شاندی دەم پارتی و دەبەپە لەگەڵ ڕەوتی هەڵوێست کۆبوونەوە

شاندی دەم پارتی و دەبەپە لە شاری سلێمانی سەردانی ڕەوتی هەڵوێستی کرد و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

شاندی دەم پارتی و دەبەپە لە چوارچێوەی سەردانەکانی لە باشووری کوردستان، ئەمڕۆ چوونە سەردانی ئۆفیسی سەرەکی ڕەوتی هەڵوێست لە شاری سلێمانی.

شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین ساڵیحە ئایدەنیز و ئەندامی تەژەئا عەدالەت فیدان. هەروەها نوێنەرانی دەم پارتی لە سلێمانی موسلم کاپلان و فەوزیە شیران لە شاندەکەدا بوون.

شاندەکە لەلایەن ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ڕەوتی هەڵوێست د. ڕێبوار کەریم و د. غالب محەمەد پێشوازییان لێ کرا.

پاشان کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش ئەنجامدرا، ڕێبوار کەریم گوتی: " ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین و زۆر پێی گەورەبووین کە هاتنە سەردانمان و ئێمە وەک ڕەوتی هەڵوێست بە خۆشحاڵییەوە جەختمان لەوە کردەوە، کە پڕۆسەی ئاشتیی زۆر گرنگە و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەکەین، چی لە پەرلەمانی هەرێم و چی لە ناو هەرێم و عێراقدا ئامادەین بۆ تێکۆشان لەپێناو ئەم پڕۆسەیە. لە پاش پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالانەوە کاتی ئەوەیە تورکیا یاسا و دەستوورەکانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو پڕۆسەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی، تا هەموو گەلانی تورکیا بتوانین لەناو سیستمێکی دیموکراسییدا بژین، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت ئاشتیی بە زیندان ناسەپێت بەڵکوو لە ئازادییدا بەدی دێت، بۆیە داواکارین سەرجەم زیندانییانی سیاسیی کورد لە تورکیا ئازاد بکرێن".

هەروەها ساڵیحە ئایدەنیز گوتی: "سوپاسی پێشوازیکردن و هەڵوێست و پشتیوانی ڕەوتی هەڵوێست دەکەین، وەک دەزانن ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خستووەتە ئەستۆی خۆی و پڕۆسەیەکی نوێی دەست پێ کردووە، بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە و بەدیهاتنی ئاشتیی و دیموکراسیی و مسۆگەرکردنی، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان، وەک کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان."