شێرزاد سەمەد: تەواوی گەلانی تورکیا خوازیاری گۆڕانکاری دەسەڵاتن
شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزا لە بواری هەڵبژاردن دەلێت: "بەداخەوە کەناڵەکانی پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکان زیاتر لە کەناڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە بانگەشەیان بۆ ئەردۆگان دەکرد".
شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزا لە بواری هەڵبژاردن دەلێت: "بەداخەوە کەناڵەکانی پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکان زیاتر لە کەناڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە بانگەشەیان بۆ ئەردۆگان دەکرد".
شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزای بواری هەڵبژاردن دەربارەی چەند پرسێکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکوری کوردستان لەنێوانیشاندا دۆخی تورکیا لە سایەی دەسەڵاتی تاکڕەوەی ئەردۆگان وە خواستی گەلانی تورکیا بۆ گۆڕانکاری دەسەڵات لەپێناو هەنگاونان بەرەو و دیموکراتی و ڕزگاربوون لەو قەیرانەی ئیستای تورکیا، وە هەروەها پەیوەندی پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکانی باشوری کوردستان لەگەڵ ئەردۆگان، و چەند پرسێکی دیکە، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
سیاسەتی ئەردۆگان تورکیای بەرەو دیکتاتۆریەت بردووە
شێرزاد سەمەد سەبارەت بە قەبووڵ نەکردنی سیاسەتی دیکتاتۆری ئاکەپە لەنێوخۆی تورکیادا، ڕایگەیاند: "ئەوە سیاسەتەی کە ئەردۆگان لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو لە تورکیا پەیڕەوەی کردووە، تورکیا بەرەو سیستەمێکی دکتاتۆریەت بردووە، هەروەها باری ئابوری ئەو ووڵاتە لەسەر دەستی ئەردۆگان تورکیای توشی سکستی ئابوری کردووە ئەمە جگە لە سیاسەت و ڕێبازی ئاکەپە کە ئیسلامی سیاسییە کە بۆ نەوەی نوێ تورکیا جێگای قەبووڵکردن نیە، کە دەبینین لەئیستادا نیوەی گەلانی تورکیا دژی ئەردۆگان وەستاون لە هەڵبژاردن بەپی ئەو ئەنجامی کەماڵ کڵچدارئۆغلو بەدەستی هێنابوو، دەرچوو کە ئۆپەزسێۆنێکی بەهێز بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەردۆگان وەستاوەتەوە".
سەلمێنەری ئەوەیە کە تەواوی گەلانی تورکیا خوازیاری گۆڕانکارین
ئەو چاودێر و شارەزاری هەڵبژاردنە سەبارەت بە هەوڵەکانی گەلانی تورکیا بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئەردۆگان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، ووتی: "حزبی دەسەڵات بەردەوام رێژەیەکی زیاتر دەنگ بەدەست دەهێنێت بەراورد بە ڕەکابەرەکانی بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت، ئەو ڕێژە بەرزەی بەشداری دەنگدەران بەم شێوەیە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە ژمارەیەکی مێژووی تۆمارکرد بە بەشداری زیاتر لە ٩٠٪ی دەنگدەر بەشداربوون، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە تەواوی گەلانی تورکیا خوازیاری گۆڕانکارین و زۆربەی گەلانی تورکیا دژی ئەو رژێمە و سیستەمی دەسەڵاتییەن، پێشبینیش دەکرێت لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەش رێژەی بەشداری دانەبزێت و هەر بەبەرزی بمێنێتەوە".
تورکیا رۆڵێکی خراپی گێڕاوە لە دەستێوەردان لە کاروباری ووڵاتان
هەروەها ئەو چاودێرە سیاسیە تیشکی خستەسەر دەستێوەردانەکانی تورکیا لەکاروباری ناخۆی ووڵاتان و کاریگەری ئەو دەستێوەردانانە لەسەر تورکیا، ڕایگەیاند: "لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا تورکیا رۆڵێکی خراپی گێڕا لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ووڵاتانی وەکو(عێراق، سوریا، مسر، لیبیا، ووڵاتانی قوقاز و ململانیەی نێوان ڕوسیا و ئۆکڕانیا)، وە هەندێک جار خۆی وەکو سەر بە بلۆکی رۆژهەڵات نیشان داوە و هەندێکجاریش بەپێچەوەنە، جگە لە کێشەکانی نێو ناتۆ و نەچوونە ناو یەکێتی ئەوروپا، هەموو ئەم کێشانە کۆمەڵە هۆکارێکن دەردەخەن کە یەردۆگان کەسایەتیەکی پێویست نیە لە سیاسەتی ئیستای جیهانی، ناخۆی و بەڕیوەبردنی ئابوری ئەو ووڵاتە، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەوڵەکان زیاتر بکرێت بۆ دوورخستنەوەی ئەردۆگان لەدەسەڵات".
