رۆژنیوز: دەبێت بە زووترین کات سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت
ئاژانسی رۆژنیوز دەستگیرکردنی هەواڵسازی ئاژانسەکەیان سلێمان ئەحمەد شەرمەزار دەکات و تۆمەتی ئاسایشی پەدەکە رەتدەکاتەوە و داواش دەکات رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
ئاژانسی رۆژنیوز دەستگیرکردنی هەواڵسازی ئاژانسەکەیان سلێمان ئەحمەد شەرمەزار دەکات و تۆمەتی ئاسایشی پەدەکە رەتدەکاتەوە و داواش دەکات رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
دەستەی بەڕێوەبەری رۆژنیوز سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەواڵسازی ئاژانسەکەیان سلێمان ئەحمەد لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای ئازاد کردنی ئەو رۆژنامەنووسەی کردووە.
راگەیەندراوەکەی رۆژنیوز کە ئاراستەی ڕای گشتی، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) و سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و مافی مرۆڤ و سەرجەم نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کراوە بەم جۆرەیە:
"ماوەی یەک هەفتەیە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە، شەوی ڕابردووش ئاسایشی دهۆک دانیان بەوەدا نا کە ئەوان ڕفاندوویانە، سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسەکەمان کاردەکات، لە ١ـی تشرینی یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکیان و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕفێندراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن، لەو کاتەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێمە و خێزانەکەیدا پچڕاوە، سلێمانی ئەحمەد ڕۆژنامەنووسێکی کارا بووە و لەو پێنج ساڵەدا بەبێ دابڕان کاری کردووە هاوکات ئەندانی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد-یەرەئایە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
پاش هەفتەیەک لە بێسەروشوێنبوونی، شەوی ڕابردوو ئاسایشی پارتی لە دهۆک لە ڕاگەیاندراوێکی چەواشەکارانە و ناڕاستدا، باسیان لەوە کرد گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد "پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە" و بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان کرد و دانیان پێدا نا کە ڕفاندوویانە.
ئێمە وەک ئاژانسی (ڕۆژنیوز) سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی ئاسایشی پارتی لە دهۆک، ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین، بە هەوڵێکی ترسنۆکانەی دەبینین لەبەرامبەر دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پارتی دەیەوێت ئەم کەیسەش هاوشێوەی کەیسی زیندانییانی تری بادینان بە لاڕێدا ببات و لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕەوا سزای قورسی زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد-دا بسەپێنن.
ئێمە، وێڕای ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوەیە داواکارین بەزووترین کات چارەنووسی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی ئاسایشی پارتی دایە".