شێخ مورشید خەزنەوی: پێویستە دەسکەوتەکانمان بپارێزین

شێخ مورشید خەزنەوی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان، بانگەوازی یەکێتی کرد و گوتی: "پێویستە دەسکەوتەکانمان بپارێزین، ئەمجارە سەرکەوتن بۆ ئێمەیە".

شێخ مورشید خەزنەوی لە شاری دێرکی کانتۆنی جەزیرە دەربارەی پێشهاتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خوتبەی دا.

نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان و ڕۆشنبیران و گەل بەشداربوون لە خوتبەکە لە گۆڕەپانی بەردەم ناوەندی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی شەهید باوەڕ.

شێخ مورشید سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دڵسۆزییان بۆ پرۆژەی دیموکراتیک کرد، گوتی: "ئەمڕۆش سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و دەستبەسەرکردن و پاکتاوکردنی زمان و کەلتووری کوردی، ئەنجامی نابێت. چونکە گەل ڕاپەڕیوە، بەرخۆدان دەکات و بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان".

خەزنەوی گوتی: "مێژوو سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە، پێویستە گەلی کورد مێژووی خۆی بنووسێت. پێویستە هەڵەکانی پێشووی باوباپیرانمان دووبارە نەکەینەوە. وانە لە مێژوو وەربگرین و بە یەکێتی خۆمان هەڕەشەکانی سەرمان بسڕینەوە".

خەزنەوی ئاماژەی بەوە کرد دوو هێڵی سووریان هەیە، گوتی: "نابێت کەس نزیکی ئەم هێڵە سوورانە ببێتەوە، یەکێکیان قەسەدەیە، ئەوی دیکەش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. پێویستە دەسکەوتەکانمان بپارێزین، ناکۆکییەکانمان بخەینەلاوە و ڕێگە لە دوژمن بگرین".

شێخ مورشید لەکۆتاییدا گوتی: "کەس ناتوانێت هەبوونی گەلی کورد بسڕێتەوە. ئەم جارە سەرکەوتن بۆ ئێمەیە".