لە سیاسەتی ئەردۆگان و ئیسلامی سیاسی شوێنێک نیە بۆ مافی گەلان و نەتەوەکان
ناوبراو ئاماژەی بە چۆنیەتی بیرکردنەوەی عەقڵیەتی دەسەڵات و ئۆپەزسێۆنی تورکیای کرد بەرامبەر مافەکانی کورد و گەلانی تورکیا و ووتی: "خواستی سەرجەم گەلانی تورکیا بۆ گۆڕینی دەسەڵات وایکردووە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو ووڵاتەدا زۆربەی پارتە ئۆپەزسێۆنەکان پێکەوە کاربکەن، کوردەکان هەوڵدەدەن سوود لەم دۆخیە ئیستای تورکیا وەربگرن بۆ گۆڕانکاری ئەگەر کڵچدارئۆغلو کەمالستێکی ئەتاتورکی نەژادپەرست بێت بەڵام لەهەمان کاتدا کەسێکی چەپە، لەبەرامبەردا ئەردۆگان فاشستێکی ئیسلامی سیاسییە، هەمووانیش دەزانن لە سیاسەتی ئیسلامی سیاسی شوێنێک نیە بۆ مافی گەلان و مافی نەتەوەکان، بۆیە ئەگەر کڵچدارئۆغلو یەکجار نەیاری کورد بێت ئەوەی ئەردۆگان دووجار نەیاری کوردە، خوێندنەوەی هەدەپە بۆ دۆخەکە خوێندنەوەیەکی ژیرانە بووە بەڵام نابێت ئەوەش نەبینین کە دەستوری تورکیا تا ئیستا دەستورێکە لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی داڕێژڕاوە، هیوادارم کوردەکان بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتبێ بە هەمووارکردنەوەی دەستور بە قازانجی بەشێکی زۆری مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان".
ئەردۆگان سوودی لە عەقڵیەتی نەژادپەرستی تورکیا وەرگرتووە
شێڕزاد سەمەد ووتیشی: "ئەردۆگان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان سوودی لە عەقڵیەتی نەژادپەرستی تورکیا وەرگرت لەدژی کڵچدارئۆغلو کاتێک کە کڵچدار ئۆغلوی تۆمەتبارکرد بە پەیوەندی لەگەڵ کورد و پەکەکە و هەوڵی جوداخوازی و کۆمەڵە تۆمەتێکی دیکە، کە ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر عەقڵیەتی تورکە نەژادپەرستەکان، بۆیە پێویستە دەکات لە داهاتوودا ووتاری کڵچدارئۆغلو و هەدەپە و ئەو پارتانەی کە بەڕاستی ئۆپەزسێۆنی ئەردۆگانن بتوانن ووتاری خۆیان بگۆڕن و بەرچاو ڕوونیەکی تەواو بدەنە گەلانی تورکیا کە سەرنجیان لەسەر گۆڕینی دۆخی ئابوری تورکیا بێت، وە تیشک بخەنەسەر ئەو دۆخەی ئیستا هەیە کە سیستەمەکە بەرەو دکتاتۆریەت ئەڕوات و هەوڵدان بێت بۆ پاراستنی دیموکراتیەت لەو ووڵاتەدا، ئەمانە کۆمەڵێک پەیامبن ڕەنگە لەداهاتوودا بتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر بۆچوونی دەنگدەر لە قازانجی ئۆپەزسێۆن".
پەدەکە و حزبە ئیسلامیەکان بەرژەوەندی خۆیان بە گریدان بە ئەردۆگانەوە دەبینن
شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسی و شارەزا لەکاروباری هەڵبژاردن، باسی لە هۆکاری پاڵپشتی کردنی ئەردۆگانی کرد لەلایەن پەدەکە و بەشێک لە حزبە کوردییە بەناو ئیسلامەکانی باشوری کوردستان و ئاشکرای کرد : "ئەردۆگان و حزبەکەی سەر بەو سەربازگایەن کە پیدەوترێت ئیسلامی سیاسی یان ئیخوان چییەکان، کە لەچەند ساڵی ڕابردوو بەشێک لە حزبە ئیسلامیەکانی باشوری کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) بەرژەوەندی خۆیان بە گریدان بە ئەردۆگانەوە دەبینن".
کەناڵەکانی پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکان زیاتر لە کەناڵەکانی دەسەڵات بانگەشەیان بۆ ئەردۆگان دەکرد
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پاڵپشتییەکانی پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکانی باشور بۆ ئەردۆگان، ووتیشی: "پەدەکە لە سیاسەتی نەوتدا وە لە سیاسەتی دەستێوەردانەکان لە باشوری کوردستان و هاوکارییەکانی بۆ هێنانی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی باشوری کوردستان و نیشتەجێکردنی سوپای تورکیا لە ناوەچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کە بە (زۆنی زەرد) ناسراوە، ئەو پەیوەندییەکی نێوان تورکیا و پەدەکە هاوپەیمانیەتێکی تا ئاستێک دەتوانین بلین ستراتیجی و ئابورییە، وە بۆ حزبە ئیسلامییە سیاسیەکانیش پەیوەندییەکی ئایدلۆژیە، بەداخەوە ئەوەی بینیمان لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کەناڵەکانی پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکانی نزیک لە ئەردۆگان کەناڵەکانیان زیاتر لە کەناڵەکانی دەسەڵات بانگەشەیان بۆ ئەردۆگان دەکرد، هەم لەکاتی بانگەشەدا هەم لەکاتی یەکلاکردنەوەی دەنگەکان بانگەشەیان بۆ ئەردۆگان دەکرد".
هـ . ب