دەوڵەتی ئێران و توركیاوە تیرۆر كراوە.
جێگای ئاماژەیە؛ رۆژێك دوای هێرشەكەی سەر قامیشلۆ و تیرۆر شەهید رێزان جاوید، وەزیری دەرەوەی رژێمی ئێران، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، پەیوەندی بەوەزیری دەرەوەی دەوڵەتی توركەوە، مەولوود شاوشۆغلووە دەكات، ئەمەش ئاستی هاوكاریەكانی دوولایەن لەدژی كوردان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان نیشان دەدات.
هـ. ب